لە دیداری ئەدەبیی منداڵاندا گرنگی ئەو بوارە خرایەڕوو
بەهۆی خراپی بواری ئەدەبیاتی منداڵان و نەزانین لە شێوازی نوسینی چیرۆک و گرنگی نەدان پێی، یەکێتی نوسەران ئەمڕۆ دیداری ئەدەبیی منداڵانی ڕێکخست.
سلێمانی
ئەمڕۆ یەکێتی نوسەرانی کورد لقی سلێمانی، دیداری ئەدەبیی منداڵانی لە هۆڵی ڕامادای شاری سلێمانی ڕێکخست، کەلە دوو پانێڵ پێکهاتبوو، پانێڵی یەکەم بە بەشداری "ئەمین محەمەد، پەیام ئیبراهیم، هاوژین سلێوە، زیاد ڕەشاد و ماجد خەلیل" بەڕێوەچوو.
لە پانێڵی یەکەمدا لەلایەن ئەمین محەمەد، چەند سەرنج و وردبوونەوەیەک لە مێژووی ئەدەبیی منداڵانی کورد، ڕوونکرایەوە هەروەها پەیام ئیبراهیم گرنگی و بایەخی ئەدەبیاتی منداڵان و کاریگەری لەسەر پێشکەوتنی گەلان خستەڕوو، جگە لەوەش گرنگی دەستنیشانکردنی تەمەن بۆ نوسینی ئەدەبیی منداڵان لەلایەن دکتۆر هاوژین باسکرا و ڕۆڵ و بایەخی ڕەخنە لە بواری ئەدەبی منداڵان لەلایەن زیاد ڕەشاد خرایەڕوو، لە کۆتایشدا دکتۆر ماجد خەلیل ئەدەبی منداڵان و کاریگەری لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوەکانی باسکرد.
"ئەدەبیاتی منداڵان سەرەڕای گرنگییەکەی پشتگوێ خراوە"
پەیام ئیبراهیم، ئاماژەی بەوەدا منداڵ بوونەوەرێکی کامڵە بەڵام لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەو شێوەیە سەیر ناکرێت، بۆیە ئەدەبیاتی منداڵانیش پشتگوێ دەخرێت، گەشەی کەسایەتی منداڵان لە تەمەنی ٥ ساڵییەوە دەستپێدەکات، بۆیە پێویستە گرنگی بە ئەدەبیاتی منداڵان بدرێت چونکە لە دواڕۆژدا کۆمەڵگە و وڵات لەسەر دەستی منداڵ بونیاد دەنرێت، یەکێکیش لەو هۆکارانەی منداڵ ئاڕاستە دەکات ئەدەبیاتی منداڵانە، بۆیە گرنگە گرنگی بدرێت بە ئەدەبیاتی منداڵان بە تایبەت چیرۆک، چونکە دەبێتە هۆی تاکێکی خوێنەر و داهاتوو ڕۆشن.
"بە پێی لێکۆڵینەوەکان پێویستە منداڵ پێش ئەوەی بچێتە قوتابخانە حەوت هەزار وشە فێربووبێت، ئەمەش بە قسەکردنی ڕۆژانە فێرنابێت، بەڵکو بە خوێندنەوە و ئاڕاستەکردن لە ڕێی ئەدەبیاتەوە فێر دەبێت".
"تەکنەلۆژیا باڵی بەسەر ئەدەبیاتی منداڵاندا کێشاوە"
شۆخان ئیسماعیل، مامۆستای کوردی، باسی لەوەکرد، ئەنجامدانی کۆڕی لەو شێوەیە گرنگە و پێویستە گرنگی زۆری پێبدرێت، بەڵام بەداخەوە بەشداربووانی دیداری لەم شێوەیە ڕێژەیان کەمە بە بەراورد بەو کەسانەی کە پێویستە گرنگی بەم کۆڕانە بدەن، بۆیە داوا لە وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوبەرایەتی پەروەردە دەکات کە گرنگی بەم دیدارانە بدەن و ساڵانە ئەنجامی بدەن، کۆمەڵێک مامۆستا لە تەواوی قوتابخانەکان کۆبکاتەوە و زانیاری نوێیان پێبدات، بۆ ئەوەی تەواوی مامۆستا و دایک و باوکان ئاگاداری ژانەرەکانی ئەدەبیاتی منداڵان بن، بۆ ئەوەی چیتر تەکنەلۆژیا باڵ بەسەر ئەدەبیاتدا ڕانەکێشێت.
هەروەها وتی: بەهۆی بایەخنەدان بە زمان و ئەدەب، زمان بەرەو لەناوچوون دەچێت، بۆیە ئەدەبیش لە ئاستێکی زۆر خراپدایە، بۆ چاککردنی ئەم دۆخە پێویستە کرداریانە کار لەسەر منداڵان بکرێت و ئەدەب و مێژووی ئەدەبیان پێ بناسێندرێت، چیتر گرنگی بە نمرە نەدرێت بەڵکو بە زانست و ئەدەب بدرێت".
لە کۆتایشدا دەڵێت: ئەدەب بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان کەسایەتی منداڵ دیاری دەکات، هەر ئەدەبە میللەت و کولتوور دیاری دەکات، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەدەبی منداڵانان گرنگی پێنادرێت و بەشێوەیەکی خراپ نووسین و ئەدەب بۆ منداڵان دەنووسرێت و زۆرینەی چیرۆکەکانیش لە ڕاستییەوە دوورن و لەگەڵ کولتووری کوردی ناگونجێن و منداڵ لێیان تێناگات.
"دەبێت نووسەر بزانێت چۆن بۆ منداڵان دەنووسێت"
فەوزییە مەنمی، چیرۆکنووس و وەرگێڕ، ئاماژەی بەوەدا، زۆربەی ئەو چیرۆک و نووسینەی لە کۆندا نووسراون بۆ منداڵان چیرۆکی ترسێنەر بوون و باسیان لە تۆقاندنی منداڵان کردووە، باس لە شتانێک کراوە کە پەیوەندی بە منداڵەوە نەبووە و بووەتە هۆکار بۆ بونیادنانی کەسایەتی خراپ، بەڵام ئێستا تا ڕادەیەک گۆڕانکاری لە چیرۆکدا کراوە و هەستەکانی ترس، شەرم، توڕەیی و ئیرەی منداڵ لەبەرچاو دەگیرێت.
دەشڵێت: پێویستە نووسەری منداڵ بزانێت کە چۆن و چی و بۆ کێ دەنووسێت، تا بتوانێت بابەتێکی بەسود بێنێتە بەرهەم، هەروەها تەمەنی منداڵ لەبەرچاو بگیرێت و بزانرێت چی بۆ چ تەمەنێک دەنووسن، بەڵام بەداخەوە ئەدەبی منداڵان لە ئێستادا لە پاشەکشەدایە، بەهۆی ئەوەی بۆ نووسەران ئاسانکاری نەکراوە تا ژمارەیەک کتێب و چیرۆکی زۆر چاپ بکات و دەنگی بە زۆرترین کەس بگات، بۆیە ناتوانێت پەیامەکەی بنێرێت.