"شانۆ ڕاستەوخۆ بەر بینەر دەکەوێت و کێشەکان دەخاتەڕوو"

شانۆ یەکێکە لەو هونەرانەی ڕاستەوخۆ بەر جەستەی بینەر دەکەوێت، ڕاستی ڕووداوەکان دەخاتە بەرچاوی بینەر، بەڵام ئەم هونەرە زیندووە لەلایەن حکومەت و لایەنی پەیوەندیدارەوە گرنگی پێنادرێت و بەردەوام پەکخراوە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- شانۆ لە کۆنترین لقەکانی هونەرە کە مێژووەکەی هاوشێوەی ئەفسانەیە، لەبارەی سەرهەڵدانی هونەری شانۆ لە نێوان لێکۆڵەران و توێژینەرانی مێژوویی جیاوازی ڕاوبۆچوون هەیە، هەندێک لە پسپۆران دەڵێن هونەری شانۆ لە سەرەتاوە هەڵگرتنێک و لاسایی کردنەوەیەکی دەنگی ئاژەڵەکان بووە، بەڵام هەندێکی دیکە ئەم بیروبۆچوونە ڕەت دەکەنەوە چونکە پێیان وایە شانۆ دەربڕینی هزری مرۆڤە و ئاژەڵ خاوەنی ئەم هزرە نییە.

 

شانۆ لە هەر وڵاتێک بە پێی دابونەریت و کلتووری ئەو وڵاتە پێشوازی لێکراوە، لە زۆر وڵاتدا تێکەڵاوێکە لە هونەری هەڵپەرکێ و ئاوازچڕین و نواندنی بەسەرهاتەکان و ئەفسانەکان و چیرۆکەکانە، لە هونەری شانۆییدا هەر ئەکتەرە و ڕۆڵێکی هەیە کە دەبێت بە باشترین شێوە ڕۆڵەکەی خۆی بگێڕێت کە لە چەند لقێکی وەک (بالە، ئۆپێرا، کابۆکی، پانتۆمیم)، پێکهاتووە، ئامانجی شانۆی هەر وڵاتێک گەیاندنی پەیامی ڕاستی و کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگایە و ڕاستەوخۆ تێکەڵبوونێکی جەستەییە لەگەڵ بینەر.

 

ساڵی ١٩٤٨ لەلایەن ڕێکخراوی یۆنسکۆوە ئەنستیتوی نێونەتەوەیی شانۆ دامەزرا و ٢٧ی ئادار کرایە ڕۆژی جیهانی شانۆ و چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت.

 

شانۆ لە سەدەی ١٨ لە سەرانسەری ئەوروپا پەرەی سەند و لە سەرەتای ئاشنابوونی ئێران لەگەڵ شانۆی ڕۆژئاوایی تا کاتی جێگیربوونی نزیک بە سەدەیەکی خایاند، دواتر لە کوردستان بڵاو بووەوە و بەهۆی کلتوورە دەوڵەمەندەکەی کوردستانەوە توانیویەتی لەگەڵ بوونی دەیان کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە باشی جێگەی خۆی بکاتەوە.

 

"یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانی شانۆ، هەستێکی ناخۆشە بۆ شانۆکاران"

شانۆ لەناو کورددا ئاستێکی بەرزی هەبووە، دەکرێت بڵێین سەرەتای شانۆ و نواندن لە کوردستاندا بۆ ئەو کاتانە دەگەڕێتەوە کەلە کۆبوونەوەی شەوانی دانیشتوانی گوندەکاندا بە لاسای کردنەوەی یەکتر کاتەکانیان تێپەڕاندووە، هەروەها نمایشی خوێندکاران لە خوێندنگەکان سەرەتایەکن بۆ مێژووی شانۆی کوردی، بەڵام ئەگەر بە شێویەکی هونەری لێیبکۆڵینەوە سەرەتای شانۆی کوردی بۆ بیستەکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە و بەر لە ٣٠٠ ساڵ شانۆیی مەم و زین لەناو کورددا نمایشکراوە.

 

 

ئەگەر چی تەمەنی شانۆ لە باشوری کوردستاندا نزیک بە سەدەیەکە بەڵام لە ئێستادا گرنگییەکی ئەوتۆ بە شانۆ نادرێت، وەک مامۆستا ڕووبار ئەحمەدی شانۆکار دەڵێت: یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانی شانۆ بۆ هەرێمی کوردستان بە گشتی و سلێمانی بە تایبەت کە شاری ئەدەب و ڕۆشنبیرییە یادێکی ناخۆشە، چونکە شانۆکارانمان بێ بەشن لەم هونەرە، دەستیان ناگیرێت و پاڵپشتی ناکرێن، هۆڵی گونجاویان بۆ دابین ناکرێت، هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان ئێستا و ساڵانی هەشتاکاندا.

 

ئاماژەی بەوەشدا حکومەت بە هیچ جۆرێک گرنگی بە کلتوور نادات و هەموو کاتێکیش بۆمان دەسەلمێنێتەوە، بەڵام شانۆکاران و هونەرمەندانن کە بە زۆر خۆیان دەسەلمێنن، بە زۆر هەوڵ دەدەن پەیامەکانیان بگەیەنن، "لە ئێستادا کێشەکە نەبوونی شانۆکار و دەرهێنەر نییە، چونکە ڕۆژانە شانۆکاری نوێ دێنە مەیدانەوە، ئەو کەسانە زۆرن کە حەز بە بوون بە ئەکتەری شانۆیی دەکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەم هونەرە پەکخراوە بۆیە ئاستی شانۆ لە ئاستێکی خراپدایە، وەزیری ڕۆشنبیری خودی خۆی وتویەتی 'ئەگەر ئێوە بێن بۆ لامان و داوای بودجە بکەن بۆ دروستکردنی شانۆی نوێ ناتوانین هاوکاریتان بکەین'، ئەمەش کارەساتە".

 

لە ڕێی شانۆوە شانۆکاران هەوڵی دەرخستنی ڕاستی دەدەن، بۆیە پشتگیریان ناکرێت

مامۆستا ڕووبار ئەحمەد باسی لەوەکرد، شانۆ پەیامی ڕاستی دەگەیەنێت و ڕاستەوخۆ بەر بینەر دەکەوێت، بۆیە بینەر لە ئێستادا زیاتر بوون و بێزار بوون لە تەکنەلۆژیا، بەڵکو هەموو ماڵێک ئەگەر هونەرمەندێکی تێدا نەبێت هونەر دۆستێکی تێدایە، "خەڵکی حەز دەکەن ڕاستییەکان لە بەرگێکی هونەریدا ببینن، بەردەوام هەواڵی کوشتنی ژنان، خراپی باری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی لە هەواڵەکانەوە بەر گوێی بیسەر دەکەوێت، بەڵام کاتێک دەکرێتە شاکارێکی هونەری زیاتر تێکەڵ بە هزر و جەستەی مرۆڤ دەبێت و هەندێک کات چارەسەری بۆ دەدۆزینەوە".

 

شانۆکاران و بینەران داواکارن گرنگی زیاتر بە شانۆ بدرێت و هەوڵ بدرێت شانۆ زیندوو بکرێتەوە، چونکە لە دێر زەمانەوە شانۆ ویستی گەیاندنی پەیامی ڕاستی و ناساندنی کلتووری بە جیهان بووە، وەک شانۆکارێک، ڕووبار ئەحمەد بە پێویستی دەزانێت گرنگی پێدانی شانۆ لە پەروەردەوە هەوڵی بۆ بدرێت بە شێوەیەک، لە سیستمی خوێندندا هەبێت و شانۆیی پەروەردەیی بە نەوەی نوێ بوترێتەوە و لە ڕێگای ئەو شانۆیانەوە کێشە بنچینەییەکانی کۆمەڵگا و کلتور و سیاسەت چارسەر بکرێت و خۆشەویستی و دروستکردنی هەستی نەتوەیی وڵات زیاد بکریت.

 

هاوڵاتیان دەربارەی هونەری شانۆ بیروبۆچوونیان چۆنە؟

 

 

دالیا فازڵ، هاوڵاتییەکە و گرنگی نەدانی بە شانۆ گەڕاندەوە بۆ دەسەڵات، چونکە پێیوایە لە هەرێمی کوردستان هونەر و هەر شتێكی دیکە لایەنگری دەسەڵات نەبێت و سودی دەسەڵاتی تیادا نەبێت ێگری لێدەکرێت، وتیشی "ئەمە تەنها لەپێناو هۆشیار نەکردنەوەی خەڵکییە، چونکە هونەری شانۆ هۆشیاری و کاریگەری ڕاستەخۆ لەسەر بینەر بەجێدێهێڵێت، دواتر گۆڕانکاری لە بینەردا دروستدەکات".

 

 

کوردە مەجید، ژنێکی دیکەیە و داوا لە گەنجان دەکات زیاتر گرنگی بە هونەرە جیاوازەکان بدەن بە بەراورد بە تەکنەلۆژیا، دەڵێت "شانۆ ئەگەر ڕاستی ژیان دەربخات و هەڵقوڵاوی کێشەی کۆمەڵگا بێت زیاتر دەچێتە ناو بینەرەوە"، بە پێویستیشی دەزانێت نەوەی نوێ کە دەبنە شانۆکار زیاتر خۆیان ماندووبکەن لەپێناو دروستکردنی کاری باشتر.

 

ت.پ