دووەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی "ئاسک" لە کەنەدا بەرێوەدەچێت
دووەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی "ئاسک" لە کەنەدا بەرێوەدەچێت و لە پەراوێزی فێستیڤاڵەکەدا بە نمایشکردنی ئەو فیلمانەی دژی جەنگ و زیانەکانی شەر نیشاندەدەن، پەیامی "نا بۆ شەڕ" دەدەن بە جیهان.
ناوەندی هەواڵ
دووەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی "ئاسک" لە رۆژانی ٢٤-٢٥ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لە شاری مۆنتێڕاڵ لە وڵاتی کەنەدا بەرێوەدەچێت.
لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستەی بەڕێوەبەری دووەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی "ئاسک" ئاماژەیان بەوەداوە، ئەو کورتە فیلمە کوردیانەی کە لە چوارچێوەی بەڵگەفیلم، ئەنیمەیشن و چیرۆکدان و بەرهەمهێنانیان دەگەڕێتەوە بۆ دوای ساڵی ٢٠١٩ و لە یەکەم خولی ئەم فێستیڤاڵەدا بەشدارییان نەکردبێت، دەتوانن بەشداری لەم خولەدا بکەن و لە ڕێگەی ماڵپەڕیی سینەمایی Film freeway تا کۆتایی مانگی حوزەیران بینێرن بۆ دەستەی بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە.
هەروەها لە بەشی پەراوێزی ئەمساڵی فێستیڤاڵی فیلمی "ئاسک" Assk دا بە پەیامێکی نێونەتەوەیی "نا بۆ شەڕ"، تیشکدەخاتە سەر ئەو فیلمانەی کە تایبەتمەندییان لەسەر بابەتی زیانەکانی شەڕ دەبێت.
خولی دووەمی فێستیڤاڵی فیلمی ئاسک لە لە ٢٤-٢٥ی مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا بەڕێوەدەچێت، لە دووەم ڕۆژ و کۆتادا خەڵاتی "ئاسک" بەسەر براوەکاندا دابەش دەکرێت.