پێشانگای پەرتوک؛ لاپەڕەیەک بۆ هۆشیاری ژنان

پێشانگای پەرتوک دەرفەتێکە بۆ ژنان، کە هاوشانی بەرپرسیارێتی ڕۆژانەی خۆیان لە ڕێگای پەرتوکەوە، بگەنە هۆشیاری و گەشەکردن.

سۆنیا مورادی

 

سنە- پێشانگای پەرتوک لە هۆڵی فەجری شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ٢٢ی تشرینی دووەم دەستی پێکرد و تا ٢٢ی کانوونی یەکەم ڕۆژانە لە کاتژمێر ٩ بەیانی تا ٦ ئێوارە کراوە دەبێت، لەم پێشانگاکەدا پەرتوک لە بوارە جیاجیاکانی وەک دەروونناسی، ڕۆمان، هونراوە، فەلسەفە و پەرتوکی منداڵان پێشکەش دەکرێت.

 

ژنان سەرەڕای بەرپرسیارێتییەکانی سەرشانیان، بەڵام بەردەوام پێشەنگن لە بەدەستهێنانی زانستدا. پەرتوک تەنیا ئامرازێک نییە بۆ شکاندنی نەریت و تابۆکان، بەڵکو دیدگای مرۆڤ بە ڕووی جیهانی ڕاستییەکاندا دەکاتەوە و تێگەیشتنێکی قووڵتر لە ڕاستییەکان دابین دەکات. هۆشیاری ژنان دەبێتە هۆی هۆشیاری کۆمەڵگە و ئەم هۆشیارییە بە ناوەڕۆکی پەرتوکەکە بۆیان دابین دەکرێت.

 

پەرتوک لە شوێنی میدیا دابنن

سۆمەیە.م، کە پەرتوک فرۆشە و لە  پێشانگاکەدا بەشداری کرووە دەڵێت: جگە لە  بەرژەوەندی ماددی، بەرپرسیارێتیمان لەسەر شانە کە بیر لە خوێنەرانیش بکەینەوە، پێویستە بە پێشکەشکردنی داشکاندن ئەم دەرفەتەیان بۆ دابین بکەین، چونکە زۆربەی خوێنەران لە دۆخێکی دارایی باشدا نین. ئەرکی ئێمەیە نەوەی خوێنەر کە کەمن، ڕزگار بکەین. دەشڵێت: یەک کەس لە خێزانەکەدا بەسە بۆ بەرەوپێشبردنی کولتووری خوێندنەوە، بەسە ئەو تەلەفزیۆنانەی وێنە و زانیاری ناپێویست دەسەپێنن و ئەم کاتە بۆ شتی بەسوودتر وەک خوێندنەوە تەرخان بکەن، بە پێچەوانەی میدیاکانەوە، پەرتوک مافی هەڵبژاردنی بابەتەکەمان پێدەدات.

 

سۆمەیە ئاماژە بە گرنگی ڕێکخستنی کات دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە خوێندنەوە لە خشتەی ڕۆژانەدا جێگیر بکرێت. ئەو دەڵێت: ئەو ژنانەی کە لە ماڵن کاتێکی زیاتر و دەرفەتی زیاتریان هەیە بۆ خوێندنەوە و گەشەکردنی کەسی، دەتوانن کاتەکانیان بە شێوەیەک تەرخان بکەن کە سوودی هەبێت بۆ گەشەکردنیان، جگە لە ئەنجامدانی کارەکانی ماڵەوە.

 

پەرتوک خوێندنەوە هۆکارێک بۆ گەشکردنی مرۆڤ

سوهەیلا ئەدیب، یەکێک لە سەردانیکەرانی پێشانگاکەیە، کە بە دوای پەرتوکە دڵخوازەکەیدا دەگەڕا، وتی: ساڵانێکە ڕۆمان و پەرتوکی دەروونناسی دەخوێنمەوە و ئێستا بڕیارە دەست بە فەلسەفە بکەم. من مامۆستام و پەرتوک خوێندنەوە یارمەتیدەر بووە بۆ باشتر پەیوەندیکردن لەگەڵ خوێندکارەکانم. گرنگ نییە تۆ دایک بیت یان مامۆستا، چونکە کاتێکی زۆر لەگەڵیان بەسەر دەبەیت، بۆیە ئەوان لێت فێر دەبن، هەر بۆیە پێویستە هەوڵبدەین نمونەی باش بین.

 

هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە، "دەبێت مرۆڤ تا کۆتایی ژیانی بەردەوام بێت لە خوێندنەوە و فێربوون، چونکە زانین خاڵی کۆتایی نییە، بەڵام پێویستە پەرتوکەکان بە وردی و لەسەر بنەما هەڵبژێردرێن، چونکە هەڵبژاردنی پەرتوکی هەڵە دەتوانێت مرۆڤ لە ڕاستییەکان دوور بخاتەوە و ببێتە هۆی زیانگەیاندن لەبری سوود".

 

لە کۆتاییدا پێی وایە سێ شت دەتوانن یارمەتیدەر بن لە ژیاندا: "دایکێکی بەئاگا، مامۆستایەکی زانا و پەرتوک".

 

پێشوازی ژنان لە پێشانگای پەرتوک

شیلان کەرەمی فرۆشیار لە پێشانگاکە سەبارەت بە پێشوازی ژنان لە پێشەنگاکە دەڵێت: ئەم پێشانگایە بە بۆنەی هەفتەی پەرتوکەوە بەڕێوەچوو، بەڵام مەبەستی سەرەکی دروستکردنی کولتوور و پێشخستنی خوێندنەوە بوو، زۆرترین پێشوازی لەلایەن ژنانەوە کراوە، ئەمەش دڵخۆشمان دەکات، چونکە ژنانی زانا منداڵی زانا پەروەردە دەکەن.