"دەمانەوێت بە هەڵپەڕکێ کولتووری خۆمان بپارێزین"

ستێرا زێڕینی کامپی مەخموور گروپی هەڵپەڕکێی بۆ ٢٥ منداڵ کردەوە و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی پەروەردەوە منداڵان و گەنجان فێری کولتوورو هونەر بکات. .

نوپەلدا دەنیز

 

مەخموور- ناوەندی ستێرا زێڕین لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخموور، هەموو ساڵێک لە وەرزی هاویندا خولی پەروەردەی ئامێرەکان بۆ منداڵانی کامپەکە دەست پێدەکات، ئەمساڵ لە ١ی حوزەیران خولێکی پەروەردەی ئامێرەکانی بۆ نزیکەی ٢٠٠ منداڵ و گەنجی مەخموور دەستیپێکرد، تێیدا وانەکانی ساز و گیتار و دەف لێدان و هەروەها وانەکانی هەڵپەڕکێ دەدرێن.

 

ناوەندی ستیڕا زێڕین پێشەنگایەتی دەکات لە ئاهەنگگێڕان لە کامپەکەدا، لە ڕێگەی پەروەردەوە منداڵان و گەنجانی کامپەکە فێری هەڵپەڕکێ و گۆرانی وتن دەکات، لە چوارچێوەی ئەم پەروەردانەدا ستێرا زێڕین گروپێکی هەڵپەڕکێی منداڵانی پێکهێنا، گروپەکە کە لە ٢٥ منداڵ پێکهاتووە، هەموو شەوێک بۆ ماوەی نزیکەی ١٥ شەو لەلایەن مامۆستایانی هەڵپەڕکێی ستێرا زێڕینەوە پەروەردە پێدەکرێت.

 

مامۆستایان و منداڵانی ناو گروپەکە سەبارەت بە ئامانجی پەروەردە قسەیان بۆ کردین.

 

"جۆش و دڵخۆشی منداڵان مۆڕاڵێکی گەورەمان پێدەبەخشێت"

دۆزا کارا، یەکێک لە مامۆستایانی گروپی گۆرانی وتن ڕایگەیاند، زیاتر لە دوو مانگە دەستیان بە پەروەردە کردووە بۆ منداڵان و گەنجانی کامپی مەخموور و وتی: ئێمەش وەک ستێرا زێڕین خاوەن هێزو کولتوورین، پەروەردەی ئامێر و هەڵپەڕکێمان دەست پێکردووە، ئێستا گروپێکی هەلپەڕکێمان بۆ ئاهەنگی ١٥ی ئاب پێکهێناوە، وەک مامۆستا لە ناوەڕاستی کارێکی گەورەداین، جۆش و دڵخۆشی منداڵان مۆڕاڵێکی گەورەمان پێدەبەخشێت.

 

"دەنگی خۆمان لە دژی هێرشەکان بەرز دەکەینەوە"

دۆزا کارا تیشکی خستە سەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دژی کولتوور و هونەری گەلی کورد و وتی: دەوڵەتی تورکیا ماوەیەکی زۆرە هێرشەکانی لە دژی ئێمە چڕتر کردووەتەوە، دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر کولتوور و هونەری ئێمە بۆ ئەوەی نەبین، بۆیە هەوڵ دەدەین منداڵان فێری کولتوور و هونەری خۆمان بکەین، دەمانەوێت بە هەڵپەڕکێکەمان کولتوورەکەمان بپارێزین،  دەنگ بەرز دەکەینەوە و ناهێڵین دوژمن بگاتە ئامانجەکەی.

 

"لە گروپەکەماندا خۆشییەکی زۆر هەیە"

ڕۆژبین ئۆتون، ئەندامی ستێرا زێڕین کە لە گروپی هەڵپەڕکێدایە وتی: کاتێک باس لە وەرزی هاوین دەکرێت، ئێمە وەک ستێرا زێڕین و تەڤ-چاند لە ناوەڕاستی کار و چالاکییەکانداین، هەروەها بەشداری لە گروپی هەڵپەڕکێ دەکەم، ئێمەش وەک نزیکەی ٢٠٠ منداڵ و گەنج پەروەردەی وەک ساز و گیتار و دەف وەردەگرین، هەروەها پەروەردە لە ئەکادیمیای شەهید سەرحەد دابین دەکرێت، وەک گروپی هەڵپەڕکێ کە ٢٥ کەسی تێدایە، نزیکەی ١٥ شەوە لە گروپەکەماندا خۆشییەکی زۆر هەیە.

 

"زۆربەی ژنان خاوەندارێتی لە کولتوور و هونەرەکەیان دەکەن"

 ڤیان یگیت، کە ماوەی چوار ساڵە بەشداری چالاکییەکانی ستێرا زێرین دەکات، ڕایگەیاندووە زۆربەی ژنان خاوەنی کولتوور و هونەری تایبەت بە خۆیانن و وتی: بە مەبەستی گرنگیدان بە کولتووری خۆمان پەروەردەی هەڵپەڕکێ دەکەین، زۆربەمان ژنین، هەروەها ئەمە شوێنی خۆشییەکی گەورەیە، زۆرینەی ژنان گرنگی بە کولتووری خۆیان دەدەن و دەیپارێزن، داوا لە هەموو خێزانەکان دەکەم منداڵەکانیان فێری کولتوور و هونەرەکەیان بکەن.

 

"لە دژی هێرشەکان خاوەنداری لە کولتووری خۆمان دەکەین"

  دەزدار ئۆتون، کە بەشداری گرووپی هەڵپەڕکێیە، داوای لە گەلی کورد کرد کە ئاگاداری کولتوورو هونەرەکەیان بن و وتی: ماوەی چوار ساڵە لە ستێرا زێڕینم، دەوڵەتی تورک لەم دواییانەدا هێرشەکانی بۆ سەر کولتووری ئێمە زیاد کردووە، دژی هێرشەکان کاردەکەین بۆ پاراستنی کولتوورەکەمان، داوا لە هەموو خەڵک دەکەم خاوەنداری لە کولتوور و ناسنامەی خۆیان بکەن.