هاڵۆوین، یادێک دوور لە کلتوری کوردی

نەریتێکە کە بنچیەنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەشتەمی هیندۆ ئەوروپییەکان، ڕاستی بابەتەکەی دورخستنەوەی تارمایی و ڕۆحیانەتە، لە جیهاندا یادی دەکرێتەوە و منداڵانیش بەشدارن، سەرەڕای دووری کلتورەکە لە کوردەوە باخچە و ناوەندە پەروەردەییەکان یادی دەکەنەوە.

 

شنیار بایز

سلێمانی- هاڵۆوین یادێکە ساڵانە لە ٣١ی تشرینی یەکەم یادی دەکرێتەوە، ئەم نەریتە لە ڤیستیڤاڵێکی کۆنی (سیلیتیک)ەکانەوە هاتووە کە لقێکن لە کۆمەڵەی خێزانی هیندۆ-ئەوروپییەکان و ٢٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا ژیاون، ئەوانیش پێک دێن لە "ئێرلەندی، سکۆتلەندی گالیک، وێڵز، برتۆن، مانکس، کۆرنیش و چەندین زمانی پێش ڕۆمانی لەناوچوو وەک گالیش".

 

ئەم نەریتە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەشتەم ئەوکاتەی سیلیتیکەکان ئاگریان دادەگیرساند بۆ دوورخستنەوەی تارماییەکان و ڕۆحەکان، هەروەها جلوبەرگی جیاوازیان لەبەر دەکرد.

پاپ گریگۆری سێهەم، ١ی تشرینی دووەمی دیاری کردووە بۆ ڕێزگرتن لە هەموو پیرۆزییەکان، هەروەها ئێوارەیەک پێش ئەو بەروارەی بە هالۆوس و ئێوارەی دوای ئەوی بە هاڵۆوین ناساند، بە تێپەڕبوونی کات هاڵۆوین گەشەی کرد بۆ ڕۆژێک کە تایدا چالاکی وەک فێڵکردن و ترساندن ئەنجامبدرێت، لە کۆتایدا گەیشتە ئەم ئاستەی ئێستا کە شەوانە بە ئاهەنگ و جلوبەرگ و خواردنی جیاواز یادی بکەنەوە.

 

ڕێزان عبدول ڕحمان، مامۆستا و توێژەری کۆمەڵایەتی لە ئامادەیی ڕەوشەن بەدرخانی کچان، دەربارەی ئەنجامدانی هاڵۆوین و یادکردنەوەی ئەم کلتورە وتی: کلتوری هاڵۆوین تایبەتە بە یادی مردووەکان، بە گشتی مەسیحیەکان وەک ڕێز و دەربڕینی خۆشەویستی ئەم یادە دەکەنەوە، کە هیچ پەیوەندییەکی بە کلتوری کوردییەوە نییە، بۆیە ئەنجامدان و یادکردنەوەی ئەم بۆنەیە لەناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان لاسایکردنەوەیەک نەبێت هیچی دیکە نییە.

 

"هەر کەس و شوێنێک یادی هاڵۆوین بکاتەوە دەبێت بنچینەی بابەتەکە بزانێت"

مامۆستا ڕیزان باسی لەوەکرد جێگەی پرسیارە کە کورد دوای دابونەریتێک دەکەوێت کە هی خۆی نییە، وە یادکردنەوەی ئەم کلتورە دەرەنجامی خراپی هەیە بەتایبەت لەو باخچە و قوتابخانانەی ئەنجامدەدرێن چونکە کار لەسەر دەروونی منداڵەکان دەکات.

 

"بنچینەی بابەتەکە بریتییە لە پیشاندانی بابەتی ترس و دڵەڕاوکێ و مردووەکان، بۆیە ئەو کەسانەی یادی دەکەنەوە بە جۆرێک شێوازی جل و دەموچاویان دەگۆڕن و ماسک بەکاردەهێنن تا ترسناک دەربکەون".

 

زانا کلارک لەو بارەیەوە دەڵێت: "هاڵۆوین نەبوونی سنورە بۆ تاقیکردنەوەی شێوازەکانی مردن و ترساندنی بەرامبەر"، بۆیە ئەو توێژەرە پێی وایە ئەم بیرکردنەوەیە لەگەڵ دابونەریتی کوردیدا یەک ناگرێتەوە، چونکە دەبێتە هۆی بونیادنانی تاکی ناتەندروست.

کلتوری کوردی لەناو دەچێت، لە جێگەی کلتوری دیکە بەرەو پێش دەبرێت

زۆر کلتور و دابونەریتی کوردی هەیە بەرەو لەناوچوون دەچێت، ڕێزان هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ گرنگیدان بە کلتوری وڵاتانی دیکە و پشتگوێخستنی کلتوری کوردی بە تایبەت لە خوێندنگە و زانکۆ ناحکومییەکاندا، لەوبارەیەوە وتی: "هیچ وڵاتێک کلتوری کوردی یاخود کلتوری دیکە گرنگی پێنادەن، تەنها لە هەرێمی کوردستان جگە لە کلتوری خۆمان گرنگی زیاتر بە کلتوری وڵاتانی دیکە دەدرێت".

 

باسی لەوەشکرد هەبوونی ئەم جۆرە بۆنانە ناگەڕێتەوە بۆ بابەتی پێکەوەژیانی، چونکە کاتێک کەسێکی بێگانە لە ناوچەیەکدا دەژی کە شوێنی خۆی نەبێت، ڕێزی لێبگیرێت و مافەکانی پێشێل نەکرێت و ڕێگە بدرێت پەیڕەوی کلتوری خۆی بکات، پێی دەوترێت پێکەوەژیان، نەک سەپاندنی کلتوری بێگانە بەسەر کلتوری خۆتدا.

 

"ئەنجامدانی ئەم جۆرە بۆنانە کاریگەری نەرێنی دەخاتە سەر منداڵ"

مامۆستا ڕێزان دەڵێت هەندێک دایکوباوک بێ زانیاری لە بنچینەی بۆنەکە داوا دەکەن ئەو یادە لە ناوەندەکاندا بۆ منداڵەکانیان بکرێتەوە، یاخود خۆیان لە وڵاتانی بیانیدا ژیاون، لەگەڵ ئەوەشدا ناوەندە پەروەردەییەکان کردنەوەی یادەکە بە پێشکەوتن دەزانن و هەست دەکەن بە سازکردنی ئەو جۆرە بۆنانە ناویان دەچێتە لیستە یەکەمەکانەوە لە باشی سیستم و فێرکردنی پەروەردەییدا.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی "سەیرە خوێندنگەکان گرنگی بەم یادە دەدەن، چونکە خوێندنگە جێگەی بونیادنانی تاکە، جێگەی فێربوونی ڕۆشنبیر و فکری پەروەردەیەکی تەندروستە، بەڵام کاتێک خوێندنگەکان بە گشتی و ناحکومییەکان بە تایبەت گرنگی بەم بابەتە دەدەن واتە گرنگیان داوە بە بوونیادنانی تاک لەسەر بنەمای ترس و نەبوونی سنور بۆ ئازار گەیاند بە بەرامبەر".

 

لە بەرامبەردا مامۆستا نیاز عەزیز، بەڕێوەبەری باخچەی بەرزاییەکانی سلێمانی تایبەت بە یادی هاڵۆوین وتی: "وەک هەر بۆنەیەکی دیکە ساڵانە ئەم بۆنەیە لە باخچەکەماندا دەکەینەوە و لە ئێستادا بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زیاتر گرنگی پێدەدرێت، ئامانجی بەشی زۆری باخچەکان لە یادکردنەوەی ئەم بۆنەیە تەنها دڵخۆشکردنی منداڵەکانە و دروستکردنی کاتێکی خۆشە بۆیان".

 

"خێزانەکان داوای یادکردنەوەی ئەم بۆنەیە دەکەن"

لە بنەڕەتدا یادی هاڵۆوین بنچینەیەکی ترسناکی هەیە، مامۆستا نیاز ئەوە ڕووندەکاتەوە کە تەنها وەک بۆنەیەکی ئاسای یادی دەکەنەوە و وردەکاری و ڕاستی بابەتەکە بە منداڵەکان ناڵێن بۆ ئەوەی نەترسن و فکری خراپیان لە مێشکدا دروست نەبێت.

 

دەشڵێت "وەک ڕای تایبەتی خۆم پێم باشە نەکرێت، بەڵام ئێمە بەرلەوەی لە باخچەکاندا باس لەوە بکەین کە بۆنەی هاڵۆوین هەیە، منداڵەکان خۆیان ئاگادارن و دەڵێن 'مامۆستا یادی هاڵۆوین ناکەینەوە؟'، چونکە لە خێزانەکانیانەوە گوێبیستی بوون".

"بە بێ جیاوازی یادی هەموو بۆنەکان دەکەینەوە"

نیاز دەربارەی باخچەکەیان ئاماژەی بەوەدا کە بێ جیاوازی یادی بۆنەکان دەکەنەوە و پێشەکی منداڵەکان تێدەگەیەنن لەسەر بنچینەی بۆنەکان تا شارەزاییان هەبێت، وەک بەڕێوەبەری ئەو باخچەیە نیاز پێی باشە یادی هەموو بۆنەکان بکرێتەوە بە جۆرێک کاریگەری نەرێنی نەخرێتە سەر منداڵەکە.

ت.پ