یوسرا ڕازیانی: دەبێت هەوڵی پاراستنی زمانی کوردی بدەین کە لە زانستدا دوانەکەوێت

یوسرا ڕازیانی ٣ ساڵ پێش ئێستا لە پاوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دێتە باشوری کوردستان، بەهۆی ئەوەی هیچ کتبێکی لەسەر پەرستاری بە زمانی کوردی دەستناکەوێت، بڕیاردەدات ببێت بە یەکەم کەس کە ئەو کتێبە بنووسێت و ماوەی ٢ ساڵە خۆی و خوێندکارەکانی سەرقاڵی ئامادەکردنین.

بێریڤان کەمال

 

سلێمانی- یوسرا ڕازیانی، مامۆستای بەشی پەرستاریە لە زانکۆی کۆمار لە شاری سلێمانی، بەکالۆریۆس و ماستەری لە پەرستاری ژنان و منداڵان لە رۆژهەڵاتی کوردستان خوێندووە، لە چەندین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیدا وەک باشترین قسەکەر دەستینشانکراوە و چەندین بڵاوکراوەی کاریگەری لە ڕۆژنامە و بڵاوکراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا بڵاوکردوەتەوە.

 

ئەو مامۆستایە پێش ٣ ساڵ لە پاوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دێتە باشوری کوردستان و لە زانکۆی کۆمار دەست بە وانەوتنەوە دەکات، بۆ ماوەی دوو ساڵی تەواو لەگەڵ ٦ خوێندکاریدا کاریان لەسەر نووسینی کتێبێک بۆ فێرخوازان کردووە دەربارەی بنەماکانی پەرستاری بە زمانی کوردی.

 

"زمانی دایکم کوردییە، بەڵام کۆرسم وەرگرت بۆئەوەی فێرببم"

مامۆستا یوسرا ڕازیانی لە دەستپێکی قسەکانیدا باسی لەوەکرد سەرباری ئەوەی زمانی دایکی کوردییە، بەڵام کۆرسی وەرگرتووە بۆئەوەی فێر ببێت و بتوانێت قسەی پێبکات، چونکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوێندن و فێربوونی هەموو شتێکیان بە زمانی فارسییە، وتی: "کاتێک هاتم بۆ ئێرە ویستم خۆم فێری زمانی کوردی بکەم، چونکە پێشتر هەموو شتێک بە فارسی فێرببووم و زۆر سەرنجڕاکێش و قورسبوو کە بتوانم بە زمانی کوردی پەرستاری بڵێمەوە، کاتێک کەسێک پرسیارێکی لێ دەکردم دەبوو بگەڕێمەوە بۆ سەر زمانی فارسی".

 

"بڕیارمدا ببم بە یەکەم کەس کە کتێبێکی پەرستاری بە زمانی کوردی بنووسم"

کاتێک ئەو مامستایە کە هەموو شارەکان گەڕاوە بۆئەوەی کتێبێکی دەستبکەوێت بە زمانی کوردی و بتوانێت سودی لێببینێت، هیچ کتێبێکی دەستنەکەوتووە ئەمەش دەبێتە ئیلهامبەخشی نووسینی کتێبێک، "هەستمکرد کە لە تەواوی کوردستان خەریکە زمانەکەمان بەرەو نەمان دەچێت و زمانی کوردی لە زانست دوادەکەوێت، وتم مادەم هیچ کتێبێک نییە با من ببم بەو یەکەم کەسە کە ئەو کتێبە بنووسم و ڕێگا بۆ کەسانی دیکەی دوای خۆم بکەمەوە."



 

یوسرا ڕازیانی ئاماژەی بەوەدا کە لەگەڵ ٦ خوێندکاریدا بۆ ماوەی ٢ ساڵی تەواو سەرقاڵی ئامادەکردنی ئەو کتێبە بوون، "پێش دەستکردن بە نووسینی کتێبەکە یەک ساڵی تەواو بەس زانیارییم کۆکردەوە لە٢٠ کتێبی بواری پەرستاری کە لە زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهاندا بۆ فێرخواز بەکاردەهێندرێت، دواتر خۆم کتێبەکەم بە زمانی ئینگلیزی نووسی، ئەمە کتێبێک نیە کە تەنها وەرگێڕانم بۆ کردبێت، زیاتر لە ٥٠٠ ڕەسمی تیادایە کە خۆم و خوێندکارەکانم بە کردەیی گرتوومانە، خوێندنەوەی ئەو کتێبە وەک ئەوەیە هەموو ئەو کتێبانەت خوێندبێت کە لە زانکۆ بەناوبانگەکانی ئەمریکا و کەنەدا دەخوێندرێت."

 

لەبەرئەوەی هیچ کتێبێک لەسەر پەرستاری نەبوو بۆ فێرخواز بۆیە لە بنەماکانی پەرستارییەوە دەستیان پێکردووە و دەڵێت: "هەوڵمانداوە شێوازی نووسینی ئەو کتێبە نزیک بێت لە کلتوری خەڵکی کوردستانەوە، ئەمە یەکەم هەنگاو بوو بێگومان بەردەوام دەبین لە هەنگاوەکانی دواتریشدا بە تایبەتی کار لەسەر بابەتەکانی ژنان دەکەین."

 

" دەبێت لە خوێندندا گرنگی بە پاراستنی زمانی دایک بدرێت "

مامۆستا یوسرا ڕازیانی وتی ئەرکی هەموو مامۆستایەکە خوێندکارەکانی تێبگەیەنێت کە خوێندن تەنها بەدەستهێنانی نمرە و دەرچوون نیە بەڵکو بەدەستهێنانی زانیارییە، "سەرەتا زۆر قورسبوو بە لای خوێندکارەکانمەوە زۆر هەوڵمدا تا باوەڕییان پێبهێنم تا کتێبێک بنووسین و ئەوە لە خوێندکارەکانم بگەیەنم کە تەنها دەرچوون و بەدەستهێنانی نمرە بەس نیە، بەڵکو دەبێت فێرببن و هەست بەوەبکەن بواری پزیشکی هەستکردنە بە ئەرک و بەرپرسیارییەتی."

 

دەشڵێت: "زۆر زەحمەتە لە کاتی وانەوتنەوەدا خوێندکارێک بە زمانێکی جیاواز لە زمانی دایک بە تەواوی لێت تێبگات، من کاتێک بابەتێک باسدەکەم دواتر خوێندکارەکان دێن بۆ ژوورەکەم و دەڵێن مامۆستا بە کوردی بۆمان باسبکەرەوە، بۆیە زۆر گرنگە لە پاڵ خوێندن بە زمانی ئینگلیزی کە زمانێکی جیهانییە زمانی دایک لەبیرنەکرێت و هەوڵبدەین بیپارێزین، چونکە لە کاتی کارکردن بێگومان زۆربەی نەخۆشەکان کوردن بۆیە ناتوانن وەک پێویست تێیانبگەیەنن."

 

"پێشنیار دەکەم کتێبەکە بکرێت بە سەرچاوە و لەناو زانکۆدا بخوێندرێت"

یوسرا ڕازیانی وتی: "دوای نووسینی کتێبەکە بۆ دڵنیابوونەوە و هەڵەچنکردنی ئیمەیلم بۆ زیاتر لە ٥٠ مامۆستا نارد لە باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام کەمتر لە ١٠ دانەیان وەڵامیان دامەوە و باوەڕییان بەوە نەبوو کە ژنێکی گەنج کتێبێکی پەرستاری بە زمانی کوردی بنوسێت و دەیانوت کەس کتێبی کوردی ناخوێنێتەوە."

 

"دەبێت گرنگی بە تواناکانی ژنان بدرێت لە بواری زانستی "

لە کۆتایدا مامۆستا یوسرا ڕازیانی ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت نرخی ژنان بزانرێت و گرنگی بە تواناکانیان بدرێت. نەوەک بۆ سەرنجڕاکێشان بەکاربهێندرێن، ژنان دەبێت بەهێزبن و گرنگی بە بواری ئاکادیمی بدەن و ڕێگا نەدەن لە شوێنەکانی کارکردندا بە کاڵا بکرێن، ئەو مامۆستا گەنجە ئامانجییەتی لە داهاتووشدا گرنگی بە بابەتەکانی ژنان بدات.

 

مامۆستا یوسرا باسی لە پلانەکانی کرد بۆ ناساندنی کتێبەکەی بە کەسانی ئاکادیمی و مامۆستایانی زانکۆ لە بەشی پەرستاری و کوردی کە بڕیار وایە لە کۆبوونەوەیەکدا باسی کتێبەکەی بۆیان بکات و داوای کرد لە زانکۆکاندا گرنگی بە زمانی کوردی بدرێت و ئەو کتێبەشی لە بواری پەرستاری نوسیویەتی وەک سەرچاوەیەکی زانستی بەکاربهێندرێت تاکو فێرخواز بتوانێت سودی لێببینێت.

 

ت.پ