فیلمی کوردی "زاڵاوا" لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز" دوو خەڵاتی بەدەستهێنا

فیلمی سینەمایی "زاڵاوا" له دەرهێنانی سینەماکاری کورد "ئەرسەلان ئەمیری" خەڵاتی گەورەی "هەفتەی ڕەخنەگران" و خەڵاتی "ڕەخنەگرانی نێودەوڵەتی فیلم" واته "فیپێڕشی" لە ٣٦ەمین خولی "هەفتەی ڕەخنەگران"ی "ڤێنیز" بەدەستهێنا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێوڕەسمی کۆتایی بەشی پێشبڕکێی ٣٦ەمین خولی "هەفتەی ڕەخنەگران" Critics' Week له ٧٨ەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز" Venice به ئامادەبوونی هەندێک لە ستافی سەرەکی فیلمی سینەمایی "زاڵاوا" لەوانه: "ئەرسەلان ئەمیری" دەرهێنەر، خاتوو "سەمیرا بەرادەری" و "روحوڵڵا بەرادەری" بەرهەمهێنانی ئەم فیلمه، "ئایدا پەناهەندە" یەکێک له سیناریۆنووسان، "نەوید پوورفەرەج"، "پووریا ڕەحیمی سام" و خاتوو "هودا زەینوالعابدین" ئەکتەرانی ئەم بەرهەمه کوردییه، کاتژمێر ٦ی ئێوارەی شەوی هەینی ڕابردوو ١٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢١ به کاتی ئەورووپا لە شاری ڤێنیز لە وڵاتی ئیتالیا بەڕێوەچوو و ئەم فیلمه کوردییه توانی به سەرکەوتووییەوه خەڵاتی گەورەی "هەفتەی ڕخنەگران" و هەروەها خەڵاتی "ڕەخنەگرانی نێودەوڵەتی فیلم" (فیپێڕشی) FIPRESCI واته فیدڕاسیۆنی نێودەوڵەتی ڕەخنەگرانی فیلم بەدەستبێنێت.   

 

له وتاری ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی ٣٦ەمین خولی "هەفتەی ڕەخنەگرانی" ئەم فێستیڤاڵه گرنگه پله یەکی سینەمای جیهاندا هاتووه: "ئەندامانی لێژنەی دادوەران، کەوتنەژێر کاریگەریی مامۆستایانیی دەرهێنەر له خوڵقاندنی یەکەمین بەهەمی سینەمایی خۆی. دەرهێنەر، شارەزایانه به کەڵکوەرگرتن له هەسته جیاوازەکان لەم فیلمهەدا پەیامێکی بەهێز له بەرانبەر نەزانین و کۆنەپەرستی نیشانی بینەر دەدات که لەم ڕۆژه تایبەتانەدا گرنگییەکی بێوێنه و کاریگەری هەیه."

 

هەروەها له ڕێوڕەسمی کۆتاییدا، خەڵاتی "ڕەخنەگرانی نێودەوڵەتی فیلم" واته "فیپێڕشی" FIPRESCI کە له لایەن یەکێتی ڕەخنەگرانی سینەمای ئیتالیا SNCCI بەڕێوەدەچێت له نێوان تەواویی بەرهەمەکانی هەر ٤ بەشی ٧٨مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز" به فیلمی "زاڵاوا" له بەشی "هەفتەی ڕەخنەگران" و هەروەها به فیلمی سینەمایی L’evenement له دەرهێنانی "ئادرێی دیوان" Audrey Diwan له وڵاتی فەڕەنسا له بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" ئەم ڕووداوه سینەماییه بەخشرا. 

 

فیلمی سینەمایی "زاڵاوا" Zalava لە یەکەمین نمایشی جیهانی لە سێ شانسی جیاوازدا چووە سەر پەردەی سینەماکان و له لایەن بینەرانی ئەم فێستیڤاڵه گرینگه و هەروەها ڕەخنەگرانی سینەماییەوه پێشوازییەکی بێوێنەی لێکرا.

 

فیلمی کوردی "زاڵاوا" بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی گەورەی "هەفتەی ڕەخنەگران"ی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز" لەگەڵ 6 فیلمی سینەمایی لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له ڕکابەرییدابوو.

 

یەکەمین ئەزموونی سینەمایی "ئەرسەلان ئەمیری" بە پشتیوانی "فڕۆم فیلمی هۆنگ کۆنگ" HAF، "مالی فیلمی کۆریای باشوور" KOFIC، بەشداریی ڕێکخراوەی سینەمایی "فاڕابی" ئێران و هەروەها دانانی سەرمایەی کۆمپانیای سینەمایی "تووبا فیلم" Touba Film بەرهەمهاتووە و لە لایەن کۆمپانیای نێودەوڵەتی بەلجیکیی "لێوێلک" LevelK لە ئاستی جیهاندا بڵاودەبێتەوە.

 

78مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز" بە ناونیشانی کۆنترین فێستیڤاڵی سینەمایی جیهان، بە سەرۆکایەتی "ئالبێرتۆ باربێرا" Alberto Barbera بە نمایشی کۆمەلێک فیلم لە دەرهێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی ١ تا ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٢١ لە وڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.