"بەرهەمی دەستی بۆ ئێمە واتای پاراستنی کولتوورە"

خەدیجە ساجر یەکێکە لەو ژنانەی کە کۆچبەرە لە کامپی واشۆکانی، لە منداڵییەوە کاری دەستی خۆشدەوێت و گەشەی پێداوە، سەرەڕای بارودۆخی سەختی کۆچ، بەردەوامە لە کارە دەستییەکانی.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە-لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، دەوڵەتی تورکیا سەرێکانی و گرێ سپی داگیرکرد و خەڵکەکەی ناچار کرد کۆچ بکەن، ماوەی ٥ ساڵە هەزاران هاوڵاتی سەرێکانی لە کامپی واشۆکانی بەرخۆدان دەکەن، بە تایبەتی ژنان لە ناو کامپەکەدا لە هەموو بارودۆخێکی سەختی ژیاندا دەژین و چارەسەر دروست دەکەن.

 

 خەدیجە ساجر یەکێکە لە کۆچبەرانی کامپی واشۆکانی، سەرەڕای ئازار و سەختییەکانی کۆچ و هەروەها پشتگوێخستنی ڕێکخراوە مرۆییەکان بۆ کامپی واشۆکانی، بە سووربوون و خۆشەویستی و کەمترین دەرفەت لە کامپەکەدا کاری دەستی زیندوو دەکاتەوە، خەدیجە خێمەکەی بە بەرهەمی دەستکرد ڕازاندۆتەوە و لە دەرەوەی چادرەکە چێژ لە چاندنی گوڵ دەبینێت.

 

خەدیجە ساجر وتی: کارە دەستییەکان ڕێگایەک نین بۆ ئابووری بەڵکو خۆشەویستییە بۆ کولتوور کە ئەرکی زیندووکردنەوەی هەیەو وتی: کاتێک لە سەرێکانی بووم، کاری کشتوکاڵیم دەکرد و بەرهەمی دەستکردم دروست دەکرد، هەروەها کاری دەستیم دروست دەکرد بۆ فرۆشتن و پەرەپێدانی کارەکەم، بەڵام ئەوە تەنها دەربارەی گەشەپێدانی ئابووری نییە، بەڵکو کولتوورێکە کە من وەک بەشێک لە بوونی خۆم دەیبینم، ناوەوەی چادرەکەم بە بەرهەمی دەستکرد ڕازێنراوەتەوە و لە دەرەوەی چادرەکە بە گوڵ جوانم کردووە.

 

"هەزاران ژن لەناو کامپەکەدا بەرخۆدان دەکەن"

خەدیجە ساجر جەختی لەوە کردەوە، ژنان لەگەڵ سووربوونی خۆیاندا خەبات دەکەن و وتی: دەمەوێت و حەزدەکەم هەموو ژنێک کاری دەستی ئەنجام بدات، چونکە پێموایە ئەمە شتێکی کولتوورییە و هەموو کەس ناتوانێت زیندووی بکاتەوە، ژنان زیاتر سەرنج دەخەنە سەر کولتووری فۆلکلۆر، لەبەر ئەوەی ژنان دەگەڕێنەوە بۆ واقیعی خۆیان کاتێک ئەم کارە دەکەن، ئەوان خاوەنی ئەم کارەن و بە دەستی خۆیان گەشەی پێدەدەن، چۆن ژنان تا ئێستا زۆر شتیان دروستکردووە، ئەمڕۆ هەزاران ژن لەناو کامپەکەدا بەرخۆدان دەکەن و داوای گەڕانەوە بۆ سەرێکانی دەکەن.

 

"ژنان لە هەر بارودۆخێکدا بن، چارەسەر و ژیان دروست دەکەن"

خەدیجە ساجر لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: کارە دەستییەکانم وەک هاوڕێیەک دەبینم کە هەمیشە دەتوانم پشتی پێببەستم، بۆیە داوا لە ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکەین کە یارمەتی زیندووکردنەوەی بەرهەمە دەستییەکان بدەن بۆ ئەوەی ژنان بتوانن پەرە بە کارەکانیان بدەن، پێویستە ڕێکخراوە مرۆییەکان پشتیوانی لە ژنان بکەن چونکە ژنان زۆرترین بەرخۆدان دەکەن و کار دەکەن و بەرگەی بارودۆخی ژیان دەگرن و بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن.