هونەرمەندێک هونەرو پیشە دەستییەکان تێکەڵ دەکات

جۆش و خرۆشی بۆ درێژەدان بەڕێبازە هونەریەکەی وایلێکرد بگەڕێتەوە شارەکەی بۆ ئەوەی ناوی خۆی وەک براندێکی نێودەوڵەتی دابمەزرێنێت و لەڕێگەی دروستکراوەکانیەوە هونەر لەگەڵ کاری دەستی تێکەڵ دەکات.

یوسرا ئەحمەد

 

ڕەقە - هەلومەرج بۆ ئێلهام شەرارە بەردەست نەبوو بۆ ئەوەی بەهرەکەی لە بواری هونەرەجوانەکاندا بە باشی پەرە پێبدات، بەڵام سۆز و ئیرادە بەهێزەکەی وایلێکرد بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی و درێژە بەڕێبازە هونەریەکەی بدات و هەنگاو بەرەو سەرکەوتن و ناوبانگ و جیاکاری لە هونەر و پیشە دەستییەکانبنێت، ئەمە وایلێکرد وۆرک شۆپێکی تایبەت بۆ بەرهەمهێنانی کاری دەستی بکاتەوە.

 

ئێلهام شەرارە، تەمەنی لە ٤٠ ساڵیدایەو ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی دیمەشق و ماڵی خۆشنووسی عەرەبییە، سەبارەت بە سەرەتای کاری هونەری خۆی وتی: لە خێزانێکی هونەرمەند گەورە بووم، سێ خوشکە گەورەکەم لە بواری هونەرە جوانەکاندا کاردەکەن و ئەمەش هاندەرێک بوو بۆ من بۆ چوونە ناو ئەم بوارە، هەمیشە هەوڵم دەدا لە نیگارکێشیدا لاسایی خوشکەکانم بکەمەوە، هەر بۆیە چوومە پەیمانگای هونەرە جوانەکان بۆ بەهێزکردنی بەهرەکەم لەم بوارەدا.

 

هەروەها باس لەو هەلومەرجە دەکات کە ساڵانێک لە هونەر دووری خستووەتەوە وتی: بەهۆی ئەو شەڕەی لە سووریا بە گشتی و لە شارەکەم بەتایبەتی ڕوویدا ناچار بووم گەشت بکەم بۆ دەرەوەی وڵات، بەهۆی ئەمەوە نەمتوانی درێژە بەڕێبازە هونەریەکەم بدەم و خەونی بوونم بە هونەرمەندێکی بەناوبانگی هونەر بەدیبهێنم، هەرچەندە لە بواری هونەردا کارم کردووە، بەڵام بە قەبارەیەکی زۆر سنووردار، دوای هاوسەرگیری و لەدایک بوونی منداڵەکانم و کە گەورە بوون، بڕیارمدا بگەڕێمەوە بۆ وڵاتەکەم و درێژە بە ڕێبازەکەم بدەم، نەمهێشت غەریبی خۆشەویستی  و خەونەکانم بدزێت، بە پێچەوانەوە ئەم دۆخە ئیرادەی منی بەهێزتر کرد.

 

سەبارەت بەو بابەتانەی کە لە کارە هونەریەکانیدا مامەڵەیان لەگەڵ دەکات، وتی: من گرنگیم بە پرسە کۆمەڵایەتییەکانی وەک سەختی، هەژاری، ئازار و مەینەتیەکان دەدم، بەتایبەتی ئەو ئازارانەی کە گەلی سووریا تووشی بووە و تا ئێستاش بەردەوامە، هەروەها لە تابلۆکانمدا سەرنج دەخەمە سەر ئەو منداڵانەی کە خاوەن پێدایوستی تایبەتن، وەک ئۆتیزم و بە لاوازی ماسولکەکانەوە دەناڵێنن، بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرنج بۆ جیاکاری و ڕەگەزپەرستی بەرامبەریان، ئەم بۆردانە پەیامێکی مرۆیییان هەیە بۆ گەیاندنی هەستەکانیان و گۆڕینی هەڵوێستی خەمخۆری کۆمەڵگە، دوو منداڵم هەیە خاوەن پێداویستی تایبەتن، بۆیە زۆر باش لە هەستەکانیان تێدەگەم، یەکێک لە تابلۆ هەرە سەرنجڕاکێشەکانم وێنەی نەخۆشی داونە، کە تێیدا نیشانمدا چۆن هیوا لەگەڵ ئازاردا هەیە.

 

سەبارەت بە کردنەوەی وۆرکشۆپەکەی بۆ بەرهەمهێنانی جانتای دەستی کە بە تابلۆی هونەری دەیانڕازێنێتەوە، ڕوونیکردەوە، چۆن ئەزموون و بەهرەی خۆی لە هونەرەجوانەکاندا بەکارهێناوە بۆ کاری دەستی، بەتایبەتی لە بەرهەمهێنانی جانتای دەستیدا وتی: من لە دیزاینە هونەری و تابلۆکانی هونەرمەندانی بەناوبانگ وەک "شەوی ئەستێرەکان" لەسەر جانتاکان ئەنجام دەدەم.

 

ئێلهام سەبارەت بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی جانتای دەستی و کڵاو و پێڵاو وتی: سەرەتا دیزاینێک بۆ هەر پارچەیەک دروست دەکەم و لەسەر کاغەزی دیزاینەکە دەیکێشم، دواتر دیزاینەکە دەگوازمەوە بۆ قوماشەکە بۆ ئەوەی قەبارەی وردی دیاری بکەم، دواتر بە ئامێرێکی دروومان دەیدوورم. هەنگاوی دواتر بریتییە لەڕازاندنەوە و زیادکردنی وردەکارییەکان بۆ جانتاکە، کە لەوانەیە خەتی عەرەبی، شریتی ساتن، چەرم یان بۆیاخکردن لەخۆ بگرێت، ئەم دیکۆراتانە لەسەر بنەمای داواکاری کڕیار ئەنجام دەدرێن، پاشان ڕەنگی جانتاکە هەڵدەبژێرم تا لەگەڵ ڕەنگی دیکۆراتەکاندا بگونجێت و لە کۆتاییدا دیزاینەکە لەسەر جانتاکە چاپ دەکەم.

 

ئیلهام هەروەها باسی لە ئامانجی دەستپێکردنی ئەم پڕۆژەیە کردو وتی: بەم ئەزموونە و کردنەوەی وۆرکشۆپەکەم، ویستم هانی ژنان بدەم، بەتایبەتی ئەو ژنانەی کە ماڵ بەڕێوەدەبەن، پشت بەخۆیان ببەستن و فێری ئەم کارامەییە بن بۆ ئەوەی ئەم هونەرە فێر ببن و  هەلی کار بۆ ژنانی دیکەش بڕەخسێنن.

 

سەبارەت بە شێوازی بەبازاڕکردنی بۆ زیادکردنی فرۆش، ئیلهام وتی:  ئەزموونم هەیە لە بەبازاڕکردنی ئەلیکترۆنی و لەگەڵ هەریەکێک لە بەرهەمەکانمدا دیارییەک دەدەم بە کڕیارەکان، هەروەها بەپێی مۆدە، جارجارە بیرۆکە و داهێنانی نوێ بۆ بەرهەمەکانم زیاد دەکەم، ئەم شێوازە بەبازاڕیکردنە وایلێکردم لە نێو زۆرێک لەڕکابەرەکانمدا سەرکەوتوو بم و لە نێو چل ژندا کە لەم بوارەدا چالاکن هەڵبژێردرام.