پێنجەمین پێشەنگای گروپی قوتابیانی ئاسۆ مورادی کرایەوە

پێنجەمین پێشەنگای تابلۆی گروپی قوتابیانی ئاسۆ مورادی کرایەوە و ئاسۆ مورادی دەڵێت: مەبەست لە ئەنجامدانی ئەم پێشەنگایە زیاتر ئاشناکردنی خەڵکە بە قوتابیان و شێوازە جیاوازەکانی نیگارکێشی و هونەر.

ئاگرین حسینی

 

دیواندەرە - پێنجەمین پێشەنگای گروپی تابلۆکانی خوێندکارانی ئاسۆ مورادی لە ٢٣ ئەیلوول دەستی پێکرد  و تا ١ی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت، پێشەنگاکە بە ئامادەبوونی ژنانی هونەرمەند و ئارەزومەندانی هونەری نیگارکێشان و خەڵک بەڕێوەدەچێت.

 

ئاسۆ مورادی، ڕاهێنەری نیگارکێشی و گرافیک دەڵێت: لە ساڵی ١٩٩٧ بە شێوازی ئەکادیمی دەستم بە کاری هونەری کرد، لە ساڵی ١٩٩٨ یەکەمین پێشەنگای تاکەکەسیم لە دیواندەرە کردەوە، دواتر وەک گروپ بەردەوام بووم.

 

سەبارەت بە ئامانجی پێشەنگاکە دەڵێت: مەبەست لەم پێشەنگایە زیاتر لەسەر ڕۆڵی ژنانە لە کۆمەڵگەدا و زیاتر ئاشناکردنی خەڵک بە قوتابیان و شێوازە جیاوازەکانی نیگارکێشان و هونەرە.

 

هاوژین خەلقانی، هونەرمەندێکی دیکەی بەشداردبووە و دەربارەی کارەکانی دەڵێت: دوو ساڵە دەستم بە چالاکی هونەریی کردووە، زۆر دڵخۆشم کە توانیم بەرهەمە هونەرییەکانم وەک هونەرمەندێکی ژن نمایش بکەم.

 

ئاماژەی بەوەشکرد: ئەنجامدانی ئەم پێشەنگایانە، جا گەورە بێت یان بچووک، لە شارەکەدا، وا دەکات ژنان زیاتر درک بە تواناکانی خۆیان بکەن و بەرەو هونەر و مەعریفە ڕابکێشرێن.

 

لەم پێشەنگایەدا کارە هونەریەکانی قوتابیانی ئاسۆ مورادی، سورەیا محەمەدی، سەحەر نووری، پەرنیا ئاسیابانی، هاوژین خەلقانی، دونیا خوسروپەنا، سۆهەیلا ڕەحمانی، فەرزانە ڕاد، ئەڤین دیوارگەر، سەفورا مورتەزەوی، ئارش ڕەحمانی، هێژا جەعفەرپوور، نمایش دەکرێن.