لە فێستیڤاڵێکدا گەنجانی ڕاپەڕین بەهرەکانیان دەخەنەڕوو
فێستیڤاڵی "ڕانیە، زیاتر لە دیزاین و هونەر" ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو کە ئامانجی بە کولتوورکردنی ژینگەپارێزی و پاراستنی کەلەپوری کوردی بوو.
دیڤان سیهاد
ڕاپەڕین- فێستیڤاڵی "ڕانیە، زیاتر لە دیزاین و هونەر" ماوەی دوو ڕۆژ لە ماڵی ئەو لە شارەدێی سەروچاوە سەر بە شاری ڕانیە لە هەرێمی ڕاپەڕین بەڕێوەچوو، گەنجان بە داهێنان و دیزاینی کەلەپوری و هونەر پەیامی پاراستنی ژینگەیان بڵاوکردەوە و لە چەند وۆرک شۆپێکدا گفتوگۆیان کرد.
فێستیڤاڵەکە لەلایەن پەیمانگای گۆتە و وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیەوە پاڵپشتی دەکرێت، گوڵان جەمال، بەشداربووی فێستیڤاڵەکە باسی لە کارەکانی خۆی کرد و وتی: بە کۆمەڵێک کاری دەستی فۆلکلۆری بەشداری فێستیڤاڵەکەم کردووە، کارەکانم هونەرییە و ئیشی هەویرە و خۆم هویرەکە دروستدەکەم، ئەم فێستیڤاڵەش لە کاری ڕیسایکل و کاری دەستی و چەندین چالاکی تر پێکهاتووە لە وۆرک شۆپ و موزیک و پێشەنگا، ئامانجمان ئەوەیە کە باسی بابەتی ژینگەیی بکەین و یارمەتی خەڵک بدەین بۆ ئەوەی ژینگەی خۆیان بپارێزن، ئەویش بە پێشکەشکردنی زانیاری ژینگەیی و نیشاندانی بابەتی ڕیسایکلینی و فڕێنەدانی پلاستیک و وشیار کردنەوەی خەڵک.
لیزا محەمەد، باس لە کارەکانی دەکات کە نەخشی دەقە و پڕۆژەیەکە بەڕێوەی دەبەن، لەو بارەیەوە وتی: پڕۆژەکەمان بەکارهێنانەوەی دەق-تاتۆیە، کە لە پێشتردا لەسەر دەست و دەموچاوی ژنانی کورد نەخشێنراوە، ئێمە ئێستا بەکارمان هێناوەتەوە لەسەر فەرش و هەریەکەیان واتایەکی خۆی هەیە، ئامانجیشمان پاراستنی کولتووری خۆمانە، تا دووبارە نیشانی خەڵک و جیهانی بدەینەوە، ئەم پڕۆژەیەمان ژینگەپارێزی و هونەرییە، لەبەر ئەوەی هەر کەسێک ئەو فەرشەی هەبێت قەدری دەگرێت و بە ئاسانی فڕێی نادات، چونکە چیرۆکێکی لە پشتە و واتای هەر دەقێک مۆرکێکی نیشتیمانی هەیە.
فێستیڤاڵەکە ماوەی دوو ڕۆژ لە ڕانیە بەردەوام بوو، گەنجان لە ڕێگەی کارە هونەری و دیزاینەکانیانەوە پەیامی ژینگەپارێزی و پاراستنی کولتووریان بە بینەرانی دا.