هونەرمەندان پیرۆزبایی ٨ی ئادار لە ژنان دەکەن

لە ئاهەنگی پیرۆزبایی لە ٨ی ئادار، کە دوێنێ لە بەردەقارەمان بەڕێوەچوو، ژنانی هونەرمەند پیرۆزبایی خۆیان ئاڕاستەی ژنانی جیهان بە گشتی و ژنانی کورد بە تایبەت کرد و داوایان کرد لە هەوڵدان نەوەستن تا مافەکانیان بەدەستدەهێنن و داهاتوویان بنیاد دەنێن.

سلێمانی

 

دوێنێ ئاهەنگی پیرۆزبایی ٨ی ئادار، ڕۆژی تێکۆشانی ژنان، ئاهەنگێک بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و ژنانی گەنجی تێکۆشەر، بە دروشمی "بە ڕۆحی ٨ی ئادار، داگیرکاری و نۆکەری تێکدەشکێنین، ئازادی ژن مسۆگەر دەکەین" سازدرا، هەریەک لە گروپی هونەری ژنما لە باکوری کوردستان، گروپی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هونەرمەندان ژینا سەقزی و عادل هەورامی بەشداربوون.

 

هونەرمەندان پیرۆزبایی خۆیان ئاڕاستەی ژنانی جیهان بە گشتی و ژنانی کورد بە تایبەتی کرد و گرنگی ئەو ڕۆژەیان بۆ ژنان دووپاتکردەوە، تایبەت بە نوژنها دووان.

 

"پێویستە ژنان بە گشتی ژنانی ڕۆژهەڵات بە تایبەت هەوڵبدەن دەنگی ئازادیان دەربکەن"

ژینا سەقزی، یەکێک لە هونەرمەندە بەشداربووەکانی ئاهەنگەکە پیرۆزبای خۆی ئاڕاستەی ژنانی کورد کرد، تایبەت بە ٨ی ئادار وتی: "هیوادارین ڕۆژێک بێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بتوانین بە ئازادی یادی ٨ی ئادار بکەینەوە".

 

ئاماژەی بەوەشدا ژنان پێویستە هەوڵبدەن و دەنگی ئازادیان دەربخەن، "هەرچەند ئێمە دەنگمان کپ دەکرێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام هەوڵمانداوە لە جێگەیەکی دیکە دەنگمان بڵند بکەین و تواناکانمان دەربخەین و ئازادانە دوای هیواکانمان دەکەوین"، دەشڵێت پێویستە هەر ژنێک هیوایەکی لە دڵدایە هەوڵی بۆ بدات و نەوەستێت لە هەوڵدان.

 

"ژنان کۆمەڵگا و جیهان پەروەردە دەکەن و بەرەوپێشی دەبەن"

هونەرمەند ڕۆیا ئیسماعیلیان، ئەندامی گروپی "ئێمە"یە کە لە خۆراسانەوە بەشداری ئاهەنگەکە بوون، تایبەت بە ٨ی ئادار پیرۆزبای خۆی ئاڕاستەی گشت ژنان کرد و هیوای خواست ژنانی هەموو جیهان بە تایبەت کورد هەمیشە تەندروست باش و سەرکەوتوو بن.

 

ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە ژنان مافەکانی خۆیان بەدەستبهێنن و دروشمی "ژن ژیان ئازاد"یان لە زیهندا بێت و هەوڵبدەن بۆ بەدەستهێنانی مافە خوراوەکانیان، "چونکە ژنن خێزان و کۆمەڵگا پەروەردە دەکەن و کۆمەڵگا بەرەوپێش دەبەن".

 

ت.پ