ژنانی چەمچەماڵ کار بۆ پاراستن و زیندووهێشتنەوەی کەلەپووری کوردیی دەکەن
ژنانی شارۆچکەی چەمچەماڵ لە باشووری کوردستان، لەرێگەی کاری دەستیی و دروستکردن و بەکارهێنانی بەرهەمە کەلەپوورییەکانەوە، کار بۆ پاراستنی کەلتوور و کەلەپووری کوردیی دەکەن.
نیهایەت ئەحمەد
چەمچەماڵ- ناوچە جیاجیاکانی کوردستان خاوەن کەلتووری و بەرهەمی کەلەپووریی تایبەت بەخۆیانن، شارۆچکەی چەمچەماڵیش یەکێکە لە ناوچە دێرینەکانی باشووری کوردستان و لەرووی جوگرافییەوە دەکەوێتە سنووری ناوچەی گەرمیانەوە
ئەو شارۆچکەیەش هاوشێوەی ناوچەکانی دیکە، خاوەنی چەندین بەرهەمی کەلەپوورییەوە، کە لەرابردوودا زۆرینەیان بەدەستی ژنان دروستکراون و تا ئەمرۆش، بە مۆرکی کەلەپووری کوردیی دەناسرێن، لەوانەش؛ لێفە، جاجم، باوەڵی، تەشی ڕێسان، ڕستن و چنین، مەشکە و هیزە.
هەرچەندە لەئێستدا بەرهەمە تەکنەلۆژییەکان بەکارهێنانی ئەو بەرهەمە کەلەپوورییانەیان کەمکردووەتەوە، بەڵام ژنان هەوڵ بۆ سەرلەنوێ بەکارهێنانەوەی ئەو بەرهەمە کەلەپوورییانە دەکەن و دەیانەوێت لەرێگەی کردنەوەی ناوەندی تایبەتەوە، نەوەی نوێ بەو بەرهەمانە ئاشنا بکەن
بۆ ئەو مەبەستە سەنتەری گەنجانی شارەدێی شۆڕش لە چەمچەماڵ گەلەرییەکی تایبەت بە بەرهەمە کەلەپوورییەکانی کردووەتەوە، کە ژمارەیەک گەنج سەرپەرشتیی دەکەن و چەندین بەرهەمی کەلتووریی و کەلەپوورییان تێدا نمایش کردووە
ئیمان ڕێبوار، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی گەلەرییەکەیە و لەبارەی ئامانجی کردنەوەی گەلەرییەکەوە دەڵێت: ئێمە لە سەنتەری گەنجان بەشێک لە سەنتەرەکە گەلەری کەلەپوری گەرمیان تەرخان کراوە بۆ ئەوەی گەنجان ئاشنای ئەو کەلوپەلانە بەشێکمان تەرخانکردووە بۆ بەرهەمە کەلەپوورییەکان، کە بەشێکن لە مێژوو و کەلتوور و رەسەنایەتیی گەلی کورد، لە گەلەرییەکدا چەندین جۆر جلوبەرگی کوردیی تایبەت بە ناوچەی گەرمیانیش نمایش کراون.
ئیمان روونیشی دەکاتەوە، کە ئامانجیان لە کردنەوەی ئەو گەلەرییە، بۆ پاراستن و کۆکردنەوە و نمایشکردنەوەی بەرهەمە کەلەپوورییەکانی ناوچەکەیە و دەیانەوێت لەو رێگەیەشەوە گەنجان بەو بەرهەمانە ئاشنا بکەن
ئەو سەرپەرشتیارەی گەلەریی کەلەپووریی سەنتەری گەنجانی شارۆچکەی شۆڕش باس لە رۆڵی ژنانیش دەکات لە پاراستنی بەرهەمە کەلەپوورییەکان و دەڵێت: ژنانی چەمچەماڵ هەموو ئەو بەرهەمانەیان پاراستووە، کە لە رابردوودا لەلایەن دایکانەوە دروستکراون و ئێستاش وەک بەرهەمی کەلەپووریی ماونەتەوە، ئێستاش بەشێکی زۆری ژنان ماڵەکانیان بە شێوازی کوردەواریی دەڕازێننەوە و بەرهەمە کەلەپوورییەکانی تێدا بەکاردەهێننەوە
چەمچەماڵ مێژوویەکی دێرینیشی لە کشتوکاڵکردن هەیە و بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، دەنکە گەنم لە گوندی چەرمووی سنووری شارۆچکەکە درۆزاوەتەوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر
بەڵام سەرباری ئەو مێژووە دێرینەش، تائێستا هیچ مۆزەخانەیەک لە شارۆچکەکە بوونی نییە، کە شوێنەوارە مێژووییەکان و بەرهەم کەلەپوورییەکانی ناوچەکەی تێدا بخرێتە روو
ئیمان ڕێبوار دەڵێت: تائێستا لە شارۆچەکەمان هەوڵ نەدراوە بۆ کردنەوەی مۆزەخانەیەکی تایبەت بە ناوچەکەمان، بۆ ئەوەی ڕەسەنایەتیی ناوچەکەی تێدا کۆبکرێتەوە و موڵکی گشتی بگەڕێندرێتەوە بۆ مۆزەخانە، بۆیە زۆر گرنگە شوێنێکی تایبەتی بۆ تەرخان بکرێت.
بەوتەی ئیمان رێبوار، گەنجانی شارۆچکەکە خواستێکی زۆریان بۆ ئاشنابوون بە کەلتوور و مێژوو و بەرهەمە کەلەپوورییەکانی ناوچەکەیان هەیە، دەشڵێت: ئێمەش لەڕێگەی سەنتەری گەنجانی شۆڕشەوە هەموو ئەو رەسەنایەتیان پێدەناسێنین، لە ئێستاشدا زۆربەی گەنجان داوای جلوبەرگی کۆن دەکەن، بەتایبەت سەڵتەی ڕەنگاوڕەنگ و کۆڵوانە و کڵاوبەستە، کە ژنان بەدەستی خۆیان نەخشاندوویانە
ئەو سەرپەرشتیارەی گەلەریی کەلەپووریی سەنتەری گەنجانی شارەدێی شۆڕش داواش لە ژنانی ناوچەکە دەکات، کە هەوڵی زیاتر بدەن بۆ پاراستنی کولتوری کوردیی و هەمان ڕێبازی داپیران و دایکان پەیڕەو بکەن.