هەڵەبجە، کۆنسێرتێکی هونەری بەڕێوەچوو

شەوی ڕابردوو لە شاری هەڵەبجە کۆنسێرتێک بۆ گروپی ڕەزبەر، گروپی منداڵانی فێرگەی شنروێ و هونەرمەند هانی بەڕێوەچوو.

هەڵەبجە

 

شەوی ڕابردوو لە شاری هەڵەبجە ڕێکخراوی گۆتەی ئەڵمانی بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری پارێزگای هەڵەبجە و تیپی منداڵانی فێرگەی شنروێ شەوە ئاهەنگێکیان ڕێکخست.

 

لە شەوە ئاهەنگەکەدا هەریەک لە گروپی ڕەزبەر، گروپی منداڵانی فێرگەی شنروێ و هونەرمەند هانی بەشداربوون، لەو بارەیەوە، ژیوا حسێن لە گروپی ڕەزبەر خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە توانیویەتی لە کۆنسێرتێکی لەو شێوەیەدا بەشدار بێت دڵخۆشی خەڵکی هەڵەبجە وایکردووە دووبارە بێتەوە و کاری هونەریان پیشکەش بکات .

 

بوشرا فاروق، هاوڵاتییەکی شاری هەڵەبجەیە و ئاماژەی بەوەدا کە مێژووی هەڵەبجە مێژوویەکی دێرینی هەیە لەناو هونەردا و خەڵکەکەی هونەردۆستن، بۆیە گرنگە کۆنسێرت و چالاکی لەو شێوەیە بەڕێوەبچێت.

 

شەوە ئاهەنگی هەڵەبجە تا درەنگانێکی شەو بەردەوام بوو، هاوڵاتیان بە جۆش و خرۆشەوە گوێبیست بوون و هیواخوازبوون لەم چالاکیانە دووبارە بکرێتەوە.