"دەبێت بە هونەرەکەمان ڕووداوە تراژیدیاکان بکەین بە داستان"
شێوەکارێک له ڕێگه‌ی كاره هونهرییەکەیەوە گوزارشت لە هێرشەکانی ڕژێمی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان دەکات و پشتیوانیکردن لێیان دووپاتدەکاتەوە.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- هونەرمەند لە سەردەمە جیاوازەکاندا ڕۆڵی کاریگەرییان لە گوزارشت کردن لە دۆخی کۆمەڵگە و هاوڵاتی و ژنان کردووە، ئەگەر ئەو هونەرمەندە ژنیش بێت، زیاتر ڕۆدەچێتە ناو ڕووداوەکان و بە تابلۆکانیان بەرجەستەی ئازار و نیشاندانی پشتیوانی و هەبوون دەکەن.
تابلۆی "ئاگری نه‌یار كۆڵمان پێ نادات" باس له بۆردومانەکانی ئێران ده‌كات بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان و کامپەکانی کە هاوڵاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێیدا نیشتەجێ بوون، تابلۆکە لەلایەن گوڵاڵه حەمید، مامۆستای به‌شی شێوه‌كاری له په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی كفری کێشراوە و سه‌باره‌ت به تابلۆكه‌ی ده‌ڵێت :تا لە هزری خەڵکدا بمێنێتەوە من ئەم تابلۆیەم کێشاوە.
"ئاگری نه‌یار كۆڵمان پێ نادات"
گوڵاڵە حەمید دەربارەی تابلۆکەی بۆمان دوا و دەڵێت: ئه‌م تابلۆیه دروست له گرته‌یه‌كی كاتی مووشه‌ك بارانه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر شوێنی نیشته‌جێی كوردانی ڕۆژهه‌ڵات له باشووری كوردستان وه‌رگیراوه، ئەگەرچی ئه‌م گرته‌یه له‌گه‌ڵ ڕۆژگاردا له هزری خه‌ڵكدا ڕه‌ش ده‌بێته‌وه و نامێنێت، به‌ڵام ئێمه وه‌ك شێوه‌كاران له ڕێگه‌ی تابلۆ نه‌مری به كات و شوێن ده‌ده‌ین.
لە درێژەی قسەکانیدا هونه‌رمه‌ند گوڵاڵه حه‌مید دەڵێت: تراژیدیای هێرشی مووشه‌ك و درۆن بۆ سه‌ر خه‌ڵكی سڤیل پێویسته ده‌یان تابلۆی له باره‌وه بكێشرێت. تاوه‌كو له بیره‌وه‌ری منداڵەکانماندا ون نه‌بێت، من هه‌نگاوی یه‌كه‌مم ناوە، پێویسته هونه‌رمه‌ندانی كوردستان هه‌موومان ئه‌م تراژیدیا مرۆییه بكه‌ین به داستانێك و ڕووی داگیركه‌رانی كوردستانی پێ ڕه‌ش بكه‌ین و نه‌یارانی پێ ڕیسوا بكه‌ین.
گوڵاڵه حەمید مامۆستای په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی كفریە، له ساڵی ٢٠١٩دا بووە به سه‌رۆكی رێكخراوی كیژانی شێوه‌كاری كفری و سه‌رۆكی ڕێكخراوی كیماش بۆ گه‌شەپێدانی مرۆیی، جگه له مامۆستا و كاری شێوه‌كاری، كاری ڕێكخراوه‌یی بۆ خزمه‌تی گه‌نجان و ژنانی كفری به‌ڕێوه ده‌بات.