هەولێر، لە شەقامی غەزالی ژنێک کارە دەستیە فۆلکلۆرییەکان نمایش دەکات

دلفروز ژنێکی دەستڕەنگینە و لە یەکێک لە شەقامەکانی هەولێر کارە دەستییەکانی نمایشکردووە تا ئەو گەنجانەی بەو شەقامەدا تێپەڕدەبن کارەکانی ببینن.

مریەم ئەحمەد

 

هەولێر- کاری دەستی ژنان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕووی لە زیادبوونە و ژمارەیەکی فراوان لە ژنان بە شێوەی تاکەکەس و گروپ بەردەوام لە فێستڤاڵ و هەفتە بازاڕەکاندا بەرهەمەکانیان نمایش دەکەن، لە شاری هەولێر و لە شەقامی غەزالی دلفروز ئەیوب هەوڵدەدات لە ڕێگەی نمایشکردنی بەرهەمەکانی گەنجان بە کاری دەستی فۆلکلۆر ئاشنا بکات.

 

دلفروز ئەیوب عەبدوڵا، ژنێکی دەستڕەنگینە و هەتا پۆلی ١٢ی خوێندووە، بەڵام بە هۆکاری تایبەت نەیتوانیوە بەردەوامی بە خوێندن بدات، یەکێکە لەو  ئافرەتانەی کە لەنێو بازاڕێک کارە دەستیە فۆلکلۆریەکانی  دەفرۆشێت.

 

ئەو ژنە دەستڕەنگینە توانیویەتی لەگەڵ گروپێکی ژناندا کە کاری دەستی دەکەن، بەهرەی کاری دەستییەکانی خۆی بخاتەڕوو و لە نمایشێکدا کارە دەستییەکانیان بفرۆشن، دلفروزی دەستڕەنگینیش کارە دەستیەکانی بریتین لە پشتێن، بازن، ئەنگوستیلە و جلوبەرگی کوردی.

 

دلفروز ئەیوب دەڵێت: پەیامی من بۆ دایک و باوکان ئەوەیە کە پاڵپشتی کچەکانیان بکەن، تاکو بتوانن بوێرانە لە مەیدان کاربکەن.

 

شەقامی غەزالی لە شاری هەولێر لە باشوری کوردستان شەقامێکە دوور لە بەها فۆلکلۆرییەکان بەڵام، دلفروز لەنێو ئەو شوێنە جیاوازەدا ناوەندێکی بچوکی فۆلکلۆری کوردی دامەزراندووە.

 

ت.پ