چیمەن ئیسماعیل پێشانگاکەی بە تابلۆی گوڵ ڕازاندووەتەوە

چیمەن ئیسماعیل پێشانگایەکی شێوەکاری تایبەتی کردووەتەوە، سەرجەم تابلۆکان وێنەی گوڵن، دەڵێت گوڵ ئارامیی دەبەخشێت و جوانییەکی ڕۆحی هەیە.

سلێمانی

چیمەن ئیسماعیل، هونەرمەندێکی شێوەکارە، پێشانگایەکی شێوەکاری بۆ تابلۆکانی لە گەلەری ئەمنەسورەکەی شاری سلێمانی کردووەتەوە کە لە ٤٠ تابلۆ پێکهاتووە، سەرجەم تابلۆکان وێنەی گوڵی ڕەنگاوڕەنگن، بە بۆیەی زەیتی کێشراون و قەبارەیان جیاوازە.

پێشانگاکە ٥ی مانگ کراوەتەوە و تا ٨ی مانگ بەردەوام دەبێت، چیمەن ئیسماعیل لەبارەی پێشانگاکە بۆ نوژنها ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ گوڵ و سروشتدا هەیە، ئەمە سێیەم پێشانگای گوڵە کە کردوویەتییەوە، ئارامی بۆ دەروونی دەهێنێت.

وەک ئاماژەی پێدەدات، دەیەوێت لە ڕێی تابلۆکان و ئەو ئاوازی لە پێشانگاکەدایە بۆ ساتێک دڵخۆشی بە بینەرەکانی ببەخشێت، لە ئەو سێ پێشانگایەی کە کردوویەتییەوە هەر سێیکیان پاش تێپەڕبوونی بووە بە ڕووداوێکی ناخۆش لە ژیانیدا.

یەکێکیان لە ساڵی ٢٠٠٠ پاش شەڕی ناوخۆ بووە، دووەم پێشەنگای لە ساڵی ٢٠٠٤دا پاش کۆچی دوایی هاوژینەکەی، کۆتا پێشانگاش ئەمەی ئێستایەتی کە پاش کارکردنی لە چەند پێشانگایەکی تایبەت بە جەنگ ئەم پێشانگایەی وەک ئارام بوونەوەیەک کردووەتەوە.

ت.پ