دەیەمین پێشانگای پەرتوکی ئامەد: نووسراوەکانی ژنان هەڵگری پەیامی هاوپشتی و هیوا
لەگەڵ زیادبوونی ئامادەبوونی ژنان لە مەیدانی فەرهەنگی و ئەدەبیدا، دەیەمین پێشانگای پەرتوکی ئامەد لە باکووری کوردستان بووەتە پانتاییەک بۆ کۆبوونەوە و ئاڵوگۆڕی بیروڕا، هەروەها سەکۆیەک کە ژنانی نووسەر لە ڕێگەیەوە ئەزموون و پەیامەکانی خۆیان دەردەبڕن.
ئاکین ستێرک
ئامەد- دەیەمین پێشانگای پەرتوکی ئامەدلە ٢٦ی ئەیل٢ول لە پێشانگای نێودەوڵەتی و سەنتەری کۆنگرەی میزۆپۆتامیا کرایەوە، کە لەلایەن گروپی پێشانگەکانی تویاپەوە بە هاوکاری کۆمەڵەی بڵاوکەرەوەی تورکیا و بە پاڵپشتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئامەد (DTSO) ڕێکخرابوو، ژمارەیەکی زۆر لە دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە بەشدارییان کرد، کۆشکەکانیان لە نێوان بەشدارییەکی زۆری دانیشتوانی شارەکەدا دانا.
نووسەر و مامۆستا ئایشە ئیردۆغموش سەچگین بە دوو پەرتوکی "ئەوەی ژیان پێی بەخشیم" و "دەستپێکردن لە خۆتەوە" بەشداری پێشانگاکە دەکات کە تا ٤ی ئۆکتۆبەر بەردەوام دەبێت.
"داهاتی پەرتوکەکەم تەرخان کرد بۆ سکۆلەرشیپی خوێندکارانی ژنی گەنج"
ئایشە ئیردۆغموش سەچگین باسی لەوە کرد، کە لە پەرتوکی "دەستپێکردن لە خۆتەوە" باس لە ئەزموونەکانی خۆی لەگەڵ خوێندکارەکانی دەکات و بڕیاری داوە هەموو داهاتەکەی تەرخان بکات بۆ خوێندکارانی زانکۆ لە شێوەی سکۆلەرشیپدا، وتی: هەموو داهاتی ئەم پەرتوکەم تەرخان کرد بۆ سکۆلەرشیپ بۆ خوێندکارانی ژنی گەنجی زانکۆ، ئەمەش دڵخۆشی کردم، مەبەستی پەرتوکەکە دڵخۆشتری کردم لە بڵاوکردنەوەی.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە نووسین لە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی جیاناکرێتەوە، وتی: ئێمە لێرەین وەک ژن و وەک تاک لەم کۆمەڵگەیەدا بۆ ئەوەی دەنگمان ببیستن، ئێمە ژنین کە دەخوێنینەوە و دەنووسین، مافەکانمان دەزانین، خەبات بۆیان دەکەین، ئێمە لێرەین بۆ کۆکردنەوەی خەڵک، بۆ ڕۆشنکردنەوەی ڕێگا بۆ ژنانمان، بۆ ئەوەی شادییان بۆ بهێنین، یان باشتر بڵێین، بۆ دۆزینەوەی ئەو ڕێگایانەی کە بەرەو بەختەوەری دەمانبەن.
"ئامەد نووسەران بە تەنها جێناهێڵێت”
ئایشە ئیردۆغموش سەچگین لە قسەکانیدا سەبارەت بە پێشانگای پەرتوک ئاماژەی بەوەدا، کە ئەمە دەیەمین جارە پێشانگای پەرتوک لە ئامەد بەڕێوەدەچێت و شارەکە بە نموونەیەکی باش دەزانێت لە پێشوازیکردن و پاڵپشتیکردنی نووسەران، وتی: ئامەد هەرگیز نووسەرانی ئێمە بە تەنها جێناهێڵێت، جا نووسەرانی دەرەوە بن یان نووسەری ناوچەکەمان، ڕێژەی بەشداریکردنیش زۆر باشە.
ڕوونیکردەوە، کە بەهای پێشانگاکە تەنها بە فرۆشتن ناپێورێت، هەرچەندە فرۆشتن زۆر بەرز نییە، بەڵام ئەو ڕاستییەی کە خەڵک دێن بۆ کۆبوونەوە، قسەکردن، ئاڵوگۆڕی بیرۆکە و دۆزینەوەی دیدگای نوێ- هەموو ئەم شتانە بۆ ئێمە بەنرخن.
لە کاتێکدا، پێشانگاکە تا ٤ی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت، ئایشە ئیردۆغموش سەچگین بانگهێشتی خوێنەران دەکات بۆ سەردانکردن و گەڕان بەدوای پەرتوکەکاندا و چاوپێکەوتن لەگەڵ نووسەرانی بەشداربوو.
پەیامەکەی بانگەوازێکی ڕاستەوخۆیە بۆ خوێندنەوە و نووسین و هاودەنگیە، وتی: بۆیە با هەموومان بخوێنینەوە، با هەموومان بنووسین و با پشتگیری یەکتر بکەین، ژن زێدی ژنە.
“ژنان ئێستا زیاتر دەخوێننەوە و دەنووسن”
ئایشە ئیردۆغموش سەچگین ڕوونیکردەوە، کە بوونی ژنان لە بواری نووسیندا ڕۆژانە لە زیادبووندایە، لە کاتێکدا ژنان لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی کۆت و بەندێکی کۆمەڵایەتی بوونەتەوە کە نەیانتوانیوە خەریکی خوێندنەوە و نووسین بن.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە مەودای بەرتەسکی ڕۆڵی کۆمەڵایەتیدا قەتیس بوون، وتی: کاتێک سەیری ئەوە دەکەین کە بۆچی ژنانمان لە ڕابردوودا نەیاننووسیوە، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەوان لە جیهانێکی بچووکدا گیریان خواردووە، چاوەڕوان دەکرا سەرەتا منداڵ پەروەردە بکەن، دواتر خواردنی باش لە چێشتخانە ئامادە بکەن و هتد.
وتیشی: نووسین پێویستی بە بناغەی زانست هەیە، پێویستە بە شێوەیەکی بەرفراوان بخوێنینەوە و کاتی بۆ تەرخان بکەین، هەروەک چۆن ژن بەدوای پیشەی خۆیدا دەگەڕێت، دەبێت کاتێکی بۆ نووسین تەرخان بکات کاتێک دەیەوێت پەتوکێک بەرهەمبهێنێت، دەبێت ڕۆژانە لانیکەم سێ بۆ پێنج کاتژمێر تەرخان بکات.
ئاماژەی بە گرنگی ئەو پاڵپشتییە کرد کە نووسەرێک وەریدەگرێت، بەتایبەتی لە سەرەتای ئەزموونەکەیاندا، وتی: کاتێک دەست بەم گەشتە دەکەیت، ئەو کەسانەی دەستت دەگرن و یارمەتیت دەدەن، بەتایبەتی لە سەرەتاوە، بەهایەکی زۆریان هەیە، ئەگەر تووشی کەسێکی لەو جۆرە بوویت، شتەکان بە باشی دەڕۆن بۆت، بەڵام ئەگەر تووشی کەسێکی لەو جۆرە نەبیت، ئەوا بێگومان هەموو بارگرانییەکە دەکەوێتە سەر تۆ.
"مۆبایل ناتوانێت جێگەی پەرتوک بگرێتەوە"
ئایشە ئیردۆغموش سەچگین باسی لە کاریگەرییەکانی تەکنەلۆژیا و مۆبایل لەسەر خووی خوێندنەوە کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە لە ڕابردوودا خەڵک زیاتر دەیانخوێندەوە، هەروەها بڵاوبوونەوەی مۆبایل و تەکنەلۆژیا بووەتە هۆی کەمبوونەوەی کات بەسەربردن بۆ پەرتوک، وتی: خوێندنەوە مرۆڤەکان بە جیهانە جیاوازەکان دەناسێنێت، ئەو مۆبایلەی لە دەستماندا دەیبینین لە ڕاستیدا ڕێگریمان لێدەکات لەوەی ئەو کارە بکەین، خەڵک لە ڕابردوودا زیاتر دەیانخوێندەوە، لەگەڵ پەرەسەندنی تەکنەلۆژیادا، خوێندنەوەی پەرتوک زیاتر دابەزیوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: تەکنەلۆژیا چەندە پێشکەوتوو بێت، ناتوانێت چێگەی پەرتوک بگرێتەوە، داوای لە خەڵک کردووە بەردەوام بن لە خوێندنەوە و دۆزینەوەی پەتوکی نوێ، هەروەها ئارەزووی خوێنەران بۆ پەرتوک و خوێندنەوەیان و هەڵسەنگاندنیان بۆ پەرتوک دەبێتە مایەی دڵخۆشی بۆ هەموومان.