"جلی کوردی جوانە و ڕەسەنایەتی پێوە دیارە"
بێخاڵ عەبدوڵا، بەرگدروویەکە و باس لە جلی کوردی دەکات، دەڵێت: جوانترین جل، جلی کوردییە و شەنگ و شۆخە، بە تایبەت جلی کوردی کلاسیک.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- بێخاڵ عەبدوڵا، ژنێکی بەرگدرووی دانیشتووی شاری هەڵەبجەیە لە ساڵی ١٩٧٤ لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٨٧ کاتێک تەمەنی هێشتا کەم بووە دەستی بە کاری دروومان کردووە، وەک دروومانێکی کلاسیک و فۆلکلۆر خوازیارە مۆدیلی جلی کوردی ببێتەوە بە کلاسیک، "چونکە ئێمە کوردی ڕەسەنین و دەبێت کولتوورەکەمان بپارێزین".
لە دوای کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە ئۆردوگادا کاری دروومانم کردووە
بێخاڵ عەبدوڵا باس لەوە دەکات کە هەرچەندە بەهۆی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەوە ئاوارە بوون، بەڵام توانیویەتی لە غەریبیش کاری دروومان بکات و لەگەڵ ئەوەشدا بە هۆی گرانی و کەمی دروومانکردن، دەستی کردووە بە کڵاش چنین و کارە دەستییەکانی دیکەی کردووە.
جلی کوردی ڕەسەنایەتی پێوە دیارە
بێخاڵ باس لەوەدەکات کە درووینی جلوبەرگی کوردی کۆن قورستر بووە، بەڵام جوان بوون، وتی: هەموو پارچەیەکی جلی کوردی دەبوایە بەرگی پێوە بوایە، هەمووی هەشت پارچە و چوار پارچە بووە، بەڵام دروومانی ئێستا ئاسانکاری بۆ کراوە لە قوماش و دیزاین و ڕەنگەکانیدا، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت هەوڵ بدەین ڕەسەنایەتی جلی کوردی بپاریزین.
بێخاڵ عەبدوڵای بەرگدروو، خۆشحاڵە بەوەی چەند ساڵێکە پارچە کلاسیکەکانی جلی کوردی مۆدیان هاتووەتەوە، دەشڵێت: خۆم هەمیشە جلی کوردی بەکاردەهێنم بۆ ڕۆژانە چونکە جوانە.