کتێبخانەی گەرۆک ماوەی دوو ڕۆژ لە هەڵەبجە دەبێت
کتێبخانەی گەرۆک ماوەی دوو ڕۆژ لە باخی گشتی شاری هەڵەبجە بەردەوام دەبێت و زیاتر لە ٥٠٠ کتێبی بە سەرچاوەی کوردی و عەرەبی تێدا نمایش دەکرێت.
هەڵەبجە
دوێنێ لە باخی گشتی شاری هەڵەبجە لە چوارچێوەی کار و چالاکییەکانی کتێبخانەی هەڵەبجە ژمارەیەک کتیبی جۆراوجۆر لە بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، شیعر، چیرۆک و ڕۆمان و چەندانی دیکە نمایشکران، کە مەبەست لێی ئاشناکردنی هاوڵاتیانە بە کتێب و دوورکەوتنەوەیە لە تەکنەلۆژیا.
کەژاڵ حسێن، دەرچووی بەشی یاسا، باسی لەوەکرد کردنەوەی پێشەنگای هاوشێوە گرنگە بەتایبەت بۆ ژنان، کەژاڵ بەشی یاسای تەواو کردووە و بۆ کتێبە یاساییەکان دەگەڕێت، داوا لە ژنان و گەنجان دەکات کە دووربکەونەوە لە سۆشیال میدیا و سەردانی کتێبخانەکە بکەن.
کەژاڵ حسێن وتیشی کە هەڵەبجە لە کۆنەوە تاوەکو ئێستا بواریکی زۆری بۆ ژنان ڕەخساندووە لە بواری ئەدەبدا پێشبکەون، "خوێندنەوەی کتیب گرنگی هەیە، هەرچەندە دەڵێن ڕۆشنبیری بە خوێندنەوەی کتێب نییە، بەڵام بیر و بۆچوونت سەبارەت بە ڕووداوەکان زۆرتر فراوان دەبێت و سودێکی ئێجگار زۆری لێدەبینیت".
ئەم کتێبخانەیە ماوەی دوو ڕۆژ لە باخی گشتی بەردەوام دەبێت و زیاد لە پێنج سەد سەرچاوە بە زمانەکانی عەربی و کوردی لەخۆدەگرێت.