ژنانی بەشداربووی فێستیڤاڵی گۆران بۆ شانۆ خەڵاتیان بەدەستهێنا

دوای چوار ڕۆژ بەردەوامبوونی فێستیڤاڵی گۆران بۆ شانۆ، کە لە ٢٧ی ئادار، ڕۆژی شانۆوە دەستیپێکرد، دوێنێ کۆتایی هات و ژنان توانیان خەڵاتی باشترین بەرهەم بەدەستبهێنن.

هەڵەبجە

 

ئێوارەی دوێنێ لە هۆڵی مستەفا زەڵمی کۆتای بە خولی دووەمی فێستیڤاڵی گۆران بۆ شانۆی خوێندنگەکان هات، لە فێستیڤاڵەکەدا لە کۆی ٢١ خوێندنگە، ١٩ خوێندنگەی کچان و دوو خوێندنگەی کوڕانبەشداربوون.

 

دوای چوار ڕۆژ لە بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە کە لە ٢٧ی ئادار، ڕۆژی جیهانی شانۆدا دەستیپێکرد، ئێوارەی دوێنێ خەڵات بەسەر بەشداربوواندا دابەشکرا، لە ئاستی سەرەتای باشترین بەرهەمی شانۆیی بۆ توران ئومێد و باشترین بەرهەمی شانۆی بۆ ئاستی ناوەندی سۆزیار حامید توانیان خەڵات بەدەستبهێنن.

 

"کاریگەری کارە هونەرییەکان ساڵانی داهاتوو دەردەکەوێت"

دیاری عومەر، شانۆکار، یەکێک بوو لە لیژنەی هەڵسەنگاندنی فێستیڤاڵی گۆران بۆ شانۆ، سەبارەت بە ئاستی شانۆییەکان و هەڵسەنگاندنیان بۆ نوژنها دوا و وتی: ماوەی چوار ڕۆژە لە هەڵەبجەین بۆ فێستیڤاڵەکە، ئەم جموجۆڵە هونەرییانە سودی خۆیان هەیە و پاش چەن ساڵێکی دیکە کاریگەرییەکانیان دەردەکەوێت، پێویستە لە سەرجەم شارەکانی کوردستانەوە ئەوەی لە هەڵەبجە کراوە بەڕێوەبچێت.

 

ئەو شانۆکارە باسیشی لەوەکرد هیچ کارێک بەبێ تێبینی نابێت و ئەو تێبینیانەش کە هەمانە بۆ باشترکردنی کارەکانی داهاتووە، بە تایبەت کچان بۆ ئەوەی بکرێت بە کلتور لە منداڵیەوە ببرێنە هۆڵەکانی شانۆوە.

 

لە فێستیڤاڵی گۆران بۆ شانۆدا، لەسەر ئاستی سەرەتایی توران ئومێد لە قوتابخانەی شارەزوور وەک دەرهێنەری شانۆیی "ببورە هەڵە بووم" بووە براوەی باشترین بەرهەمی شانۆی منداڵان، لە لێدوانیکیدا بۆ نوژنها باسی لە گرنگی شانۆ و هەوڵەکان کرد تا لە ڕێیەوە توانای منداڵان دەربکەوێت.

 

ت.پ