لە ناوچەی شۆرشەوە هونەرمەندێکی گەنجی: دەبێت هونەرەکەمان بپارێزین

دەلیلا ئاگری تەمەن ١٦ ساڵ کە لە بواری شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەشدارە لە چالاکییە ڕۆشنبیرییەکان، دەڵێت: پێویستە هونەری کوردی خۆمان بپارێزین.

زەینەب عیسا

 

قامیشلۆ- دەلیلا ئاگری لە بنەماڵەیەکی گۆرانیبێژ و نیشتمانپەروەر گەورە بووە، باوکی و خوشک و براکانی هەموویان گۆرانیبێژن. باوکی، ڕێبەر ئاگری، لە ساڵی ١٩٨٩ ئەندامی گروپی هونەریی ئاگری بووە لە ناوچەی عامەدا، لە ساڵی ٢٠٢٢دا کۆچی دوایی کرد.

 

دەلیلا ئاگری کە بە پاڵپشتی باوکی دەستی بە کاری هونەری کردووە، باسی ژیانی هونەری خۆی کرد و وتی: لە منداڵییەوە حەزم لە گۆرانی و هونەر بوو، باوکم هەمیشە هونەری کوردی بە ئێمە دەناساند، لە تەمەنی ٤ ساڵیدا یەکەم گۆرانی کە بەشداریم تیادا کرد، کلیپێک بوو لەسەر شەهید ڕوستەم جودی، ئێستاش ئەندامی گروپی خۆسەری شەهید دەلیلام لە ناوچەی عامودا، ئامانجم لە بەرهەمە هونەریەکان پاراستنی هونەری کوردییە، تا ببمە هونەرمەندێکی ژن و ناوبانگم لە جیهاندا هەبێت، دەمەوێت بەرهەمەکانی باوکی شەهیدم بەدی بهێنم و درێژە بە ڕێگای خۆشەویستییەکەی بۆ هونەر بدەم.

 

"هونەر شوێنی سەرکەوتنە بۆ ئێمە"

دەلیلا ئاگری باسی لەو ئامێرە مۆسیقیانە کرد کە بەکاری دە‌هێنێت و وتی: کاتێک دەستم بە گۆرانی وتن کرد زۆر گەنج بووم و زۆر ماندوو دەبووم، وشەی گۆرانیەکان و لەبەرکردنیان بۆ من قورس بوو، بەڵام ئێستا هەموو شتێک ئاسانە، لەگەڵ باوکمدا فێری ژەنینی ئامێرەکانی تەمبور، دەف و تەپڵ بووم، من وتەبێژی گروپی شەهیدی شەهید دەلیلام، ئێمە ٧ ژنمان هەیە لە گروپەکەدا گۆرانی دەڵێن و لە زۆر ئاهەنگدا بەشداریمان کردووە، لە ڕۆژانی نەورۆز، ٨ی ئازار و ٤ی نیساندا بەرهەمەکانمان پێشکەش دەکەین. هونەر و گۆرانی بۆ ئێمە شوێنی سەرکەوتنە”.

 

"باوکم بە جۆش و خرۆش و مۆڕاڵێکی بەرزەوە بەشداری ئاهەنگی نەورۆزی دەکرد"

دەلیلا ئاگری باسی لەوەکرد، لە خێزانەکەیدا جگە لە خۆی و باوکی، خوشک و براکانیشی گۆرانیبێژن، "ئەوان لەسەر شێوازی باوکم گۆرانی دەڵێن، چونکە باوکممان دەبینی بە جۆش و خرۆش و مۆڕاڵێکی بەرزەوە بەشداری ئاهەنگی نەورۆز دەکات، ئەو کارە هونەریەکانی خۆشدەویست و ئەوینێکی گەورەی بۆ هونەر لە دڵماندا چاند، وەک دوو هاوڕێ پێکەوە پەیوەندیمان بە گروپەکانمانەوە کرد، تا کۆتایی باوکم لە خەباتدا بوو بۆ هونەر و دۆزی کورد و وازی لێ نەهێنا، ئێمەش تا کۆتایی شوێنکەوتووی دەبین و بەردەوام دەبین لە کارکردن و خەبات بۆ دۆزی کورد و هونەرەکەی، من دەمەوێت ژنانی گەنجی دەنگ خۆش بێ ئەوەی لە هیچ وشەیەک بترسن گۆرانی بڵێن و با دایک و باوکیان هەمیشە پاڵپشتییان بکەن، بۆ ئەوەی بتوانین هونەری کوردی خۆمان بپارێزین".