فیلمی سینەمایی کوردی "زاڵاوا" لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز" نمایشکرا

فیلمی سینەمایی "زاڵاوا" یەکەمین بەرهەمی بڵندی سینەماکاری کورد "ئەرسەلان ئەمیری" لە بەشی پێشبڕکێی "هەفتەی ڕەخنەگران" لە ٧٨ەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز" لە وڵاتی ئیتالیا نمایشکرا.

 

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاگەیاندنی فیلمی سینەمایی "زاڵاوا" لەو بارەیەوە بڵاویکردەوە، فیلمی سینەمایی "زاڵاوا" "Zalava" لە یەکەمین نمایشی جیهانی خۆیدا به ئامادەبوونی هەندێک لە ستافە سەرەکییەکەی لەوانه: "ئەرسەلان ئەمیری" دەرهێنەر، خاتوو "سەمیرا بەرادەری" و "روحوڵڵا بەرادەری" بەرهەمهێنانی ئەم فیلمه، "ئایدا پەناهەندە" یەکێک له سیناریۆنووسان، "نەوید پوورفەرەج"، "پووریا ڕەحیمی سام" و خاتوو "هودا زەینوالعابدین" ئەکتەرانی ئەم بەهەمه کوردییه، لە سێ سانسی جیاوازدا لەوانە؛ کاتژمێر ١:١٥ نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەمە ٨ی سێپتەمبەری ٢٠٢١ لە سینەمای "پێرلا" Perla و هەروەها لە کاتژمێر ٧:١٥ و ٧:٣٠ ئێوارێی ڕۆژی پێنجشەمە ٩ی سێپتەمبەری ٢٠٢١ لە دوو هۆڵی "ئاسترا ١" Astra 1 و "ئاسترا ٢" Astra 2 لە بەشی پێشبڕکێی ٣٦ەمین خولی "هەفتەی ڕخنەگرانی" Critics' Week فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز" Venice لە شاری ڤێنیز لە وڵاتی ئیتالیا چووە سەر پەردەی سینەماکان و له لایەن بینەرانی ئهم فێستیڤاڵه گرینگه پله یەکی سینەمای جیهان، پێشوازییەکی بێوێنەی لێکرا.

 

فیلمی کوردی "زاڵاوا" بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی "لۆئیجی دێ لۆرێنتس" Luigi De Laurentiis واتە خەڵاتی "شێری داهاتوو"ی تایبەت بە باشترین فیلمی یەکەم لە بەشی پێشبڕکێی "هەفتەی ڕخنەگران" لە ٧٨مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز" لەگەڵ ٦ فیلمی سینەمایی لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان ڕکابەریی دەکات.

 

٧٨مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز" بە ناونیشانی کۆنترین فێستیڤاڵی سینەمایی جیهان، بە سەرۆکایەتی "ئالبێرتۆ باربێرا" Alberto Barbera لە ڕۆژانی ١ تا ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٢١ و بە نمایشی کۆمەلێک فیلم لە دەرهێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ئیتالیا بەڕێوەدەچێت.