فێستیڤاڵی پێنجوێن هۆکارێکە بۆ بینینەوەی سەرجەم پێنجوێنیەکان
لە سێچاکان شەشەمین ڤیستیڤاڵی پێنجوینیەکان بەڕێوە چوو کە تیایدا کاری دەستی ژنان و خواردن و ئەلبومی دێرینی پێنجوێنیەکان و گۆرانی ڕەسەن بەڕێوەچوو.
میهرەبان سەلام کاکەیی
پێنجوێن- ڕۆژی ٥ شەممە، ڕۆژێکی تەواو جیاوازبوو بۆ پێنجوێنیەکان چونکە خەڵکی پێنجوین لەسەر جەم شارو شارۆچکەکانەوە گەرابوونەوە زێدی خۆیان بەمەبەستی بەشداری کردن لە شەشەمین فێستیڤاڵی تایبەت بە خۆیان لەو بارەیەوە تەرزە عوسمان ژنێکی بەشداربووی فێستیڤاڵی پێنجوێن بوو کە بەکارە دەستیەکانی بەشداربوو تایبەت بە نوژنها قسەیکرد.
تەرزە عوسمان وتی: " لەم ڕۆژەدا بەشداربووم بە کارە دەستیەکانم و یەکەم جاریشمە بەشداری ئەم فێستیڤاڵەببم."
سەبارەت بە گرنگی ئەم ڕۆژە بۆ پێنجوێنیەکان ئاماژەی بەوەدا ئەم ڕۆژە بۆیان زۆر گرنگە و چونکە ساڵانە خەڵکی پێنجوێن لەدەرەوە دێنەوە و کۆدەبنەوە و یەکترناسین ڕوودەدات و ئەوەش خاوەنی کاری خۆیەتی کارەکانیان دەناسێنن."
هونەرمەندان و بەهرەمەندانیش لەدەرەوەی پێنجوێنەوە گەڕابوونەوە ناو شارۆچکەکەیان و بەشداری فێستیڤاڵی پێنجوێنیان کردبوو، ژوان باقی کە هونەرمەندێکی شێوەکارە و خۆی دانیشتووی سلێمانیە بەڵام بە گرنگی زانیووە لەگەڵ هونەرمەندە شێوەکارەکانی هاوڕێی بەشداری فێستیڤاڵی پێنجوێن بکات و وتی: "بە چەند تابلۆیەک بەشداریم کردووە و پێم خۆشە لەم ڕۆژەدا باسی گرنگی ئەم ڕۆژە بکەین چونکە بە هۆی ڕووداوە میژوویەکانەوە پێنجوێن پەرتەوازە بووە بەڵام ئەم جۆرە چالاکیانە وادەکات یەکتر بناسنەوە و بەیەکتر شادببنەوە."
لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەشدا بەشداربووان بە ئاهەنگ و گۆرانی تا ئێوارەی درەنگ خۆشی خۆیان دەربری.