شانۆیی کۆگای ژمارە ٤؛ وێنەدانەوەیەک لە ڕۆژگاری ئێستا

شانۆی "کۆگای ژمارە ٤" باس لەوە دەکات، کە چۆن ڕۆژانێک کەسانێک قارەمانانە خەباتیان کردووە بۆ ڕزگاری گەلی کورد و لەو پێناوەدا لەناوچوون یاخود زەلیل بوون، ئێستا بەرهەمی ڕەنجەکەیان کەسانێکی ناشایستە دەیخۆن.

بانە ڕۆز

 

سلێمانی- شانۆ شێوازێکی هاوبەشی هونەری نمایشکردنە کە بە شێوەی زیندوو ئەنجام دەدرێت، بە زۆری نواندنکاران، ئەزموونی ڕووداوێکی ڕاستەقینە یان خەیاڵی پێشکەش دەکەن لە بەردەم بینەرێکی ڕاستەوخۆدا لە شوێنێکی دیاریکراو، کە زۆرجار تەختی شانۆیەکە. ڕەنگە نواندنکاران ئەم ئەزموونە لە ڕێگەی تێکەڵکردنی ئاماژە، قسەکردن، گۆرانی، مۆسیقا و سەما بە بینەر بگەیەنن، ئەمەش کۆنترین شێوازی درامایە، لەگەڵ ئەوەشدا، ئێستا شانۆی ڕاستەوخۆ شێوازەکانی تۆمارکراوی مۆدێرنی تێکەڵ بووە.

 

کۆمەڵگەی کوردی لەم هونەرە بێبەش نیە و لە سەرەتای سەرهەڵدانیەوە یەکێک بووە لە ڕێگا باوەکان بۆ خستنەڕووی کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگە، لەگەڵ ئەوەشدا، زۆرجار لە ڕێگایەوە جوانیەکان و خۆشەویستی و چیرۆکە مەزنەکان لەچاو و گوێی بینەردا دەژیەنێتەوە.

 

شانۆی "کۆگای ژمارە ٤" لە دەرهێنانی دێرین حامید و نواندنی کۆمەڵێک شانۆکاری بەتوانا، یەکێکە لەو پارچە هونەریانەی لە بەهاری ٢٠٢٤دا لەدایکبوو، بە بەشداری چەند گەنجێکێش کە سەرەتای ئەزموونیان بووە لە بوارەکەدا پێشکەشکرا، لەم شانۆیەدا، کۆمەڵێک چیرۆک لە یەک چیرۆکدا جێگاکراوەتەوە و چەند لایەنێکی ڕۆژگاری ئەمڕۆی باشووری کوردستان دەخرێتە بەر چاو، لەوانە؛ ئەو هەموو خێزانانەی بە هۆی سیاسەتی شکست خواردووی حزبە خێڵەکیەکانەوە لەیەک ترازان و یاخود نەمانەوە، تێکەڵبوون بە کارەکانیان و نەبوونی توانست لە هاتنە دەرەوە و لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ڕاستیە تاڵەی ئێستا لە سایەی لایەنە سیاسیەکانەوە تێیدا دەژین. شانۆکە باس لەوە دەکات کە چۆن ڕۆژانێک کەسانێک قارەمانانە خەباتیان کردووە بۆ ڕزگارکردنی گەلی کورد و لە پێناوەدا گیانیان بەختکردووە، یان بوونەتە خاوەن پێداویستی و ئێستا بەرهەمی ڕەنجەکانیان کەسانێکی ناشایستە و خۆفرۆش و مافیا ئاسا دەیخۆن.

 

هەروەها دەزگا ڕۆژنامەوانیەکانیشیان قۆرخ کردووە و تەنانەت لە ناوەندە "ئازاد"ەکانیشدا ژێر بە ژێر خاوەندارێتی دەنگی گەل دەکەن، لەو ڕێگەیەشەوە سەرنج دەخەنەسەر هەر ڕۆژنامەنووسێک کە بوێرانە لە دژیان بجەنگێت بە پێنووسەکەی و لە خاڵێکدا کارەساتێکی بەسەردەهێنن، چ بە پڕوپاگەندە و بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست، چ بە هەڕەشە و لێدان و تیرۆرکردن. لە دیمەنی کۆتاییشدا بە ناوازەترین دەربڕین هاتنە بەرچاو کە چۆن کەسانی خاوەن دەسەڵاتی خۆسەپێن، خاوەن دەروونێکی نەخۆش و کەسایەتیەکی قێزەونن، لەسەر تەرمی ئەوانەی دەیانکوژن نان دەخۆن و جگەرە دەکێشن و خۆشی دەبینن، دواتریش تەرمەکان لە کۆڵ خۆیان دەکەنەوە و دەست دەکەنەوە بە هەمان کاری چەند ساڵەی خۆیان و لە ڕۆژی دواتردا چیرۆکێکی تری هاوشێوە دروست دەبێت و بە هەمان دەرئەنجام کۆتایی پێ دێتەوە، بەڵام خوێنی ئەو هەموو مرۆڤە بی تاوانانە لە ژێر نینۆکەکانیان نابێتەوە و تا دەمرن مرۆڤایەتیان کرم هەڵدەهێنێت و شکست دێنێت.

 

"شانۆ ڕێگایەکی سەرەکیە بۆ گەیاندنی ڕاستیەکان"

ژولیا حسێن، شانۆکار و گۆرانیبێژ، کە یەکەمین ئەزموونی شانۆیەتی، دەڵێت: لەم کارەدا من هەم نواندن دەکەم و هەم گۆرانی دەڵێم، کە گۆرانی و موزیکمان تێکەڵ بە کارەکە کردووە ویستوومانە ڕەوانێکی جوانی موزیکی و هونەری تیادا دروست بکەین. گەر باسی خودی کارەکەش بکەم چەند لایەنێک لە خۆدەگرێت، سیاسی، کۆمەڵایەتی، نهێنی و درامی. شانۆ ڕێگایەکی سەرەکییە بۆ گەیاندنی ڕاستییەکان، بەڵام دەبێت بینەر بێت و بیبینێت، ڕەنگە لەم بارودۆخی بێ موچەییەی کوردستان نەتوانن بە پێی پێویست کاری هونەری ناوخۆ ببینن، بەڵام هەرچەنێک بتوانن کاتی بۆ تەرخان بکەن و بیکەن بە بەشێکی سەرەکی ژیانیان. پێویستە کولتووری خۆمان بناسین و بینەر و بیسەر بین تاکو بەتەواوەتی خۆمان بناسین. وزەی هەموو شانۆکارەکانیش پێویستە بۆ کارەکە و ڕوحیەت و ژیانەوە دەبەخشێت بە شانۆییەکە، کاتێک تۆ دێیتە سەر شانۆ، دەکرێت گۆرانی بڵێیت یاخود نواندن بکەیت یان هەر کارێکی تر، دەبێت بە ڕوحیەتێکی تازەوە بێیتە شانۆوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە خۆشحاڵانە نواندنکاری زۆر باشی ژن هەیە، جێی خۆشحاڵیە کە کورد بیت و ژن بیت و بێیتە بوارێکی هونەریەوە، چەنەها ژنی بەتوانا هەیە، لەوانە مامۆستا گەزیزە عومەر، مامۆستا بەدیعە دارتاش و نموونەی تریش، هەروەها وتیشی: ئێمەش لەوانەوە سەرچاوە دەگرین و تەماشایان دەکەین، بۆ ئەوەی ئێمەش ببین بە پێشەنگ و نەوەی دوای خۆمان چاومان لێ بکەن، کارەکتەرەکەی منیش زۆر لە کەسایەتی خۆمەوە نزیکە و کاتێک لە کۆتاییدا گۆرانی دەڵێم، هەموو هەست و ئیحساسی خۆم بەکاردەهێنم و هەوڵەدەم لەگەڵ چیرۆکی شانۆکەدا شتێکی زۆر جوان پێشکەش بە بینەرانمان بکەین.

 

"هەر کارێکی هونەری، دەبێت هەڵگری پەیام بێت"

دیاری عومەر، نواندنکار، کە وەک بینەرێک هاتبوو سەیری شانۆییەکە بکات، وتی: من خۆشحاڵم کە نەوەیەک هاتووەتە پێشەوە دوای ئێمە نواندن دەکەن لە سینەما و دراما و شانۆ، بە هیوام ئەو هەنگاوانەی کە هەیە زیاتر بێت، بۆ ئێمە مایەی خۆشحاڵیە، چونکە ئێمە وردە وردە گەورە دەبین و ڕەنگە هەندێک ڕۆڵ ئێمە نەتوانین ببینین، من پێم خۆشە ئەم کچە جوانانە کە بە توانان و خوێندکاری هونەرە جوانەکانن، یان قوتابی کۆلێژی هونەرن، من دەستخۆشیان لێ دەکەم کە نەوەیەک دروست دەبێت نواندن و هونەری لا خۆشەویستە.

 

دیدار عومەر، نواندنکار و بینەری شانۆکە، وتی: هەر کارێکی شانۆیی یان هەر کارێکی هونەری دەبێت پەیامێکی هەبێت، ئەو پەیامەش بۆ گۆرینی کۆمەڵگەیە، بۆ گۆڕینی بیروڕای تاکە، ئەو پەیامەش دەبێت گۆرانکاریەک دروست بکات، گەر نەیکات واتا جێی خۆی نەکردووەتەوە وەکو کارێکی هونەری، بۆیە هەر کارێکی هونەری کە دەکرێت، گۆڕانکاریەکی باش دەکات لە ڕێگای بینینیەوە. هونەر ڕۆژانە بەرەو پێشکەوتن دەڕوات چ لە دراما، چ لە شانۆ، چ لە سینەما، لە هەموو بەشەکانی هونەردا پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینیوە، وە ڕۆڵی هەبووە لە گۆڕانکاریدا، دەشگەڕێتەوە بەوەی تا چەند گوێ دەگیرێت و گرنگی بە کارە هونەریەکان دەدرێت، ئێمە وەک تاکیش ڕۆژانە پەیاممان هەیە، بەڵام گوێمان لێ ناگیرێت، ئێمەش وەک نواندنکاران هەمان پەیامی خەڵکمان پێیە لە کۆمەڵگەدا.