ڕێوڕەسمی کۆنی کومسای لە هەورامان بە بەشداری ژنان بەڕێوەچوو
ڕێوڕەسمی کۆمسای بە بەشداری بەرفراوانی ژنان ڕازێندرایەوە، بەڵام نەبوونی ژنان لەناو گروپە ژەنیارەکاندا بووە جێی ڕەخنەی ژنان و هەڵوێستی خۆیان لە مەراسیمەکەدا خستەڕوو.
هەورامان
ڕێوڕەسمی کۆنی کومسای، هەینی، ٥ی ئایار لە هەورامان تەخت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ئامادەبوونی سەدان میوان و پێشەنگایەتی ژنان بەڕێوەچوو، تیایدا بڕگەکانی، وتار، ژەنینی شمشاڵ، دەفژەنی و ڕێوڕەسمەکانی ڕەسەنی کۆمسای پێشکەشکران،
لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا وتاری بەرپرسانی سەر بە حکومەت خوێندرایەوە، بەڵام لەلایەن خەڵکەوە پێشوازی لێنەکرا، دواتر پێشکەشکردنی ئاوازی شمشاڵ و دەفژەنی سەرنجی ئامادەووانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، بەڵام نەبوونی ژن لەناو گروپەکاندا بووە جێگەی هەڵوێستی ژنان و لەبەردەم تەختەی شانۆکەدا، ژنانی دەفژەن بە دەفەکانیان لەگەڵ گروپەکەدا ئاوازیان ژەنی و بەم شێوەیە نیشانیان دا کە ژنانی دەفژەن، لەکاتێکدا، تەنها هەفتەیەک لەمەوبەر لە ڕێوڕەسمی پرسەی باینگان زۆرینەی مۆسیقاژەنەکانیان پێکهێنابوو، هیچ شوێنێکیان لەسەر شانۆ و لە نێو مۆسیقاژەنەکاندا نییە.
بەپێچەوانەی نەبوونی ژنان لەسەر تەختەی شانۆ، لەناو جەماوەردا ژنان بەڕێژەیەکی بەرفراوان بەشدارییان کرد و زیاتر لە نیوەی میوانان و بینەرەکان ژن بوون و زۆرینەیان ژنی کورد و ژنانی غەیرە کورد بوون کە لە هەموو ئێرانەوە بە جلوبەرگی جوان و ڕەنگاوڕەنگ و هەمەچەشنی کوردییەوە هاتبوون بۆ ڕێوڕەسمی کومسای لە هەورامان، ئەمەش جوانی بە دیمەنی شار و ڕێوڕەسمەکە بەخشیبوو.
لە پەراوێزی ڕێوڕەسمەکەشدا پێشانگایەکی کاری دەستی هەورامان و خواردنی کوردی کرابووەوە، کە لە چەند کۆشکێک پێکهاتبوو و زۆربەیان لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرا و پێشوازییەکی زۆر باشی لێکرا.