ڕێکخراوی نافا بۆ پەرەپێدانی تواناکانی ژنان کرایەوە

ڕێکخراوی نافا کرایەوە و ئامانجییەتی لە بواری هونەری، کلتوری و دەستڕەنگینیدا پەرە بە تواناکانی ژنانی گەنج بدات.

هەڵەبجە

 

ئێوارەی دوێنێ لە شاری هەڵەبجە "ڕێکخراوی نافا بۆ پەرەپێدانی تواناکانی ژنان" کرایەوە، کە ڕێکخراوێکی قازانج نەویستی کۆمەڵگەی مەدەنییە و تایبەتە بە پەرەدان بە تواناکانی ژنان و گەنجانی شاری هەڵەبجە.

 

نافیعە محەمەد، سەرۆکی ڕێکخراوی نافا، دەربارەی کردنەوەی ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجی خزمەتکردن و پەرەدانە بە تواناکانی ژنان و گەنجان، لەبارەی بەشەکانی ڕێکخراوەکەوە، نافیعە محەمەد باسی لەوەکرد کە ڕێکخراوەکە لە چەند بەشێک پێکهاتووە کە بەشێکی تایبەتە بە ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ژنانی گەنج، "گەنجەکانمان ڕوویان کردووەتە شارەکانی دەوروبەری هەڵەبجە، بۆیە وەک ڕێکخراوەکەمان توانیمان کۆمەڵێک گەنج و ژنی گەنج کۆبکەینەوە و بەشی میوزیک و شێوەکاری و دەستڕەنگینی ژنانیش هەیە.

 

"ژنانی گەنجی هەڵەبجە توانایان زۆرە و پێویستە گرنگی پێبدرێت"

نافیعە باس لە گرنگی توانای گەنجان دەکات و دەیەوێت لە ڕێگەی ڕێکخراوەکەوە گرنگی بە ژنانی گەنجی هەڵەبجە بدات، دەڵێت: مەبەستمە گروپێکی کچانەی دەفژەن هەبێت، وێنای هەڵەبجە بکات کە بە جلوبەرگی ڕەسەنایەتی هەڵەبجەوە دەرکەون، هەروەها پێویستە دەستی گەنجانمان بگرین و پێشانگا و کارە دەستییەکان لە هەڵەبجە و دەرەوەی هەڵەبجە نمایش بکەین".

 

ژنانی دەستڕەنگین بەشێکی دیکەن لە ڕێکخراوەکە تا لە ڕێگەیەوە ژنانی دەستڕنگین و خاوەن خولیا کۆبکەنەوە و بتوانن پێویستییان بۆ دابین بکەن و بژێوی ژیانیان بە ڕەنجی خۆیان بەدەستبهێنن.

 

جوان یاسین، بەرگدروویەکی دەستڕەنگینە و هەبوونی ئەم جۆرە ڕێکخراوانەی بە گرنگ زانی، چونکە پێیوایە هەلی کار و فێرکاری و پاڵپشتییەکی باشە بۆ ژنان.

 

ڕێکخراوی نافا بۆ پەرەپێدانی تواناکانی ژنان دوێنێ لە شاری هەڵەبجە کرایەوە و دەستبەکار بوو.