"تا گەشتنە ئامانج بەردەوام بن لە کارەکانتان"
"هەر کاروانێک بۆ پرشنگی خۆر بڕوانێت کەم بن یان زۆر دەگەنە خۆر" پێشەنگای شێوەکار هەتاو کەریمە و لە ڕێگەی وێنەکانیشییەوە کوچە و کۆڵانەکانی هەڵەبجە ڕەنگین دەکات.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- هەتاو کەریم یەکێکە لەو شێوەکارانەی لە هەڵەبجەدا برەوی بە کاری شێوەکاری داوە و لە ئێستادا بە تەواوی جێگە پەنجەی لە شەقام و کۆڵان و بنکە تەندروستییەکانی هەلەبجە دیارە،
هەتاو کەریم دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەڵەبجەیە، لە ساڵی ٢٠١٣وە لە قوتابخانەی عادیلە خانم لە هەڵەبجە وانەی هونەر دەڵێتەوە، لە چەندین ڕێکخراودا لە پشووی هاوییندا وانە دەڵێتەوە و چەندین پێشانگای شێوەکاری گشتی کردووەتەوە و خاوەنی دوو پێشەنگای تایبەتە بە ناوەکانی، "هەر کاروانێک بۆ پرشنگی خۆر بڕوانێت کەم بن یان زۆر دەگەنە خۆر" و "بەرەو گوڵستان".
کارەکانم بە خۆبەخشی و بێ بەرامبەر دەکەم
هەتاو کەریم، شێوەکار، جگە لە کاری شێوەکاری و مامۆستایی لە بەشێک لە کوچە و کۆڵانی هەڵەبجە و نەخۆشخانە و قوتابخانەکاندا جێگە دەستی دیارە و وەک خۆی باسی دەکات، لەسەر دیوارەکانی شار دیواربەندەکان دەنەخشێنێت بۆ خەڵک بە خۆبەخش و بێ بەرامبەر، وتیشی: "ئەو کەسانەی کە داوای نەخشاندنم لێدەکەن، بە خواستی خۆیان هەڵی دەبژێرن، ئەگەرنا خۆم بە دڵی خۆم دەبێت، هەموو چاوەکان هونەری نین و هەموو فۆرمێک کاری خۆی دەوێت"، هەتاو باسی لەو کارە کرد کە پێوەی سەرقاڵە و وتی: بۆ نمونە ئەم کارە دیارترینیانە، کە ناکرێت لەسەر ئەم دیوارە درەختێکی گەورە بکەین، بەڵکو لەبەر ئەوەی دیوارەکە نزم و تەسکە بە هونەری خۆم ڕازاندومەتەوە.
پێویستە هەر لە منداڵیەوە بەهرەکان بدۆزرێتەوە و کاری لەسەر بکرێت
هەتاو کەریم پەیام بۆ خوێندکارەکانی و هاوڕێیان و ژنان دەنێرێت و دەڵێت: پەیامی من بۆ ژنان ئەوەیە، کە هەر لە منداڵییەوە گرنگی بە بەهرەی منداڵەکانیان بدەن، من وەک مامۆستایەک کار لەسەر خوێندکارەکانم دەکەم کە لە منداڵیەوە حەزەکانیان پشتگوێ نەخەن، پەیامم بۆ خوێندکارەکانم هاوڕێیانم و ژنان ئەوەیە کە، ئەو شتەی دەیکەن و خولیایانە، بەردەوام بن تا دەگەنە ئامانج.