شەدەلار مۆرکێک بۆ پاراستنی جلوبەرگی کوردی

لە ئێستادا ژنانی گەنجان هەوڵ دەدەن جلی کوردی بە مۆرکی کوردیەتی خۆی زیندوو بکەنەوە، خوشکانیش یەکێکە لەو گەنجانەی لە ڕێگەی کارەکەیەوە جلوبەرگی کوردی بە ئاڵوواڵای خۆیی دەپارێزێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- وەک چۆن لەبەرکردنی جلی کوردی ڕەسەنایەتی ژنی کورد دەردەخات، ڕێکخستنی ڕەنگەکان و شێوازی لەبەرکردن و گونجاندنی کولتووری کوردی نیشان دەدات، بەشێکی بەرچاو لە ژنان لە ئێستادا سەرقاڵی زیندووکردنەوەی جلی ڕەسەنی کوردین، خوشکان ئەحمەدیش یەکێکە لەو ژنانەی لە ڕێگەی کارەکەیەوە هەوڵی داوە جلی ڕەسەنی کوردی زیندوو بکاتەوە.

 

خوشکان ئەحمەد، دەرچووی کۆلێژی بازرگانی بەشی ئامار و کۆمپیوتەرە لە زانکۆی سلێمانی، خاوەنی براندی شەدەلارە، لە باسی چۆنیەتی دەستپێکردنی و حەزی بۆ کاری سەربەخۆی خۆی ڕوونیکردەوە، سەرەتا لە ماڵەوە دەستی کردووە بە کار و بە کاری دیزاین و چنین، دواتر هەوڵی داوە دوکانێکی تایبەت بە خۆی بکاتەوە کە ئیشی چنین و بەرگدرووی تیادا بێت، بۆ ئەمەش لەگەڵ چەند ژنێکی دیکە ڕێکەوتن و دوکانێکی کردووەتەوە.

 

"خوێندنم تەواو کرد پاشان دەستم کرد بەو کارەی خۆم حەزم لێیەتی"

خوشکان لە منداڵییەوە خولیای وێنەکێشانی هەبووە و هەمیشە حەزی بە تێکەڵکردنی ڕەنگەکان کردووە، وەک باسی دەکات هەمیشە مامۆستای هونەرەکەی پێی وتووە کارەکانی جیاوازە، وتی: هەرچەندە بەهرە و توانام هەبوو بەڵام بەرەوپێشچوون نەبوو، چونکە دەبوو بمانخوێندایە و نمرەیەکی بەرزمان بەدەست بهێنایە، تەنانەت خۆم حەزم بە کۆلێژی هونەرە جوانەکان بوو، بەڵام ماڵەوە ڕێگەیان پێنەدەدام.

 

لە درێژەی قسەکانیدا خوشکان ئەحمەد باسی لەوەکرد، بەهۆی ئەوەی دایکی دروومانی زانیوە، ئەمەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی خوشکانیش دەست بداتە پارچەکانی دایکی و بیانچنێت، بەڵام دووبارە خوشکان بەهۆی خوێندنەوە پەرەی بەم توانایەی نەداوە و خوێندنەکەی درێژە پێدا، تا ئەو کاتەی تەواوی کرد و بووە خاوەن بڕوانامە، دواتر دەستی کردووە بە کارکردن لە شوێنێکی ناحکومی، بیریشی لەوە کردووەتەوە دووەبارە درێژە بدات بە خەونی منداڵی، هەر بۆیە دەستی کردەوە بە کاری چنین و شەدەلاری دامەزراند.

 

ناوی شەدەلاری وەک ئامرازی ڕەسەنایەتی کورد هەڵبژاردووە

خوشکان ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، سەرەتای کارکردنی لە بابەتی جلی کوردیدا لە ماڵەوە کاری دەکرد، بەهۆی ئەوەی ماڵەوە پاڵپشتیان کردووە و هانیان داوە بۆ ئەوەی بیرۆکەکانی کەسانی دیکەش سودی لێوەربگرن، هەر بۆیە یەکەم کاری بۆ خۆی بووە و لە کاتی دەرچوونی لە زانکۆ خۆی جلە کوردییەکانی ڕازاندووەتەوە و چنینی بۆ کردووە، لە پاش ئەوە لە ساڵی ٢٠١٩ کارەکەی فراوان کردووە و دەستی کردووە بەوەی جل بۆ کەسانی دیکە بچنێت و دوکانێکی تایبەت بە خۆی داناوە، لە ساڵی ٢٠١٧وە پەیجی تایبەت بە خۆی داناوە، بەڵام بۆ ئەوەی کڕیارەکان قوماشەکان ببینن دوکانێکی تایبەتی کردووەتەوە.

 

شەدەلار ناوی دوکانەکەی خوشکانە و دەربارەی ناوەکەی دەڵێت: شەدەلار وشەیەکی ڕەسەنی کوردییە و پارچەیەکە لە هەوری، لە ساڵانی پێشوو بۆ سەر کەمەری جلی کوردی بەکاردەهێنرا، هەوڵمان داوە ڕەسەنایەتی جلی کوردی بپارێزین، بۆیە ناوێکی فۆلکلۆریشم دانا، بەتایبەت لە ئێستادا کە ژنان بە گشتی حەز بە جلی کوردی فۆلکلۆری کوردی دەکەن، تەنانەت کەسە بیانییەکانیش هەمان داواکاریان هەیە.

 

"زیاتر گرنگی بە چنینی ورد و کڵاو دەدەین"

خوشکان ئەحمەد باسی لەوەکرد لە ئێستادا گرنگی بە چنینی سەر جلی کوردی نادەن بە بەروارد بە ساڵانی پێشوو، وەک خۆی دەڵێت، ژنانی دیکە هەن لەو بوارەدا دەستێکی باڵایان هەیە، بەڵکو ئەمان وەک شەدەلار زیاتر گرنگی بە چنینی کڵاو دەدەن و لەناو خەڵکیشدا بە کڵاو ناسراون، وتیشی: کڵاو چنین کارێکی وردە، بەڵام خۆشە و خەڵکی داواکاری لەسەری هەیە، کڵاوێک بۆ یەکێکی دیکە کاتی تەواوبوونی جیاوازە، دەکەوێتەوە سەر نەخشی کڵاوەکە.

 

جگە لەوەی لە شەدەلاردا کڵاو دەچنرێت، کار لە جلی کوردی و ڕێکخستن و درووینیدا دەکەن، هەروەها کار لە چنینی پێداویستییەکانی ماڵ وەک گۆشە و سەر مێزدا دەکەن، خوشکان قوماشەکان لە بازاڕ دەکڕێتەوە و دیزاینیان دەکات، یاخود لەگەڵ بازرگانەکان ڕێدەکەوێت و قوماشی بۆ دەهێنن، خودی خۆشی لە تێکەڵکردنی ڕەنگەکاندا شارەزایە و بە جۆرێک ڕێکیان دەخات کە دەستێک جلی کوردی جوان دەرچێت.

 

"ژنان دەبیت بە جۆرێک کارەکەی خۆیان خۆشبوێت قسەی کۆمەڵگە نەبێتە ڕێگر لەبەردەمیاندا"

خوشکان ئەحمەد ڕوونیکردەوە نهێنی کارکردنیان سەرەتا متمانەی خەڵکە و پێی وایە دەبێت متمانەی کڕیار لەدەست خۆیان نەدەن، هەروەها لە شەدەلاردا ژنان دەتوانن قوماشەکەیان دەست بکەوێت بۆیان دەدورن و بۆشیان دەچنن، وتی: یەکێکی دیکە لە نهێنی کارەکانی ئێمە وردەکارییە لە کارەکاندا و تێکەڵکردنی ڕەنگە، گرنگی تەواو دەدەین بە تەواوکردنی جلە کوردییەکان لە کاتی خۆیدا.

 

خوشکان ئەحمەد بە گرنگی دەزانێت ژنان لە هەر بوارێکدا بێت پشت بە خۆیانن ببەستن و لەسەر پێی خۆیان کار بکەن، دەست بدەنە ئەو کارانەی کە حەزی پێدەکەن و خولیایانە، دەشڵێت: مەرج نییە دەستپێکی کارەکەت بتوانی بگەیت بە ئامانجەکەت، بەڵکو پێویستە هەوڵ بدەیت بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بیت و بگەیت بە ئامانجەکەت، چونکە هەموو کارێک زەحمەتی خۆی هەیە و بەربەست و ڕێگری دروست دەبێت، بەڵام پێویستە هەوڵ بدەیت بەسەریاندا سەربکەوین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هەلی کار بۆ ژنانی دیکەش بڕەخسێنین.