دیواندەرە، پێشەنگایەک بۆ ژنانی هونەرمەند کرایەوە

نیگارکێش سەمیە خانی دەڵێت: لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆدا ژنان توانیویانە هونەرەکەیان بە باشی بخەنەڕوو، بەتایبەتی لە بواری نیگارکێشیدا.

ئاگرین حسێنی

 

دیواندەرە- پێشانگای گروپی ژنانی هونەرمەنی دیواندەرە لە ماڵی هونەرمەندانی دیواندەرە بە بەشداری نیگارکێشان سەمیە خانی، سەمیرە ڕۆشنی و مەعسومە محەمەدی کرایەوە.

 

سەمیە خانی، یەکێک لە هونەرمەندانی بەشداربووە و باسی لەوەکرد، لە تەمەنی ٩ ساڵییەوە دەستی بە نیگارکێشان کردووە، هەر لە سەرەتاوە بە فێربوونی نیگارکێشان و فێرکردنی خوێندکاران دەستی پێکردووە و ئێستا زیاتر لە ١٠٠ خوێندکاری تەمەن جیاوازی هەیە.

 

ئەو هونەرمەندە وتی: ڕەنگە ئەو شتەی زیاتر لە هەموو شتێک سەرنجی ڕاکێشام بۆ وێنەکێشان و نیگارکێشان ئەوە بووبێت کە کاتێک خەریکی نیگارکێشانم، بە هیچ شێوەیەک هەست بە تێپەڕبوونی کات و ساتەکان ناکەم، دوورم لە هیچ بیرکردنەوە و ناکۆکییەک، تەنها شتێک کە هەستی پێدەکەم ئەوەیە بە بیرکردنەوەیەکی پاک لە ڕێگەی نیگارکێشانەوە بە زمانێکی مێتافۆریک مامەڵە لەگەڵ پرسەکانی وەک کێشەی ژن و منداڵ و پرسە کۆمەڵایەتییەکان دەکەم.

 

سەمیە ئەوەشی وت کە، "پێموایە ڕێگایەکی دوور و درێژم ماوە بۆ گەیشتن بە هونەری ڕەخنەیی و چەمکی، تا ئێستاش لەگەڵ لایەنە جوانکارییەکانی هونەردا تێکەڵم، دونیای هونەر هێندە فراوان و هەمەچەشنە، بەڕاستی ئەستەمە ڕێگا و شێوازی خۆت بدۆزیتەوە و هێشتا هەوڵ دەدەم بە تاقیکردنەوەی شێواز و تەکنیکە جیاوازەکانی نیگارکێشان شێوەی تایبەتی خۆم بدۆزمەوە، بەڵام بۆ من قورسە چونکە هەموو لایەنەکانم بە دڵە.

 

لە کۆتاییدا سەمیە وتی: پێموایە لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆدا ژنان توانیویانە هونەرەکەیان بە باشی بخەنە ڕوو، بەتایبەتی لە بواری نیگارکێشیدا، چونکە یاسا و کۆت و بەندەکان لەم بوارەدا کەمترن لە بوارەکانی تری هونەر، لانیکەم شوێنێکە کە دەتوانین خۆمان بین، دوور لەو سنوورانەی کۆمەڵگە بۆ ژن بوون بۆمان دادەنێت، لێرەدا ئێمە بە ئازادی لە جیهانی ڕەنگەکاندا دەژین.