ژوان باقی: ئەرکی هونەرمەندانە کار بکەن بۆ هۆشیاری کۆمەڵگە

هونەرمەندان کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە هەیە و دەتوانن ببن بە دەنگی شاراوە، بەتایبەت هونەرمەندانی ژن، کە لە هەناوی خۆیانەوە هەست بە توندوتیژییەکانی سەر ژنان دەکەن و لێی تێدەگەن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- حاڵەتەکانی توندوتیژی لە هەرێمی کوردستان تا دێت زیاد دەکات، ڕۆژانە ژنان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و دەکوژرێن، لایەنی پەیوەندیدار و حکومەت بێدەنگیان هەڵبژاردووە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان و دەستگیرکردنی تاوانباران، ئەوەی دەمێنێتەوە هۆشیاری کۆمەڵگەییە، هونەرمەندان یەکێکن لەو هۆکارانەی دەکرێت زۆرترین هۆشیاری بڵاوبکەنەوە، چونکە لە ڕێگەی هونەرەکەیانەوە دەچنە ناوماڵی خێزانەکانەوە، دەتوانن ئازارەکانی ژنان لە درامایەک، شانۆییەک، میوزیک و کارێکی شێوەکاری دەربخەن، بۆ ئەوەی توندوتیژییەکان کەم بکرێنەوە.

 

"پێویستە لە ڕێگەی هونەرەوە توندوتیژی ڕەت بکەینەوە"

ژوان باقی، هونەرمەندی شێوەکار ئاماژەی بەوەکرد، هونەری پەیامێکی ئاشتی و ژیان دۆستی پێیە بۆ ئەوەی بیگەیەنێت بە گوێی جیهاندا، هونەرمەندانیش لە ڕێگەی هونەرەوە دەتوانن کارە نا پەسەندەکان ڕەت بکەنەوە و ئەو کارانەش کە پەسەندن پاڵپشت و هاوکاریان بن هەروەها بیخەنە بەر چاوی کۆمەڵگە، دەربارەی زیادبوونی توندوتیژیەکانی دژ بە ژنان وتی: حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ژنان تا دێت ڕوو لە زیادبوونە بە جۆرێک لە چەند کاتژمێردا چەندین ژن توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، ئەمەش تەنها لێدان و کوشتن ناگرێتەوە بەڵکو توندوتیژی دەروونی و چەندین جۆری دیکە دەگرێتەوە.

 

ژوان باقی بە ئەرکی هونەرمەندانی دەزانێت کە هەوڵی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بدەن لە بەرامبەر توندوتیژییەکاندا، لە ئەنجامدەری کارەکەی بگەیەنن ئەگەر ئەو توندوتیژی بەرامبەر بکرێت هەستی چۆن دەبێت، کاتێک ئەو کەسە بیر دەکاتەوە، هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات و لەوانەیە ببێتە هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان.

 

"ژنان خاوەن هێز و بوێرین بۆیە هەمیشە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە"

ژوان باقی باسی لەوەکرد، لە ئێستادا حاڵەتەکانی توندوتیژی بە زەقی لە ناو کۆمەڵگەدا بڵاوبووەتەوە، بە ئاشکرا ژنان دەکوژرێن و توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، بەتایبەت لە ئێستادا توندوتیژی دەروونی زۆر بووە و لەو ڕێگەیەوە فشار دەخەنە سەر ژنان، دەشڵێت: بەشی زۆری کارەکانم لەسەر ژنان و گوڵ بووە، مەبەستی سەرەکیشم دەرخستنی ژنان بووە لە ناو کۆمەڵگەدا کە دایکن، خوشکن، کچ و هاوسەرن و نابێت توندوتیژیان بەرامبەر بکرێت، ژنان خاوە هێز و بوێری تایبەت بە خۆیانن، بۆیە بوونەتە جێی سەرنجی کۆمەڵگە و هەمیشە هەوڵی کپکردنیان دەدرێت، بەڵام من لە ڕێگەی وێنەکانمەوە هێز و بوێری ژنانم دەرخستووە، جگە لەوەش سەرجەم توندوتیژییەکان لەناو تابلۆکانمدا ڕەنگی داوەتەوە، بۆ ئەوەی هۆشیارییەک بڵاوبکەینەوە دژ بە ئەنجامدەرانی توندوتیژی.

 

"هەرچەندە هونەردۆست کەمە بەڵام هونەر توانیویەتی پەیامی خۆی بگەیەنێت"

لە درێژەی قسەکانیدا ژوان باقی باسی لەوەکرد، لە ئێستادا هونەر لەو ئاستەدا نییە بە تەنها پشتی پێببەسترێت بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، چونکە دەرفەت کەمن بۆ هونەرمەندان، خودی هونەرمەندان بۆ خۆشیان چەندین گیروگرفتیان هەیە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەوەی لە هەر دۆخێکی ناخۆشدا دەنگی ئازارەکانە هونەر و هونەرمەندانن، چونکە لە ڕێگەی هونەرەکەیانەوە هەوڵیان داوە گوزارشت لە ئازاری تاکەکانی کۆمەڵگە بکەن بۆیە تا ئاستێک هونەر پەیامی خۆی گەیاندووە.

 

ژوان باقی ئاماژەی بەوەکرد، هونەرمەندان هەن خۆیان لە پیشاندانی ئازارەکانی ژنان بە دوور بگرن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش چەندین کاری هونەری هەن لە جۆرە جیاوازەکانی هونەر، کە باس لە ئازارەکانی ژنان بکەن و ئەو توندوتیژیانە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت دەری بخەن و ببەن هۆشیارکەرەوەی کۆمەڵگە.

 

"هونەرمەندان بە بەردەوامیدانیان بە بەرهەمەکانیان دەتوانن هۆشیاری بڵاوبکەنەوە"

لە کۆتاییدا ژوان باقی دەربارەی کارە هونەرییەکانی کە تایبەتە بە ئازارەکانی ژنان و دەرخستنی تواناکانی ژن، ڕوونیکردەوە، هەر کارێکی کردبێت جێی خۆی گرتووە و بووەتە جێی سەرنجی بینەرانی،وتیشی: هونەرمەندان پێویستە بە بەردەوامی کار لەسەر هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان بکەن، چونکە بە بەردەوامیان دەتوانن کاریگەری دروست بکەن و حاڵەتەکان کەم بکەنەوە.