پەیمانگای ئۆرکێسترای منداڵانی ڕۆژئاوا؛ داینەمۆی پێشکەوتنی مۆسیقای کوردی

پەیمانگای ئۆرکێسترای منداڵانی ڕۆژئاوا خەونی نەوەی نوێی بەدیهێنا بۆ ئەوەی مۆسیقای کوردیی بەشێوەیەکی ئەکادیمیی لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەشە بکات.

 عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- یەکێک لەو بنەمایانەی گەل و نەتەوەکان بەزیندوویی دەهێڵێتەوە، کولتوور و هونەرەکەیەتی، لە سەدەی ٢١دا هونەری کوردیی تا ڕادەیەکی دیاریکراو پێشکەوتووە، بۆ پاراستنی ئەو کولتوور و هونەرە، پێویستە نەوەکانی داهاتوو پەروەردە بکرێت و فێربکرێن. بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی مۆسیقا لە ڕۆژئاوای کوردستان، دەستەی ڕۆشنبیریی و ئیدارەی خۆسەر پەیمانگای ئۆرکێسترای منداڵانی ڕۆژئاوایان دامەزراند، کە کار بۆ پەروەردەکردن و پەرەپێدانی لێهاتوویی نەوەی داهاتوو دەکات.

 

مزگین تاهیر، مامۆستا لە پەیمانگای ئۆرکێسترای منداڵانی ڕۆژئاوا، لەبارەی ئامانجی کردنەوەی پەیمانگاکەوە دەڵێت: تیمی ئۆرکێسترا پێشتر بوونی هەبوو، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئێستاوە تاڕادەیەک پاشەکشەی کرد، من نزیکەی سێ ساڵە ڕاهێنان بە خوێندکاران  دەکەم، ئامانجیش لەم پرۆژەیە، دوورخستنەوەی منداڵان بوو لە دۆخی ململانێ و پەرەدان بە توانا و هونەریان بوو.

 

منداڵان لە پەیمانگاکەدا ڕاهێنانیان لەسەر چەندین ئامێری میوزیکی ڕۆژهەڵاتیی پێ دەکرێت، لەوانەش؛ کەمانچە، چەلۆ، تەپڵ، گیتار، فلوت و چەندینی دیکە، مزگین دەڵێت: ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە بەرەوپێشبردنی کولتووری مۆسیقامانە، ڕاستە ئێمە سوود لە گەشەسەندنی جیهانی مۆسیقا دەبینین، بەڵام دەمانەوێت مۆسیقای کوردیش لەڕووی ئەکادیمییەوە لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەی پێبدەین.

 

پەیمانگاکە منداڵانی تەمەن ٨ بۆ ١٧ ساڵ وەردەگرێت، منداڵەکان لەسەر سێ ئاست ڕاهێنانیان پێدەکرێت، دوای تەواوکردنی ئاستەکانی ڕاهێنانیش، پەیمانگاکە درێژە بە پەروەردەکردنیان دەدات و بەو ئامانجەی بەهرەکانیان زیاتر پێشبخات بۆ ئەوەی ئۆرکێسترای کوردیی دابمەزرێنن.

 

پەیمانگاکە چالاکییەکانی چڕ کردووەتەوە

تائێستا پەیمانگاکە سێ کۆنسێرتی بۆ ئەو منداڵانە ڕێکخستووە و ڕاستەوخۆ بەرهەمی هونەرییان پێشکەشکردووە، ئەوەش بەلای مامۆستایانی پەیمانگاکەوە واتایەکی گەورەی هەیە بۆ گەشەکردنی متمانەی منداڵەکە بۆ ئەوەی بزانێت کە دەتوانێت بەرهەمێکی باش بەرهەمبهێنێت. لە هەمان کاتدا هەستی سەرکەوتنی بەسەردا زاڵ دەبێت و هونەرەکەی بە ئاسانیی پێشکەش دەکات و شتی نوێ دروست دەکات.

 

ڕووناک حاجی، مامۆستای زمانی ئینگلیزییە لە پەیمانگای ئۆرکێسترای منداڵانی ڕۆژئاوا، ئەو باس لە گرنگیی فێرکردنی زمان لەگەڵ مۆسیقادا دەکات و دەڵێت: ماوەی ساڵێکە لەم ڕێکخراوەدا کار دەکەم، بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش و پەروەردەیی منداڵان فێری زمانی ئینگلیزی دەکەم، لێرە منداڵەکان ئاست بە ئاست فێر دەکرێن، فێرکردنی زمان لەگەڵ هونەردا کارێکی زۆر باشە، بە تایبەت لەم ئۆرکێسترایەدا پێویستیان بە فێربوونی زمان هەیە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە، ئەمەش ڕێگە بە منداڵ دەدات ڕۆحی داهێنەران لەخۆیدا پەرەپێبدات.