پشتگوێخستنی چالاکی هونەری و ڕۆشنبیری مەرامی سیاسی لە پشتە
چەندین هۆکار لە پشت نەبوونی چالاکییە هونەری و ڕۆشنبیرییەکانەوە هەیە لە گەرمیان، دیارترینیان نەبوونی هاوکاری و پاڵپشتی وەزارەتی ڕۆشنبیرییە، هەروەها قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان خواستی هاوڵاتیانی بۆ هونەر و ڕۆشنبیری گۆڕیوە بە هەوڵدان بۆ دەستکەوتنی بژێوی ژیان.
هاوژین شکور
گەرمیان- کەلار، شارۆچکەیەکە و ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ بوژانەوەیەکی لە ڕووی ئابوری، بیناسازی و بازرگانییەوە بەخۆیەوە بینیوە، دانیشتووانەکەشی بەراورد بە ساڵی هەشتاکان ١٠ هێندە زیادیکردووە، بەڵام داخراوی ناوچەکە ئەقڵیەتی کۆنەپارێزی ناوچەکە ئاستەنگی بۆ دەرکەوتنی ژنان لەو قاڵبەی بۆی دانراوە، دروستکردووە، وەک باس دەکرێت، ئەگەرچی لە ساڵانی زوودا کەلار ناوەندێکی پڕ لە چالاکی هونەری و ڕۆشنبیری بووە، بەڵام لە ئێستادا چالاکییەکان زۆر کەمن و جێگەی نیگەرانی دانیشتووانەکەیەتی.
هەیفا مەجید، مامۆستا و چالاکوانی مەدەنی لە گەرمیان، دەربارەی کەمی چالاکییە هونەرییەکان لە گەرمیان قسەی بۆ ئاژانسی نوژنها کرد و خستیەڕوو کە لە ساڵانی هەشتاکاندا چالاکییە هونەرییەکان سەرەڕای بوونی ڕژێمی بەعس زۆرتر بوون، هەروەها وتی: لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا لە قەزایەکی بچووکی وەکو کەلار دوو تیپی گەورەی شانۆیی و چەندین تیپی میوزیک بە هەوڵ و کۆششی چەن گەنجێک کە بە پەنجەی دەست دەژمێردران، هەبوون، سەرەڕای بوونی ڕژێمی بەعس و بەرتەسکی ئازادییەکان بۆ کورد، بەڵام دەبینین ئێستا بە حساب ئێمە لەژێر دەسەڵاتی دیموکراسی دەژین و ئازادی نیمچە ڕەهامان هەیە، بەڵام هونەر بەراورد بە ساڵانی هەشتاکان پاشەکشەی کردووە، چونکە ئەگەر ڕێژەی دانیشتووان وەربگرین، دەبوو دە هێندە یان بیست هێندە هونەر پێشبکەوتایە و هۆڵەکانی شانۆ و هونەر جمەی بهاتایە.
ئەو مامۆستایە هۆکارەکانی گەڕاندەوە بۆ سەرقاڵی خەڵک و گرانی بژێوی ژیان و کێبڕکێ لەسەر دەوڵەمەند بوون و وتیشی: ئێمە وەزارەتێکی گەورەمان هەیە بە ناوی ڕۆشنبیری، کەچی لە ئاست پێویستی هونەرمەنداندا نین وەک پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا دەستەبژێرێک هەن کە بەردەوام لە چالاکییە هونەری و ئەدەبییەکاندا ئامادەییان هەیە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو باکگراوندە کۆمەڵایەتییەی تێیدا پەروەردە بوون.
هونەر ئاوێنەی گەلانە و سیاسەت ڕۆڵی لە پەکخستنیدا هەیە
هەیفا مەجید، باس لەوەدەکات کە لە هەر بوارێکدا پاشەکشە هەبێت، ئەوا سیاسەت دەستی تێدا هەیە، "ناتوانین بڵێین چالاکی ئەنجام نادرێت، بەڵام ئاستەنگی بەردەم هونەرمەند و ئەدیبان زۆرە، ئەوەشمان بیرنەچێت لە هەر بوارێکدا پاشەکشە بکەین ئەوا سیاسەت دەستی تێدا هەیە، چونکە سیاسەتی گشتی وڵاتێک یان ناوچەیەک بە ئەرێنی یا نەرێنی کاردەکاتە سەرجەم کایەکانی ژیان، بەشداری نەکردنی ژنان لە چالاکییەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ فەرهەنگی ناوچەکە و ئاستی هۆشیاری خودی ژنان، ئەگینا لە شارێکی وەکو سلێمانیدا دەبینین ژنان زیاتر ئامادەییان هەیە لەم چالاکییانەدا چونکە لە ڕووی ئازادیی و فەرهەنگییەوە جیاوازترن لە گەرمیان"
لە درێژەی قسەکانیدا خستیەڕوو، هونەر بە ئاوێنەی گەلان دەناسرێت، یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە فەرهەنگ و کلتوری هەر گەلێکی پێدەناسرێت، "ئێمەی کورد مێژوویەکی درێژمان نییە لە هونەردا، بەڵام هونەرمەندی کورد یان ئەدیبی کورد لە هونەرمەند و ئەدیبی هەموو گەلان داهێنەرتر و زیرەکترە، هەلێکی زێڕینی ئەوتۆی بۆ نەڕەخساوە توانا ناوازەکانی خۆی بخاتەڕوو، وەک گەرمیانیش لە قوربانییدا لە ڕیزی پێشەوەین، بەڵام بۆ پاڵپشتی و خزمەتکردن حکومەت و هەموو حزبەکانیش کەمتەرخەمن.
"چالاکییەکان پشتگوێ دەخرێن تا کۆمەڵگە ناهۆشیار بێت"
ڕێزان حەسەن، نووسەر و چالاکوانی بواری ژنان لە کەلار، دەربارەی کەمی چالاکییە ڕۆشنبیرییەکان ئاماژەی بەوەدا کە چەندین هۆکار هەن، بەڵام دیارترینیان کەمتەرخەمی حکومەت و نەبوونی هاوکاری و هەماهەنگییە لەلایەن دەزگا ڕۆشنبیرییەکانەوە، "حوکمەت بواری ڕۆشنبیری لە هەموو بوارەکانیتر زیاتر پشتگوێخستووە، ئامانجیشی هۆشیار نەبوونی تاک و ناڕۆشنبیری کۆمەڵگەیە، لە لایەکیترەوە کار و چالاکییەکانی دەکرێت بە حزبی دەکرێن و لە بن دەستی کەسانی نەشیاو، کرچ و کاڵ دایە.
ڕێزان حەسەن خستیەڕوو لە گەرمیاندا کەسانی ڕۆشنبیر و خاوەن فکری باش هەن، "دەتوانم بڵێم کەسانێکی زۆر هەن بە پەڕۆشەوە بەشداری چالاکییەکان دەبن و هەوڵی هاوکاریکردنیش دەدەن، بەڵام ئەم ڕێژەیە بەراورد بە ڕێژەی گشتی هێشتا کەمە، هەرچی دەربارەی ڕێژەی ژنانە، بە داخەوە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمن بەراورد بە پیاوان، هەڵبەت هۆکارەکانیش زۆرن بەڵام دیارترینیان، سەرقاڵ بوونی ژنان بە ماڵ و منداڵ و هاوکاری نەکردنیانە لەلایەن پیاوانەوە، ڕەچاو نەکردنی ژنان لە کاتی دیاریکردنی چالاکیەکانیش هۆکارن، هەروەها یەکێکیتر لە هۆکارە دیارەکان، ڕێگریکردن و نزمی ئاستی هۆشیاری ژنان و کەمتەرخەمی و هەوڵنەدانی خودی ژنانە بۆ پێشکەوتن و بەشداری لە بواری ڕۆشنبیریدا.
"هۆکاری دەرنەکەوتنی ژنان داخراوی کۆمەڵگەیە"
سایە ساڵح، ڕاگەیاندکار لە کەلار، ئاماژەی بەوەدا نەبوونی پاڵپشتی و دەستنەگرتنی هێز و توانا و بەهرەی گەنجان هۆکاری لاوازی چالاکییەکانە، "خەڵک هەمووی سەرقاڵی گەڕانە بە دوای بژێوی ژیاندا بیر لەوە ناکەنەوە کار و چالاکی ئەنجامبدەن، بەڵام ئەگەر بژیوی ژیانی هاوڵاتیان سەقامگیر بێت و ئەو هەموو قەیرانە نەبێت، ئەوا چالاکییەکانیش دەستپێدەکەن و دڵنیام خەڵکەکە پێشوازییەکی باشی لێدەکەن، هەروەها هۆکاری دەرنەکەوتنی ژنان لە کایە جیاوازەکانی ژیاندا بۆ داخراوی کۆمەڵگە دەگەڕێتەوە کە ڕێگە بە ژنان نادرێت لە ماڵەکان بچنە دەرەوە و بە بواری هونەری و ڕۆشنبیرییەوە سەرقاڵ ببن.