بۆ زیندووکردنەوەی کولتووری کۆنی ئێزدی خولی هونەری بۆ منداڵان دەکرێتەوە

خولی پەروەردەی مۆسیقا، کە دوو مانگ لەمەوبەر لەلایەن ناوەندی کولتوور و هونەری ستیا نەخشا بۆ منداڵان دەستی پێکرد، بەردەوامە و مەبەست لەم قۆناغە زیندووکردنەوەی کولتووری کۆنی ئێزدییە.

هێڤیدار شەنگالی

 

شەنگال- ناوەندی کولتوورو هونەری ستیا نەخشای شەنگال دوو مانگ لەمەوبەر بەمەبەستی زیندووکردنەوەو پاراستنی کولتووری ئێزدی دەستی بە پەروەردە بۆ منداڵان کردو بە سەرکەوتوویی بەردەوامە و ٣٠ منداڵ بەشدارن.

 

ئامانجی پەروەردە ئەوەیە کە منداڵان فێری ئامێری مۆسیقا ببن و فێری کولتوورەکەیان بن بۆ ئەوەی کولتووری ئێزدی لەناو نەچێت و بۆ نەوە نوێیەکان بگوازرێتەوە، هەروەها بە تایبەتی لە یادی ١٠ ساڵەی فەرمانی ٧٤، سەرەتای قۆناغێکی لەو شێوەیە، پاراستنی کولتوور و باوەڕی ئێزدی، وەڵامێکە لە دژی فەرمانەکان، سەبارەت بە خولی پەروەردەی مۆسیقا، ئەو مامۆستایانەی وانە بە منداڵان دەڵێنەوە قسەیان بۆ کردین و ڕایانگەیاند، دەیانەوێت زیاتر کولتووری ئێزدی پیشان بدەن.

 

"تەنها پەروەردەی مۆسیقا نادەین"

مامۆستا بێریڤان شەنگالی ئاماژەی بەوەکرد، ٣٠ خوێندکاریان هەیە و ئەوانیش فێری ژەنینی ئامێری مۆسیقا دەکەن و وتی: دەمانەوێت لەم جۆرە خولانەدا هێندەی تر کولتووری خۆمان پیشان بدەین, منداڵان فێری کولتووری ئێزدی دەکەین بۆ ئەوەی کولتوورەکەمان ون نەبیت، ئێمە تەنها پەروەردەی مۆسیقا نادەین، فێری کولتوورو ڕەوشتیش دەکەین، دەمانەوێت ئەم منداڵانە فێری هاوڕێیەتی ڕاستەقینە بن و بتوانن جیاوازی بکەن لە نێوان شتە باش و خراپەکاندا.

 

وەک خوێندکار دەستی پێکرد بەڵام ئێستا مامۆستایە

هەروەها مامۆستا سۆسین سەیدۆ لە منداڵیدا چووە ناوەندی کولتووری و هونەری ستیا نەخشا، لەوێ فێری ئامێری مۆسیقا بووە و ئێستا وەک مامۆستای مۆسیقا لە ستیا نەخشا منداڵان فێری مۆسیقا دەکات.

 

مامۆستا سۆسین سەبارەت بە خولی پەروەردە ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان هەموو شتێک فێری منداڵەکان دەکەن و وتی: ماوەی سێ مانگە دەستمان بە پەروەردەی منداڵان کردووە،لە هەفتەیەکدا سێ ڕۆژە و منداڵان ڕۆژانی هەینی و شەممە و یەکشەممە دێنە پەروەردە،  لە ماوەی ئەم سێ ڕۆژەدا فێری ئامێری مۆسیقا و کولتووری ئێزدییان دەکەین، دەمانەوێت کولتووری کۆنی ئێزدی لەگەڵ منداڵان گەشە بکات و لەناو نەچێت، هەروەها منداڵان لە هەموو ڕوویەکەوە پەروەردە دەکەین، تەنها فێری مۆسیقایان ناکەین، بەڵکو پەروەردەی تەندروستی و ڕەوشتیش دەدەین.

 

 بانگەوازی منداڵان

هەروەها ئەو منداڵانەی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا پەروەردەی مۆسیقایان وەرگرتووە، خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی و ڕایانگەیاند کە لەم دوو مانگەدا زۆر شت فێربوون و داوایان لە هەموو منداڵەکان کرد بەشداری پەروەردەی مۆسیقا بکەن بە مەبەستی زیندوو کردنەوەی کولتووری خۆیان.