هەشتەمین فێستیڤاڵی گوڵە هەنار بۆ شیعری لاوان بەڕێوەچوو

بە دروشمی "لە هەڵەبجە بۆنی شیعر دێت" لە شاری هەڵەبجە هەشتەمین فێستیڤاڵی گوڵە هەنار بۆ شیعری لاوان بەڕێوەچوو.

هەڵەبجە

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی دکتۆر مستەفا زەڵمی لە شاری هەڵەبجە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری لاوان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەر هەشتەمین فێستیڤاڵ گوڵەهەنار بۆ شیعری لاوان بە دروشمی "لە هەڵەبجە بۆنی شیعر دێت" سازکرا.

 

ڕۆژ هەڵەبجەیی، شاعیری میوان لە فێستیڤاڵەکەدا ئاماژەی بەوەدا ماوەی هەشت ساڵە فێستیڤاڵەکە بەڕێوەدەچێت و هیوای بەردەوامیدانی خواست، "هەڵەبجە لە بیرەوەری و لە کۆندا پێی وتراوە باخچەی شاعیران، چەندین شاعیر لەم شارەدا گەورە بوون و هەفتانە کۆڕ و سیمیناری شیعریان گێراوە، بۆیە دەوڵەمەندبوونی هەڵەبجە بە شیعری کوردی لە کۆنەوە بۆی ماوەتەوە".

 

وەک شاعیرێک هیواخوازە کە ئەم پێشکەوتنە تەنها لە بواری شیعردا نەبێت، بەڵکو لێکۆڵینەوە و تێزی ئەدەبیشی بۆ زیاد ببێت.

 

سەبارەت بە بەشداریکردنی ژنان، ڕۆژ هەڵەبجەیی باس لەوەدەکات، هەرچەندە بەشداری ژنان کەمە، بەڵام هزر و بیروباوەڕی ژنانیش لە توانایدایە شیعر و شانامەی ئەدەبی و جوان بنووسن.

 

هەشتەمین فێستیڤاڵی گوڵە هەنار بۆ شیعری لاوان ١٨ شاعیری گەنج لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستانەوە بەشدارییان تێدا کردووە و ماوەی ٢ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.