چەند پێشەنگایەکی کاری دەستی و هونەری لە ڕۆژی جیهانی ژناندا کرایەوە

‌دوێنێ لە درێژەی چالاکییەکاندا بۆ ٨ی ئادار، ڕۆژی تێکۆشانی ژنان، چەندین چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەچوو، لەوانەش لە هەڵەبجە، سەیدسادق و کفری پێشەنگای کاری دەستی بۆ ژنان کرایەوە.

هەڵەبجە

دوێنێ لە باخی گشتی شاری هەڵەبجە، ده‌سته‌ی خانمانی هەڵه‌بجه‌ پێشانگای "کاری دەستی و خواردن"ی بۆ ژمارەیەک لە ژنان و ژنانی گەنجی دەستڕەنگین و خاوەن پیشە کردەوە.

سندوس حسێن هه‌ڵه‌بجه‌یی، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی خانمانی هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ نوژنها دووا و وێڕای پیرۆزبایی وتی: مەبەستی کردنەوەی پێشەنگاکە هاتنە دەرەوەی ژنان و دۆزینەوەی کارە بۆیان، تا بتوانن ل ەڕووی مادییەوە داهاتێک بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن.

له‌ پێشەنگاكه‌دا چه‌ندین كاری ده‌ستی ژنان نمایشکرابوو، ڕه‌نگین مارف، ژنێکی دەستڕەنگینی بەشداربووە، وەک خۆی باسی دەکات ماوەی ساڵێکە کاری دەستی دەکات، "به ‌بۆنه‌ی ٨ی ئادارەوە بەشداری پێشەنگاکەمان کردووە، داواکارم كه ‌ژنان ته‌نها خه‌ریكی كاری ماڵه‌وه‌ نه‌بن، به‌ڵكو کار بکەن و دەتوانن دەستکەوتی ماددی بەدەستبهێنن".

 

پێشەنگای کاری دەستی ژنان لە شاری هەڵەبجە دوێنێ، ٨ی ئادار کرایەوە و ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت.

 

شارەزوور

هەر دوێنێ لەناو بازاڕی شارۆچکەی سەیدسادق بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سەیدسادق پێشانگایەکی تایبەت بە ژنە دیار و تێکۆشەرەکانی کورستانی کردەوە، وەک کیژان عوسمان، یەکێک لە ڕێکخەرانی پێشانگاکە ئاماژەی پێدەدات و دەڵێت: ئامانجمان دەرخستنی ڕۆڵی ژنانی ئازای کوردستانە، چونکە ژن ژیانە و هەموو ڕۆژەکان هی ژنە.

ئازاد سەوزە، رێکخەرێکی دیکەی پێشانگاکە و بەرێوبەری بەشی ڕۆشنبیری شارۆچکەی سەیدسادق وتی: پێشانگاکەمان ڕێزگرتنە لە ڕۆژی ژنان و وێنەکان ژیاننامەی ژنان و پیشاندانی ئازارەکانی ژنانە.

 

لە پێشانگاکەدا ژیاننامەی چەندین کەسایەتی ژنی دیاری تێدا نمایشکرابوو لەوانە حەپسەخانی نەقیب، بەدیعە دارتاش، لەیلا قاسم وکەژاڵ ئەحمەد.

 

هاوکات دوێنێ لە بارەگای یەکێتی ژنانی کوردستان لە شارۆچکەی کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، پێشانگایەکى تایبەت بە کارى دەستڕەنگینى بۆ کۆمەڵێک لە ژنان بەبۆنەى ڕۆژی ٨ی ئادارەوە کرایەوە، هەر لەو پێشانگایەدا چەند جۆرێکى خواردنى کوردەواری ئامادە کرابوون.

لەبەشێکی دیکەی چالاکییەکەدا، سێ بۆرد دانرابوو بۆ ئەو کەسانەی کە سەردانی پێشانگاکە دەکەن، تاوەکو لە بارەى ژنان و ٨ى ئادارەوە بۆچوونی خۆیان بنوسن.

ت.پ