هەوڵی پاراستنی ناو و پێگەی هونەرمەندانی کرماشان دەدرێت

مەهسا سیفووری دەڵێت: ئێمە زۆر هونەرمەندمان هەیە کە چالاکی هونەری بەرزیان هەیە، بەڵام بەداخەوە کەس قەدریان نازانێت، لە پێشەنگاکاندا ژنانی هونەرمەند چەند هێندەی پیاوان کاریان کردووە تا پێگەکانیان بەدەستبهێنن.

ئەسرا عەزیزی

 

کرماشان- هونەرمەند لە ڕێگەی بەرهەمەکانییەوە بۆ هەمیشە لە یادەوەرییەکاندا دەمێنێتەوە و ئەمەش بابەتێکی ژیانییە بۆ هەموو هونەرمەندێک، بەڵام هەندێک جار هونەرمەندان بە هۆکارێک لەبیر دەکرێن، بەتایبەتی ژنان، چونکە ئەوەندەی پێویستە قەدریان نازانرێت، لە کاتێکدا بەشێكی زۆریان هەموو ژیانیان بۆ هونەر تەرخان کرد.

 

مەهسا سیفووری یەکێکە لەو فۆتۆگرافەرانەی کە ماوەی ١٤ ساڵە بە ئامانجی ناساندنی هونەرمەندانی کرماشان و پێشگرتن لە لەبیرکردنیان کار دەکات، وەک خۆی دەڵێت: هەرچەندە بواری خوێندنەکەم فۆتۆگرافی نییە، بەڵام بڕوانامەی ماستەرم لە زانستی کۆمپیوتەردا هەیە و بەهۆی حەز و ئارەزووی خۆمەوە دەستم بە بواری فۆتۆگرافی کردووە.

 

مەهسا باس لە کارەکانی دەکات و دەڵێت: لە بواری فۆتۆگرافی پۆرترێت، پۆرترێتی هونەری و بە زۆری لە بواری ڕووناکی تایبەتدا کار دەکەم، هەندێک وێنەم لە فێستیڤاڵە بیانییەکان وەرگیرابوو، لە پارێزگای کرماشانیش لەگەڵ چەند هاوکارێکی ئازیزدا لە پێشەنگادا بەشداریمان کردووە و لەلایەن خەڵک و فۆتۆگرافەرانەوە پاڵپشتی کراوم، چەندین پێشەنگای گروپیم ساز کردووە، بەشێک لەو پێشەنگایانە خێرخوازی بوون بۆ منداڵانی بێ باوک و منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە، هونەرمەندی جیهانی و بەناوبانگ هەیە کە لە شێوەی پۆرترێتی ستۆدیۆدا وێنەم گرتووە، جگە لە چەند وێنەیەک، کە تێیدا هونەرمەندان نەمتوانی بە هۆکارێک لە ستۆدیۆکەدا نمایشیان بکەم، من بە شێوەیەکی کەسیی سەردانی ژینگەی ژیان و کارکردنیانم کردووە و لەوێ وێنەم گرتووە.

 

مەهسا سیفووری سەبارەت بە مەبەستی خۆی لە بەڕێوەچوونی پێشەنگای "ماندگاران" دەڵێت: لە ماوەی چەند ساڵەی چالاکیمدا، چەندین هونەرمەندم ناسی کە خەڵک بێ ئاگا بوون لە بوونی گەوهەرە بەنرخەکانی وا لە شاری کرماشان یان کەمتر ئاشنا بوون پێیان، لە کاتێکدا ئەم هونەرمەندانە ژیانی خۆیان بۆ هونەر تەرخان کردووە، بۆیە بڕیارمدا ئەم کەسانە بە خەڵک بناسێنم، ئامانجم ئەوەیە کە ئەم پێشەنگایە هەرجارە گەورەتر و فراوانتر بێت، چەندین هونەرمەندی کرماشانمان هەیە کە لە شارەکانی تردا دەژین کە من دەستم پێناگات و شوێنەکانیان لە پێشەنگاکەمدا چۆڵە.

 

دەشڵێت: بەداخەوە لە پێشەنگای یەکەمدا زۆر بە تەنیا بووم و کارەکەم بە تەنیا ئەنجامدا و هیچ پاڵپشتییەکم نەبوو و پارەیەکی زۆرم خەرج کرد، چونکە هۆڵم نەبوو و ناچار بووم هۆڵێک بە کرێ بگرم، ئەگەر درێژە بەم کارەش بدەم، پێویستم بە پاڵپشتیە، بۆیە داوا لەو کەسانە دەکەم کە دەتوانن هاوکار بن و لە لوتکەی کارەکەدان، هاوکاری بکەن، چونکە ئەم پێشەنگایانە بەهاکەی تەنها بۆ من نییە، بەڵکو بۆ ناساندن و لەبیرنەکردنی هەموو هونەرمەندانە.

 

مەهسا سیفووری بە ئارەزومەندانی فۆتۆگرافی دەڵێت: هونەری فۆتۆگرافی پێویستی بە هەوڵێکی زۆر هەیە، چونکە هونەرێکی قورسە، پێشنیاری منیش بۆ ژنانی ئارەزومەند ئەوەیە؛ لەسەر بنەمای ئامانجێکی دیاریکراو، ئەو ستایلە هەڵبژێرن کە ئارەزووی دەکەن و بەردەوامی پێدەدەن، لە هەر بوارێکدا هەوڵدان پایەی سەرەکی سەرکەوتنە، هەرچەندە لە ستایلەکانی تردا کارم کردووە و بەرهەمەکانی تریشم لە پێشەنگاکان نمایش کردووە، بەڵام شێوازی کارکردنم بە  پۆرترێت، جا پۆرترێتی ژینگەیی بێت، پۆرترێتی ستۆدیۆ یان هەر پۆرترێتێکی تر، لە پێش هەموو کارەکانی ترمە.