"خەو بە خەوەوە دەبینم" ئەقلیەتی پیاوسالاری لەسەر ژنان باس دەکات

لە چوارچێوەی چالاکییەکان بۆ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، مۆنۆدرامای "خەو بە خەوەوە دەبینم" نمایشکرا، کە باس لە تەشەری کۆمەڵگە و ئەقڵیەتی پیاوسالاری لەسەر ژنان دەکات.

سلێمانی

 

ئێوارەی ئەمڕۆ لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی، مۆنۆدرامای "خەو بە خەوەوە دەبینم" بەبۆنەی رۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر، هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، نمایشکرد.

 

لەسەرەتای چالاکییەکەدا، مۆنۆ دراماکە بە ناونیشانی “خەو بە خەوەوە دەبینم” لە نووسینی محەمەد مەحمود، دەرهێنانی بەرهەم کاکەزاڵ و نواندنی سیڤەر ستار نمایشکرا، کە باسی تەشەری کۆمەڵگە و توندوتیژییەکانی ئەقڵییەتی پیاوسالاری بەرامبەر بە ژنان دەکرد.

 

دواتر شەهێن محەمەد، بەیاننامەی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاکی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو: ژن دەتوانێت ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری بهێنێت لەبەر ئەوە ژن مەکوژن باهەڵوێستی مەردانەتان هەبێت دژی داگیرکاریی و کیمیابارانکردن و داگیرکردنی خاکی کوردستان.

 

باسی لەوەشکرد، ژنبوون ئازادییە چونکە ئازادیی بنەمای ئامانجەکانییەتی و هەموو تێکۆشانی لەو پێناوەدایە، بۆیە ژنان دەبێت ڕۆڵی سەرەکییان هەبێت، لەم ڕۆژەدا پێویستە ژنان بە یەکڕیزی تێبکۆشن و ژینا ئەمینی و ناکیهان ئاکارسەل بکەین بە هەوێنی تێکۆشان تا سەرکەوتن و ئازادیی، ژنان، ژن ژیانە مەیکوژن بەکوشتن و لەناوبردنی ژنانی ئازاد و شۆڕشگێڕ شۆڕشی ژنان ناوەستێ و ناتوانن کۆتایی بە خەباتی ژنان بهێنن.

 

لە کۆتایدا بە وتنەوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و پێشکەشکردنی چەپکەگوڵ بە ستافی مۆنۆدراماکە کۆتایی بە چالاکییەکە هات.