"پچڕانی پەیوەندی لە میراس بە هۆی تەکنۆلۆژیا و کولتوورە ڕۆژئاواییەکانەوە هەڕەشە لە ناسنامەی کۆمەڵایەتی دەکات"

سەلیمە محمد عەلی جەختی لەوە کردەوە، کە پچڕانی پەیوەندی لە میراس بە هۆی تەکنۆلۆژیا و کولتوورە ڕۆژئاواییەکانەوە هەڕەشە لە ناسنامەی کۆمەڵایەتی دەکات و پەیوەندی خێزانی و بەها کۆمەڵایەتییەکان لاواز دەکات.

ئەسما محەمەد

 

قامیشلۆ-گۆڕینی شێوازی ژیانی مۆدێرن کاریگەرییەکی بەرچاو و ڕوونی لەسەر ناسنامەی کۆمەڵایەتی هەبووە، خێزانەکانی خستۆتە مەترسی زیاترەوە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی فشارە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئێستا ببنەوە.

 

لەناو ئەو گۆڕانکارییە یەک لە دوای یەکانەی کە بەسەر کۆمەڵگەکاندا بڵاوبوونەتەوە، ئەو بەهایانەی کە نەوەکانی پێشوویان لەسەر پەروەردە بوون بەردەوامن لە پێکهێنانی بناغەیەکی تۆکمە کە زۆرێک پشتی پێدەبەستن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگاریەکانی سەردەمی مۆدێرن.

 

سەلیمە محمد عەلی، بەڕێوەبەری لیژنەی ئاشتەوای لە شاری قامیشلۆ لە پارێزگای جزیرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، جەختی لەوە کردەوە، کە خێزان و میراس قەڵغانێکی پارێزەر بۆ ناسنامەی کۆمەڵگە پێکدەهێنن، لە بەرامبەر کاریگەری تەکنەلۆژیا و دوورکەوتنەوە لە ڕەگ و ڕیشە، کە مەترسی لەسەر سەقامگیری کولتووری و کۆمەڵایەتی دروست دەکەن، ئەم دیدگایە تیشک دەخاتە سەر گرنگی گەڕانەوە بۆ بەها ڕەسەنەکان لە پتەوکردنی پەیوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان و پاراستنی یەکگرتوی کۆمەڵایەتی لە سەردەمێکدا کە زۆرێک لە داب و نەریتەکان لە گۆڕاندان.

 

پێی وایە، کە  نەوەکانی پێشوو ڕووبەڕووی چەندین سەختی بوونەتەوە، لەوانە هەژاری و کەمی سەرچاوە و پشتبەستنێکی قورس بەخۆ و خێزانەکەی، ژیان بێ ماندوێتی و هەوڵدان نەبووە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش مرۆڤەکان یەک دڵ و یەک ڕۆحیان هەبووە و برینەکانیان هاوبەش بووە، کە ئەمەش هەستی هاودەنگی و یەکگرتوی لەنێوانیاندا دروستکردووە.

 

"ژیانێکی سەخت بە تامێکی جیاواز و هەمان ئازار"

سەلیمە محەمەد عەلی بە سۆزەوە باسی ئەو دایکان و داپیرانەی کرد کە سەرپێچی لە هەموو ئەگەرەکانیان دەکرد، بۆ بونیادنانی خێزانێکی سەقامگیر، بە سەبرەوە بارگرانییەکانی ژیانیان لەسەر شانیان هەڵگرت، وتی: دایکان سەرەڕای بارودۆخی سەختیان، هێمای هێز و سەبر بوون، سەختییەکانی ژیانیان ئاسانتر دەکرد و خۆشەویستییان لە دڵەکاندا چاند، لە سەردەمی خۆیاندا هیچ تەکنەلۆژیا و ئاسانکارییەک نەبوو، بەڵام سادەییەک هەبوو کە ساتە بچووکەکانی ژیانی گەورە دەکرد، وەک چیرۆکی داپیرە و گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان کە هەوای پڕ دەکرد لە گەرمی و ئارامی، ژیان سەختتر بوو، بەڵام جوانتر بوو، بە تامێکی جیاوازەوە، پڕ بوو لە واتاکانی خۆشەویستی ڕاستەقینە و قوربانیدان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ئازارەی نەوەی پێشوو ئەزمونی کردووە تەنها ئازاری کەسی نییە، بەڵکو برینی تەواوی کۆمەڵگەیەک بووە، کە لە بەرامبەر ناخۆشیدا یەکگرتون و ماندو نەناسانە کاردەکەن بۆ بونیادنانی داهاتویەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتو، ڕەنگە ژیان توندتر بووبێت، بەڵام لە دڵەوە نزیکتر بووبێت، مرۆڤەکانیش هەستیان بە یەکتر دەکرد، ئەم یادگاریانە دەمانبەنە جیهانێکی جیاواز، گرنگی سەبر و پابەندبوونی خێزانیمان بیردەخەنەوە، هەروەها بەهای ئەو شتە دەگەڕێنێتەوە کە پێی دەوترا "دڵی ماڵ"، کە سەرەڕای هەموو شتێک، بەردەوام بوو لە پێدانی  خۆشەویستی و هیوا.

 

"جل و بەرگی کوردی... چیرۆکێکی بێکۆتای سەربەخۆیی"

سەلیمە محمد عەلی بە هەستێکی قوڵ و شانازییەوە ئەو داب و نەریتە دەگێڕێتەوە کە بەردی بناغەی ژیانی نەوەی پێشوویانی پێکهێناوە، و چۆن بە خۆبەخشی و دڵسۆزیەوە حەزیان لە پاراستنیان بووە، ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەم داب و نەریتانە تەنها پراکتیزەی ڕۆژانە نەبوون، بەڵکو بەرجەستەکردنی ئەو شوناس و میراسە بوون کە کۆمەڵگەی کوردی کۆنیان جیا دەکاتەوە.

 

ڕوونیشیکردەوە، جلوبەرگی نەریتی کوردی یەکێکە لە هێما هەرە گرنگەکانی سەربەخۆی و ناسنامە، هەر تاکێک بە شانازی و کەرامەتەوە جلی کوردی لەبەر دەکرد، جوانی و ناوازەی میراسەکەی دەپاراست، ئەم جلە زیاترە لە تەنها جل و بەرگ؛ هێمای کەرامەت و مێژووە کە نەوە جیاوازەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ ئەم نەوەیە ماڵ وەک خوێندنگەی یەکەم وایە، کە منداڵان فێری بەهاکانی پەروەردەکردن و ئەخلاق دەبن، ماڵ ئەو شوێنەیە کە کەسایەتی منداڵی تێدا لە قاڵب دەدرێت، هەروەها فێری ئەو بەها و داب و نەریتە دەبن کە بە درێژای تەمەنیان لەگەڵیدا دەبن، دایکان فێری منداڵەکانیان دەکەن، بە بەکارهێنانی شێوازی پەروەردەی ورد، چۆن تاکێکی باش بن کە ڕێز لە نەریتەکانیان بگرن و کەرامەتی خۆیان بپارێزن.

 

"نەوەی داهاتوو... لە نێوان ڕەگ و ڕیشەی مەترسیدار و بای گۆڕانکاری"

سەبارەت بەو گۆڕانکاریانەی کە کاریگەرییان لەسەر نەوەی ئێستا هەیە و کاریگەرییە بەرچاوەکەی لەلایەن کولتوورە ڕۆژئاواییەکانەوە کە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگە دەدەن بە بنبڕکردنی داب و نەریت و میراسی ڕەسەن، ڕوونیکردەوە، کە ئەم کاریگەرییە دەرەکییانە تەنها فاکتەری ڕاگوزەر نەبوون، بەڵکو بوونەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر ناسنامەی ئەم نەوەیە، زۆرێک لە گەنجان دەستیان کردووە بە دوورکەوتنەوە لە ڕەگ و ڕیشەیان و کولتوورەکانیان، شێوازی ژیان و بیرۆکەیان گرتۆتەبەر کە نامۆیە بۆیان و لەگەڵ بەها و نەریتەکانیان ناتەبایە.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە زۆربەی دەرکەوتەکانی ئەم گۆڕانکارییە لەگەڵ ڕاستی کولتووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەدا ناتەبایە، تەنانەت زیادەڕەوی تێدا کراوە، بەم شێوەیە نەوەی ئێستا زۆرێک لە سیفەتەکانی نەوەی کۆن کە کەسایەتییان جیا دەکردەوە و بە ڕابردووی کەرامەتی خۆیانەوە دەبەستنەوە، کە ئەو بەهایانەی باوک و باپیرانیان لەسەری پەروەردە بوون، چیتر بناغەی ژیانی گەنجان نین، بەڵکو مۆدەی نوێ و داب و نەریتی ڕۆژئاوای بوونەتە هێزی بزوێنەری ڕەفتار و ئاراستەکانیان.

 

"پچڕانی پەیوەندی لە میراس... ئاڵەنگاریەکانی مەترسی لەسەر ناسنامەی کۆمەڵایەتی و کولتووری"

ڕوونیکردەوە، کە ئەم جیابوونەوە لە میراس نە ئاسان بووە و نە لەسەرخۆ بووە، بەڵکو دەرئەنجامی فرە ڕەوتی فیکری و کۆمەڵایەتی بوو کە ئامانجیان سڕینەوەی شوناسی کولتووری و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ئەو ڕەسەنایەتی و نەریتانەی کە بنەماڵە و کۆمەڵگە لەسەری بونیاد نراوە، هەروەها ئەم گۆڕانکارییە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی لاوازکردووە و گەنجانی لە توانای پاراستنی ئەو پەیوەندییە خێزانی و نەریتانە بێبەشکردووە کە سەردەمانێک بناغەیەکی بەهێزی بۆ دابینکردووە، وتی: نەوەی پێشوو ژیانێکی یەکگرتووی لە دەوری ماڵ و خێزاندا دەژیا، کە هەر تاکێک ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی خۆی هەبوو لە سەقامگیری کۆمەڵگە و بەردەوامی مێژووەکەی مسۆگەر دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ بۆت دەردەکەوێت کە زۆرێک لە گەنجان بە شێوەیەکی تاکگەرای و نابەرپرسیارانە هەڵسوکەوت دەکەن، کە لادانە لەو بەهایانەی باوباپیرانیان لەسەری پەروەردە بوون، بۆشایییەکی کولتووری و کۆمەڵایەتی دروست دەکات کە کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگە دەبێت.

 

"تەکنەلۆژیا و کاریگەرییەکانی لەسەر خێزان"

ڕوونیشیکردەوە، لە ماوەی ڕابردوودا دەنگی دایکێک ماڵی پڕکردبوو لە گەرمی و ئاسایش، منداڵانیش منداڵی خۆیان لە باوەشی خێزانەکەیان و بە چاودێری ئەودا دەژیا، کە ئەمەش کەسایەتی و بەهرەکانیان بونیاد دەنا، بەڵام ئەمڕۆ تەکنەلۆژیا و مۆبایلە زیرەکەکان گۆڕانکارییەکی گەورەیان هێناوەتە ئاراوە، منداڵان چەندین کاتژمێری دوور و درێژ بە جیابوونەوە لە خێزانەکانیان بەسەر دەبەن، لەناو جیهانە مەجازییەکاندا کە پەیوەندی ڕاستەقینەی تێدا نییە، وتی: ئەم دابڕانە حاڵەتەکانی گۆشەگیری و تێکچوونی دەروونی وەک ئۆتیزم و دڵەڕاوکێی زیادکردووە، هەروەها ڕێگری لە گەشەکردنی لێهاتووی و بەهرەی منداڵان دروستکردووە، بۆیە دەبێت منداڵان بگەڕێندرێنەوە ناو گەرمی خێزان و بۆ ئاڕاستەکردنی پەیوەندیکردن بۆ دروستکردنی نەوەیەکی بەهێز و هاوسەنگ.

 

سەلیمە محەمەد عەلی، بەڕێوەبەری لیژنەی ئاشتەوای لە قامیشلۆ، لە کۆتایی قسەکانیدا، جەختی لەوە کردەوە، کە پاراستنی میراس و بەهاکانمان تەنها ئەرکێک نییە بەرامبەر بە ڕابردوو، بەڵکو وەبەرهێنانێکی ڕاستەقینەیە لە داهاتووی منداڵ و نەوەکانماندا، پێویستە ماڵەکە بگەڕێنینەوە شوێنی ڕاستەقینەی خۆی وەک پەناگەیەکی گەرم و خۆشەویستی، وە بۆ ئەوەی منداڵەکانمان فێر بکەین کە چۆن لەناو ڕەوتی خێرای گۆڕانکاریدا بە ناسنامەکەیانەوە بچەسپێن، نەوەی پێشوو بەرگەی چەندین سەختی و ئاڵەنگاری گرت، بەڵام توانیان کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو بونیاد بنێن کە بە بەها و نەریتەکانەوە لێبدات، ئەمڕۆش پێویستمان بە هەمان ڕۆح و ئیرادە هەیە بۆ پاراستنی ئەوەی کە بە میراسمان وەرگرتووە.