بەشداری زۆری هاوڵاتیان فێستیڤاڵی هەنگەوانانی درێژ کردەوە

ماوەی ٤ ڕۆژە فێستیڤاڵی تایبەت بە هەنگوین لە شاری سلێمانی کراوەتەوە، هاوڵاتیان پێشوازییەکی باشیان کردووە هەر بۆیە بڕیارە فێستیڤاڵەکە درێژبکرێتەوە بۆ بەیانشی، تێیدا ٢١ کەس بەشداریان کردووە و هەنگوینی سروشتیان نمایش کرد.

سلێمانی

 

لە کارگەی جگەرەکەی شاری سلێمانی کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان، شەشەمین فێستیڤاڵی هەنگەوانانی بە دروشمی "هەنگ و هەنگوین چارەسەرن" کردەوە، کە ساڵانە فێستیڤاڵەکە بەڕێوەدەچێت.

 

فێستیڤاڵەکە لە بەرواری ١٤ی تشرینی یەکەم کرایەوە و بڕیاربوو تا ئەمڕۆ، ١٧ی تشرینی یەکەم بەردەوام بێت، بەڵام بەهۆی زۆری سەردانیکردنی هاوڵاتیانەوە بۆ سبەی ١٨ی مانگ درێژکرایەوە.

 

بەپێی وتەی سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان، ٢١ کەس بەشداریان لە فێستیڤاڵەکەدا کردووە، کە ٥ ژن و ١٦ پیاون، مەرجی سەرەکی بەشداریش بریتییە لە سروشتی بوونی هەنگوینەکە کە دەبێت هەنگوینەکەیان هی شاخ بێت و سروشتی بێت.

 

ئامانجی فێستیڤاڵەکە، ناساندنی کلتور و بەرهەمی خۆماڵییە

شانیا شەیدا بەشداربوویەکە و لەوبارەیەوە وتی: "کردنەوەی فێستیڤاڵی لەم شێوەیە سود بە هاوڵاتیان دەگەیەنێت، چونکە ئەو هەنگوینانەی پێشکەش بە کڕیارانی دەکەین سروشتین، ئامانجی ئەم فێستیڤاڵەش نیشاندان و بەرەوپێشبردنی کلتور و بەرهەمی خۆماڵییە".

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی "گرنگ نییە دەوڵەت نین گرنگ ئەوەیە بەرهەمەکانمان خۆماڵین، هاوڵاتیان دەتوانن سودی لێوەربگرن بۆ هەر مەبەستێک کە بیانەوێت، ئەوەی جێگای دڵخۆشییە هاوڵاتیان بە شێوەیەکی گەرم و گوڕ سەردانی فێستیڤاڵی لەم جۆرە دەکەن و گرنگی بە بەرهەمی خۆماڵی دەدەن".

 

لە فێستیڤاڵەکە جگە لە هەنگوین ژنان بە دروستکردنی خواردنی کوردەواری بەشداربوون لە پێناو جوانکردنی دیمەنی فێستیڤاڵەکە و خزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتیان.

 

دابان ئیسماعیل، خوێندکاری پۆلی ١٢ی ئامادەییە لەگەڵ خوشکەکەی یەکێک بوون لەو ژنانەی بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداریان کردبوو، بە دروستکردنی خواردنی کوردەواری وەک کەلانە و ناوساجی.

 

دابان ئاماژە بەوەدا هەر فێستیڤاڵێکی پایزی یاخود وەرزەکانی دیکە ئەنجام بدرێت بەشداری تێدا دەکەن لە پێناو خزمەتکردن بە هاوڵاتیان و جوانکردنی زیاتری فێستیڤاڵەکە، دەشڵێت "داواکارین لەو ژنانەی توانا و بەهرەیەکیان هەیە بە فیڕۆی نەدەن بەڵکو پەرەی پێبدەن، ئەگەر دەرفەتێکیشیان بۆ نەگونجاوە دەتوانن لە ڕێگەی ئەم جۆرە فێستیڤاڵانەوە نیشانی میوانانی بدەن".

ت.پ