سارا بە بزمار و تەختە هونەر دەخوڵقێنێت

سارای دەستڕەنگین دوای ئەوەی لە بواری خوێندنەکەی کاری دەستناکەوێت، هەوڵ دەدات لە ڕێی هونەرەوە ئابوری سەربەخۆ بەدەستبهێنێت.

ئاسودە محەمەد

 

شارەزوور- هونەری سترینگ ئارت، بەشێکی هونەری شێوەکارییە، بە بزمار، تەختە و دەزوو-بەن شێوەی هونەری دەڕازێنرێتەوە، ئەگەرچی تەمەنی هونەرەکە کەمە، بەڵام کۆمەڵێک ژن لەم بوارەی هونەردا سەرکەوتووانە جێدەستی خۆیان دیاری کردووە.

 

 

سارا بەکر، ژنێکی گەنجە و ماوەی چەند مانگێکە دەستی بەم هونەرە جیاوازە کردووە، بە بزمار، تەختە و بەن تابلۆی هونەری لەسەر خواستی کڕیارانی دروستدەکات.

 

سارا بەکری دەستڕەنگین، دەرچووی بەشی پەرستاری ددانی پەیمانگای تەکنیکی سلێمانییە، دوای ئەوەی کاری لە بوارەکەی خۆیدا دەستنەکەوت ویستی بۆ بەدەستهێنانی داهاتی سەربەخۆ و سەلماندنی توانای ژنان دەست بە هونەر سترینگ ئارت دەکات، ئەو وەک دەستڕەنگینێک بۆ فێربوونی زیاتر لە بوارەکەیدا سودی لە ڤیدیۆی فێرکاری وەرگرتووە.

 

سارای دەستڕەنگین تابلۆکانی لەسەر داوای کڕیارەکان دروستدەکات کە زیاتر جوانکاری ماڵ و بەرواری لەدایکبوون و یادگارییە تایبەتەکانن، تابلۆکانیشی لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە دەفرۆشێت، ئەو دەڵێت هونەرەکە هێشتا تازەیە لای خەڵک بەڵام پێشوازی باشیشیان لێکردووە و هەرکەس کڕیبێتی لێی ڕازی بووە و هیوای بەردەوامیان بۆ خواستووم.


 

ت.پ