٧ ژنی شێوەکار پێشەنگایەکی شێوەکارییان کردەوە
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژناندا، لە شاری ڕانیە پێشەنگایەکی شێوەکاری بۆ نیشاندانی هێز و ئیرادەی ژنان و تێکۆشانی بەردەوامیان کرایەوە.
دیڤان سیهاد
ڕاپەڕین- ئەمڕۆ لە شاری ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، دامەزراوەی ڕایەڵ بۆ ئاڵوگۆڕی کولتووری و گروپی شێوەکاری کچانی ڕانیە، پێشەنگایەکی هونەرییان بۆ ٧ شێوەکانی ژن بەبۆنەی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان کردەوە.
پێشەنگاکە بە دروشمی "دووانی تابلۆکان، ژنان سەرمەشقی ئازادین" کراوەتەوە، ٧ شێوەکار بە ٢٧ تابلۆ و ٧ کاری سیرامیک بەشداربوون.
ڕێژنە حەمید مستەفا، شێوەکارە و دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی ڕانیەیە، هاوکات سەرۆکی گروپی شێوەکاری کچانی ڕانیەیە، پیرۆزبایی ٨ی ئاداری لە ژنانی کوردستان و جیهان کرد و لەبارەی پێشەنگاکەوە وتی: گروپی شێوەکاری کچانی ڕانیە لە ٧ ئەندام پێکهاتووین، هەموو ساڵێک پێشانگامان کردووە و خاوەنی ٧ پێشەنگای تایبەتی خۆمانین، من لەم پێشەنگایەدا بە ٦ تابلۆ بەشداریم کردووە، تابلۆکانم باس لە لە جوانی ژن و خەمەکانی ژن دەکات.
ورود سیرامیک، شێوەکار، لە پێشەنگاکەدا بەشداری کردووە و پیرۆزبایی ٨ی ئادار لە ژنان دەکات و دەڵێت: پیرۆزبایی ٨ی ئادار لە هەموو ژنان دەکەم، بە تایبەتی ژنانی کوردستان، لە پێشەنگاکەدا بە ٧ کاری سیرامیک بەشداریم کردووە، کە باس لە نەهامەتییەکانی ژن و سووتان و ئەو ژنانە دەکات کە مافی ئازادییان نییە.