تەبقا، بۆ یەکەمین جار فێستیڤاڵی هونەر و ئەدەبی ژنان بەڕێوە دەبات

ژنانی بەشداربوو لە فێستیڤاڵی هونەر و ئەدەبی ژنان کە لە شاری تەبقا بەڕێوەچوو، هەوڵی  بەردەوامی خۆیان بۆ داهێنان و پاراستنی میرات و کولتوورەکەیان دووپاتکردەوە.

تەبقا

 

شاری تەبقا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ یەکەمجار میوانداری فێستیڤاڵی هونەر و ئەدەبی ژنانی کرد، کە لە ڕێگەیەوە ژنان توانیان ڕۆڵی خۆیان بەرجەستە بکەن و ڕەنگ و بەهرەکانیان بخەنەڕوو.

 

دوێنێ، نووسینگەی ژنان لە کۆمیتەی ڕۆشنبیری و هونەری ئیدارەی مەدەنیی دیموکراتیک بە ژێر دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی"، فێستیڤاڵێکی هونەر و ئەدەبی ژنانی لە شاری تەبقا ساز کرد و ژنانی کورد و عەرەب بە میراتی کولتووری نەتەوەکەیان بەشدار بوون.

 

فێستیڤاڵەکە بریتی بوو لە نمایشی تابلۆی ژنانی شێوەکار، گۆرانی وتن، خوێندنەوەی هۆنراوە لەسەر ژنان، هەڵپەڕکێ و سەمای نەتەوەیی و نمایشێکی شانۆیی بە ناوی "نادادپەروەری لە دابونەریتەکان، ستانداردە نایەکسانەکان و جیاکارییەکان” کە باسی لە بەرخۆدانی ژنان دەکرد.

 

نور حودە، هاوسەرۆکی لیژنەی ڕۆشنبیری و هونەر لە تەبقا، باسی لە گرنگی و ئامانجی فێستیڤاڵەکە کرد و وتی: فێستیڤاڵی هونەر و ئەدەبی ژنانمان ئامادەکرد بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی ڕۆحی ڕۆشنبیری و پشتیوانیکردنی ژنانی ستەملێکراو و هەوڵدەدەین تیشک بخەینە سەر هێز و بەرخۆدان و ڕێگای سەرکەوتنی ژنان.

 

نەورۆز عەبدۆ، ئەندامی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدان لە تەبقا، سەبارەت بە داهێنەریی و خۆڕاگری ژنان سەرەڕای ئەو بارودۆخە خراپەی کە ڕووبەڕووی بوونەوە وتی: سەرەڕای ئەو فشار و شەڕ و سەختیانەی کە ژنان پێیدا تێپەڕیون، توانیان خۆیان و کولتوور و میراتەکەیان بپارێزن، وەک ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوام دەبین لە بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری خۆمان و پاراستنی میراتەکانمان، داواش لە هەموو ژنێکی خاوەن بەهرەمەندی جیهان دەکەین داهێنەری خۆی بخاتەڕوو و ئەوەی لە ناوەوەیدایە دەری ببڕێت.

 

هێلین ڕەشۆی تەمەن ١٤ ساڵ، ئەندامی تیپی بلمیرانە، سەبارەت بە بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵەکەدا، وتی: بەشداریمان لە فێستیڤاڵی هونەر و ئەدەبی ژنان کرد بۆ پێشکەشکردنی سەمای نەریتی بۆ پێکهاتە عەرەبی و کوردییەکان، خۆشحاڵین کە بتوانین خزمەت بە هونەر و ئەدەبی ژنان بکەین.

 

فێستیڤاڵی هونەر و ئەدەبی ژنان بە پێشکەشکردنی ڕێزلێنان بە بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە کۆتایی هات.