کۆنسێرتێک لە لایەن گروپی کیژانی سلێمانیەوە ڕێکخرا
بە بەشداری چەندین ژنی بەتوانا گروپی کیژانی سلێمانی کۆنسێرتێکی ئاوازی فۆلکلۆری ڕەسەنی کوردی سازکرد.
سلێمانی
ئێوارەی دوێنێ لە هۆڵی ڕۆشنبیری شاری سلێمانی گروپی کیژانی سلێمانی کۆنسێرتێکیان ڕێکخست کە تیایدا چەندین ژەنیار و گۆرانیبێژ و ئاوازی ڕەسەنی کوردی و فۆلکلۆریان پێشکەش کرد.
دوای خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، کۆنسێرتەکە بەسەرپەرشتی هونەرمەند ئەنوەر قەرەداغی دەستی پێکرد.
کۆنسێرتەکە لە ٣٤ کەسی بەتوانا پێکهاتبوو کە زۆربەیان ژن بوون، هەریەکە لە نیگار حەمە لاو، پێشەنگ غەفور و شانۆ ئامانج و شانۆ ساڵح و حەمە ڕەوف کەرکوکی و لەنجە ئازاد، چەندین مەقام و گۆرانی و بەستەیان پێشکەشکرد.
گروپی کیژانی سلێمانی لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٣ دامەزراوە، زۆربەی ئەندامەکانی لە ژن پێکهاتووە، چەندین کاری هونەری بۆ خزمەتکردن بە فۆلکلۆری کوردی کردوە.