"ئامانجمانە کەسانی خاوەن پێداویستی تێکەڵی ژیان بکەینەوە"

ڕێکخراوی کەمئەندامانی کوردستان ڕایگەیاند کە هەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی توانای کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و کەسانی ئاسایی وەک یەک سەیر بکرێن.

هەڵەبجە

 

ئەمڕۆ ٣ی کانوونی یەکەم لە باشووری کوردستان چالاکی جۆراوجۆر بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەڕێوەچوو، لە شاری هەڵەبجەش ڕێکخراوی کەمئەندامانی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئامادەیی ئەحمەد موختار جاف چەندین چالاکییان تایبەت بەم ڕۆژە پیرۆز کرد.

 

چالاکییەکە لە چوارچێوەی پرۆژەی (پەرەپێدانی ژیان و پێکەوەژیان و بونیادنانی ئاشتی لە ڕێگەی بەشداری پێکردنی گەنجانەوە) ڕێکخرا، لەو بارەیەوە ماریا دارا، پارێزەر لە ڕێکخراوەکە، ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجیان بەشداری پێکردنی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتە، وتیشی: پێشەنگایەکی هاوبەشی فۆتۆگرافی و شێوەکاریمان کردووەتە، مەبەستمانە خاوەن پێداویستەکان بهێنینە دەرەوە و لە سوچێکدا نەمێننەوە، بەڵکو لەگەڵ کەسانی ئاسایی تێکەڵی ژیان ببن.

 

ماریا دارا باس لەوە دەکات، لەبەرئەوەی ئەوان لەگەڵ کەسانی خاوەن پێداویستیدا کاردەکەن، لە کێشە و گرفتەکانیان تێدەگەن و هەموو هەوڵێکیان ئەوەیە لەگەڵ خەڵکانی ئاسایی تێکەڵ ببن و کۆمەڵێک زاراوە هەیە، بەرامبەریان بەکارنەهێنرێت.