"چۆن بزانم.. ئەوەی وامزانی هاوڕێمە، تیری ژەهراوی هەڵگرتبوو!"
لە مەراسیمی چلەی شەهید ناگیهان ئاکارسەل لە شاری سلێمانی، سەعدییە بەهرام دەقێكی شیعری بە ناوی "سێبەرەکەم" بە زمانی عەرەبی پێشکەش بە ڕۆحی ئەو شەهیدە کرد.
سلێمانی
دوێنێ، ١٣ی تشرینی دووەم مەراسیمی چلەی شەهید ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی کە لە ٤ی تشرینی یەکەم تیرۆر کرا، لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
لە مەراسیمەکەدا پەرتوکی "ژن، ژیان، ئازادی" و گۆڤاری تروسکە بڵاوکرایەوە، وتار و بەیاننامە خوێندرانەوە و پارچە ڤیدیۆیەک لەسەر ژیان و تێکۆشانی شەهید ناگیهان نمایشکرا، هەروەها پەیامی بەشداربووانی مەراسیمەکە لەسەر پارچە وەرەقەیەک بە بەرگی کوردی شەهید ناگیهاندا هەڵواسرا.
لە درێژەی مەراسیمەکەدا سەعدییە بەهرام، دەقێکی شیعری بەناوی "سێبەرەکەم" بە زمانی عەرەبی پێشکەش بە ڕۆحی شەهیدی تێکۆشەر ناگیهان ئاکارسەل کردو ئاماژەی بەوەدا کە شەهید ناگیهان قوربانی دەستی ستەم و خیانەتە
دەقەکە بەم شێوەیەیە؛
سێبەرەکەم
بۆ ساتێک وامزانی
ئەوەی هاوەڵی
سێبەرەکەمە،
هاوڕێمە..
پۆشاک و ئاومە..
هێندە سەربەرز و دڵخۆشە پێم..دەفڕێت
شانازیم پێوە دەکات
لەگەڵ هەنگاوەکانم هەنگاو دەنێت
هەندێ جار پێشم دەکەوێت
هەندێ جار هێواش دەڕوات
تا گوڵ بارانم کات..
دەستی لە ناو دەستم بخات و
سوپاس گوزارم بێت..
دڵسۆزانە لە گەڵمدا
مەشخەڵی خۆشەویستی
هەڵبگرێت
"هەموومان لە پێناوی یەک کەس،
ئەو کەسەش لە پێناوی هەمووانە".
***
چۆن بزانم.. چۆن بزانم
ئەوەی وامزانی
هاوڕێمە
تیری ژەهراوی هەڵگرتبوو!
ئەو
هەڵگری کەڵپەی گورگی هار بوو!
هەموو هەوڵێکی
لەناوبردنم بوو
تاکو فڕێم بداتە
سەر شەقامی خاکێک.
خاکێک کە جوانی تەمەنم پێبەخشی،
دایک و باوکم لە پێناویدا کرد بە قوربانی..
چاوم دەکەوێتە سەر لافیتەیەک
کە بە خەتی دەستم نووسراوە
بە خوێنی سوری گەشم
نەخشە کێشراوە
"کوردستان بۆ هەمووانە"
ئازارەکان ڕۆڵەکانی کۆدەکاتەوە، وەک
چۆن لوتکەی شاخەکانی خاکەکەی کۆدەکاتەوە.
***
خاکم لانەیەکە بۆ
بێگانەکان!
بەرفراوانە
بۆ هەموو ڕەگەزە جیاوازەکان!
چۆن بزانم.. چۆن بزانم
تەنها بۆ من نەبێت جێ لانەیەک
ئەستەم بوو..
تەنها بۆ من نەبێت.. بەرتەسک بوو
تەنها بۆ من و
کۆتری ئاشتیەکان و
برا سەربەست و ئازاکانم
جێ پێیەکمان نەبوو.
نەبوو .. نەبوو.
وەرگێرانی لە عەرەبییەوە/ ڕۆزا حەمە ساڵح