هەڵەبجە، یادی ڕۆژی جیهانی خاوەن پێداویستی تایبەت کرایەوە

٣ی کانوونی یەکەم بە ڕۆژی جیهانی خاوەن پێداویستی تایبەت دانراوە، لە شاری هەڵەبجە مامۆستایانی قوتابخانەیەک یادی ئەو ڕۆژەیان بە بەشداری منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت کردەوە.

هەڵەبجە

 

ئێوارەی دوێنێ، ٤ی کانوونی یەکەم، لە قوتابخانەی یەکێتی برایانی بنەڕەتی لە شاری هەڵەبجە بە بەشداری زۆرترین منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت و مامۆستایان و باخچەی منداڵانی شارەکە، یادی ڕۆژی جیهانی خاوەن پێداویستی تایبەت کرایەوە.

 

لە مەڕاسیمەکەدا شانۆییەک پێشکەش بە ئامادەبووان کرا، کە تێیدا پەیامی جیاوازی نەکرد لە نێوان منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت و تەندروست درا بە مامۆستایان و ئامادەبووان.

 

زۆرترین ڕێژەی منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت لە باخچەکەماندایە

سەحەر حیدەر، بەڕێوەبەری باخچەی پەریان ئاماژەی بەوەدا لە کۆی ٢٠٠ منداڵ ٢٢ منداڵمان خاوەن پێداویستی تایبەتە، وەک بەڕێوەبەرێک پەیمانی دووبارەکردەوە کە هەوکارێکی باشی ئەو منداڵانە بێت و بە هاوکاری مامۆستایانی پەروەردەی تایبەت هەوڵدەدەن جوانترین پەروەردە پیشکەش ئەو منداڵانە بکەن.

 

سەحەر باس لەوەشدەکات هەوڵیانداوە بە بێ جیاوازیکردن لە نێوان منداڵەکان باشترین پەروەردە بە منداڵەکان بگەیەنن.

بەهجەت ڕەحمان، مامۆستای پەروەردەی تایبەت لە قوتابخانەی یەکێتی برایان خۆشحاڵە بەوەی دڵی منداڵانی خۆشکردووە و ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە وشە و زارەوەکان بگۆڕدرێن کە بەرامبەر خاوەن پێداویستی تایبەت بەکاردێت، وتیشی "کاردەکەین لە ڕێگەی شانۆوە وشە نەشیاوەکان بەکارنەهێنرێن و بیگەیەنن بە سەرجەم مامۆستایان و خوێندکاران، هەروەها بێبەش نەکرێن لە خوێندنی خوێندنگەکاندا".

 

چالاکییەکانی ڕۆژی جیهانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەردەوامی هەبوو تا درەنگانێکی شەو، پاشان بە دابەشکردنی گوڵ بەسەر منداڵاندا کۆتایی بە مەراسیمەکە هات.

 

ت.پ