وەزارەتی ڕۆشنبیری لە ئاست پەخشکردنی دراما تورکییەکان بێدەنگە
دراما تورکییەکان وەک ژەهرێک هاتوونەتە نێو ماڵەکانی کۆمەڵگەی کوردی، هەرچەندە چەندین جار وەزارەتی ڕۆشنبیری لە بەرامبەر مەترسییەکانی پەخشکردنی ئاگادار کراوەتەوە، بەڵام بێدەنگ و بێهەڵوێستە.
شنیار بایز
سلێمانی- دوو ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر دروستبوونی کەمپەینی یەکڕیزی ژنان دژی توندوتیژی و داگیرکاری کە لە بەرواری ٥ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ دامەزرا، چەندین خاڵیان کردە بنچینەی کەمپەینەکەیان بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و بەدەستهێنانی مافەکان بۆ ژنان و تاکی کۆمەڵگەی کوردی، یەکێک لە خاڵەکانیان بایکۆتکردنی درامای تورکی بوو، بەو ئامانجەی چیتر دراما تورکییەکان نەبنە هۆکارێک بۆ تێکدانی کۆمەڵگە و ڕەوشتی خەڵکی، چونکە یەکێکە لە هۆکارەکان و خێزانەکانی پەرتکردووە، چەندین مامەڵەی نەگونجاوی لەناو ئەندامانی خێزاندا دروستکردووە، بە جۆرێک تا دێت دۆخی خێزانەکان بەرەو خراپتر دەچێت.
کێشە خێزانییەکان بەهۆیەوە زیادی کردووە، متمانە، ڕاستگۆی تا دێت کەم دەکات، لە بەرامبەردا خیانەتی هاوسەرگیری و هاوڕێیەتی زیادیکردووە، هەربۆیە ئەم کەمپەینە بە پێویستیان زانی یەکێک لە بنەماکانیان ڕێگریکردن بێت لەم درامایانە، بۆ ئەم مەبەستەش یاداشتیان ئاڕاستەی وەزارەتی ڕۆشنبیری کردووە تا پەخشی دراما تورکییەکان لە کەناڵەکان رابگیرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووە و پەخشکردنی ئەو درامایانەش بەردەوامە.
"بەردەوام هەوڵمان داوە کێشەی کۆمەڵگە چارەسەر بکەین"
کەژاڵ عەبدولقادر، چالاکوان و ئەندامی کەمپەینەکە باسی لەوەکرد، کەمپەینی یەکڕیزی ژنان بە بەشداری ژنانی کۆمەڵێک لە ڕێکخراوەکان بونیادنرا، بە یەک ئامانج لە هەموو کایەکانی ژیان کە ڕزگارکردنی ژنان و خێزانە، هەرچەند بوونی کۆرۆنا بووە هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی چالاکییەکان بەڵام، توانیویانە چەندین سیمینار ئەنجامبدەن و سەردانی ئۆفیسی وەزارەتی ڕۆشنبیری بکەن لە شاری سلێمانی و یاداشتی خۆیان دەربارەی دراما تورکییەکان پێبدەن، وەک دەڵێت، "ئەوە ماوەی دوو ساڵە وەزارەتی ڕۆشنبیری وەڵامێکی یاداشتەکەیان نەداوینەتەوە"، هەروەها سەردانی چەندین شوێنی دیکەیان کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان، لە خێزان و شوێنی کار و چەندین شوێنی دیکە.
"پەخشکردنی دراما تورکییەکان شێوازێکی دیکەی داگیرکارییە"
کەژاڵ عەبدولقادر، پێیوایە دراما تورکییەکان کاریگەرییەکی نەرێنی و خراپی هەیە لەسەر کۆمەڵگەی کوردی بە جۆرێک، زۆر کەس تەماشای دەکات کە بەشی زۆریان کەسانی گەنجن دەیانەوێت هەمان ژیانی ئەوان دووبارە بکەنەوە، "ئەم درامایانە بە سیاسەت پەخشدەکرێن، پلانی پێشوەختەی بۆ دانراوە، کە گەنج بەلاڕێدا ببات و بێ پەروەردەیی بڵاوبکاتەوە، ئەمەش شێوازێکی تری دایرکارییە".
هەروەها وتی: داگیرکاری مەرج نییە بە چەک و سوپا بێت، بەڵکو دەکرێت لە ڕێگای فکرەوە بێت بە تایبەتی ئەگەر لە ڕێگای ڕاگەیاندنەوە بێت کە بە بێ ویستی خۆت دێتە ناو ماڵەکەتەوە، ئەمەش ڕێگایەکی زۆر باشە بۆ پچڕانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خێزانی کورد، ڕێگە بۆ داگیرکەران خۆشدەکات کە بە ئاسانی لە ڕووی فکرەوە داگیر بکرێن.
"دەسەڵات لە بەرامبەر دۆخی کۆمەڵگەکەی خۆی بە بەرپرسیار نازانێت"
سۆشیاڵ میدیا و دراما تورکییەکان بووتەنە ژەهرێکی کوشندە بۆ کۆمەڵگەی کوردی، بەهۆی ئەوەی هیچ سانسۆرێک نییە لەسەر ئەم بڵاوکراوانە، تا دێت کاریگەرییە خراپەکانی زیاد دەبێت، وەزارەتی ڕۆشنبیریش بێدەنگ و بێهەڵوێستە، بۆیە ڕاگەیاندن و کەناڵە تەلەفیزیۆنییەکانیش بەردەوامن لەسەر پەخشکردنی ئەم جۆرە درامایانە، کەسانی ناو سۆشیاڵ میدیاش ئەوەی پێیان خۆشبێت ئەنجامی دەدەن.
کەژاڵ عەبدولقادر، باسی لەوەشکرد، ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکییە مەدەنییەکان وەک پردێک وان لە نێوان کێشەی کۆمەڵگە، ژنان و دەسەڵات و لایەنی پەیوەندیدار، ئەوەی پێویستە گەیاندنی پەیامەکەیە وتی: "چەندین جار ویست و پەیامی خۆمان گەیاندووە، بەڵام کە دەسەڵات وەڵاممان نەداتەوە بەرپرسیارێتی خودی دەسەڵاتە نەک چالاکوانان"، پێشیوایە ڕێگریکردن لەم درامایانە لە دەسەڵاتی وەزارەتی ڕۆشنبیریدا نییە بەڵکو دەسەڵاتداران بە سیاسەت دەیانەوێت پەخشبکرێت، کاتێک وەزارەتی ڕۆشنبیری درک بەوە دەکات دەسەڵات گوێ بۆ داواکاری ئەوان ناگرێت، پێویستە تەواوی کارمەندان بە وەزیری ڕۆشنبیرییەوە واز لە پلە و پۆستەکانیان بهێنن.
"پێویستە خۆمان بەرپرسیار ببینین لە تەماشاکردنی تەلەفیزیۆنەکانمان"
ئەو چالاکوانە ئەوەشی خستەڕوو، کاتێک وەزارەتی ڕۆشنبیری و دەسەڵات بێدەنگن، پێویستە خودی تاکەکان لە خێزاندا خۆیان بەرپرسیار ببینین لە ئاست ئەو بەرنامە و درامایانەی ڕۆژانە تەماشای دەکەن، کۆمەڵگە بە گشتی تێبگەن لەوەی درامای تورکی ژەهرێکە، دەبێت خێزان خۆی ڕێگری لە تاماشاکردنی بکات و لە تەواوی منداڵان و ئەندامانی خێزانەکەی بگەیەنرێت کە نابێت تەماشا بکرێت.
هەوەرها لە ڕێگای خوێندنگەکانەوە پێویستە هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە کە چیتر تەماشای ئەو درامایانە نەکەن، وەک پلانی کەمپەینەکەیان لە داهاتوودا کەژاڵ وتی "ئێمە لە پلانماندا نییە بێدەنگ و بێ هەڵوێست بین، بەڵکو لە هەموو بابەتێک کە پەیوەندیدار بێت بە کۆمەڵگەوە ئێمە دێینە دەنگ ئەگەر چی وەڵامیشمان نەدرێتەوە".
ئاژانسی نوژنها پەیوەندی کرد بە وتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە تا زانیاری لەبارەی وەڵامی وەزارەتەکە سەبارەت بە یاداشتی کەمپەینی ژنان دژی داگیرکاری و توندوتیژی بۆ ڕاگرتن و لێکۆڵینەوە لە دراما تورکییەکان، وەربگرێت، بەڵام وتەبێژ ئامادە نەبوو قسە بکات.