باسێک لە مێژوو، هۆنراوە و ئەو گۆرانیانەی تایبەت بە نەورۆز وتراوە

بۆ یادکردنەوەی جەژنی نەورۆز هونەرمەندان و شاعیران پێشوازییان لەو جەژنە نەتەوەییە بە بەرهەم و گۆرانییەکانیان کردووە، کۆڕ و دانیشتنی تایبەتی بۆ ڕێکخراوە و بە ئاهەنگ گێڕان نەورۆزیان پیرۆز کردووە.

 
شنیار بایز
سلێمانی- دەستپێکی وەرزی بەهاری هەموو ساڵێک بە دەستپێکی ساڵی نوێی کوردی دەناسرێت، لە دوای کۆتای هاتنی وەرزی سەرما و سپی بوونی زەوی، وەرزی بەهار و دەستپێکی ساڵێکی نوێی کوردی دەستپێدەکات، نەورۆز ئەو جەژنەیە کە بە کۆنترین جەژنی مرۆڤ دادەنرێت بە پێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کۆنترین مرۆڤەکان کە لە ئەشکەوتەکاندا ژیاون یەکەم ڕۆژی بەهاریان کردووە بە جەژن، بەو پێیەی لە سەردەمی ژیانی مرۆڤەکان لە ئەشکەوتەکاندا نەورۆز هەبووە مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە.
 
بۆ گەلی کورد، نەورۆز وەک نەتەوەیەکی خۆرھەڵاتی لە باشووری خۆرئاوای کیشوەری ئاسیا، دەوڵەتی ماد بەکۆنترین ئاماژە بۆ سەرەتایی دەرکەوتنی جەژنی نەورۆز دادەنرێت، ئەوەش بەوەی ئەو دەوڵەتە بە نزیکترین دەوڵەت دادەنرێت لە مێژووی کۆندا کە ڕەگەزی کورد تێیدا دەرکەوتبێت.
 
نەورۆز بە مانای چی دێت؟
نەورۆز بەمانای ڕۆژێکی نوێ و دەستپێکردنی ژیانێکی تازە دێت، گەلانی ئاری نەژاد وەک یەک گرنگی بەم بۆنەیە دەدەن، بەو پێیەی سەرھەڵدانی جەژنی نەورۆز کەوتووەتە ئەو شوێنە جوگرافییەی کە لە خۆرھەڵاتی ئەوروپاوە دەست پێدەکات بۆ باشوری ئاسیا. ھەر یەک لە ناوچەکانی جێنشینی ئێستای کوردستان، ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەفغانستان، ھیندستان، پاکستان... دەگرێتەوە. بۆیە ساڵانەش ھەر یەک لەو ناوچانە بە شێوەی جیاواز ڕێوڕەسمی نەورۆز دەکەنەوە.
شکور مستەفا لە دەفتەری کوردەواری دا دەڵێت "ئاریایی نەژادەکان حەوت جەژنی سەرەکییان ھەبووە وەک نەورۆز، میھرەگان، سەدە، تیرەگان، پەروەردگان و کۆسە". نەورۆز و میھرەگان پیرۆزترین جەژنیان بووە.
 
ڕێکخراوە جیهانیە کان نەورۆزیان وەک  چی ناساندووە!
ساڵانە ژمارەی ئەو کەسانەی بۆ ئەم جەژنە ئاهەنگ دەگێڕن ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن کەس و لە ساڵی ٢٠٠٩ لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک بەشێک لە کلتوری جیهانی تۆمار کراوە، هەروەها لە بەرواری٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ لەلایەن رێکخراوی یۆنسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان جەژنی نەورۆز بە فەرمی وەک کۆنترین جەژن ناسێندرا.
 
چەندین هۆنەر هۆنراوەی جیاجیایان بۆ نەورۆز نوسیوە
تایبەت بە نەورۆز ٢٤ هۆنراوە لەلایەن هۆنەرە جیاجیاکانەوە نوسراوە و ژنانیش بەشێک بوون لەو هۆنەرانە هەروەک "ژیلا حوسەینی" دەڵێت:
وا نەورۆز دێ و شاخ، دارستان دائەسپارێ
کانی و رووبار وەک ساڵی پار
گوڵاڵەکان بکەن بە ‌ئەڵقەو ملوانک بۆ مل کۆسار
زۆر بەپڕتاو نامەی دڵداری ئەنێرێ بۆلای ھەتاو
دەستی بەسەرخاکدا دێنێ
بە ھێمنی ئەیدوێنێ
 
هەروەها هۆنەرانی پیاوی وەک پیرەمێرد، هەژار، مەولەوی، سەید کامیل ئیمامی، گۆران، نالی،دڵدار، حاجی قادری کۆیی، و چەندانی دیکە هۆنراوەیان بۆ نەورۆز وتووە، یەکێک لەوانە هۆنراوەکەی پیرەمێردە کە لە دواتردا چەندین جار لەسەر زاری ژنان و هونەرمەندانەوە وتراوەتەوە:
ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە ھاتەوە
جەژنێکی کۆنی کوردە بە خۆشی و بە ھاتەوە
چەند ساڵ گوڵی هیوای ئێمه پێ پەست بوو تاکو پار
هەر خوێنی لاوەکان بوو گوڵی ئاڵی نەوبەهار
ئەو ڕەنگه سووره بوو که لە ئاسۆی بڵندی کورد
مژدەی بەیانی بۆ گەلی دوور و نزیک ئەبرد
نەورۆز بوو ئاگرێکی وەهای خسته جەرگەوه
لاوان بە عەشق ئەچوون بە بەرەو پیرەی مەرگەوه
ئەوا ڕۆژهەڵات, لە بەندەنی بەرزی وڵاتەوه
خوێنی شەهیدە ڕەنگی شەفەق شەوق ئەداتەوه
تا ئێستا ڕووی نەداوه لە تەریخی میللەتا
قەڵغانی گوللە سنگی کچان بێ لە هەڵمەتا
پێی ناوێ بۆ شەهیدی وەتەن شیوەن و گرین
نامرن ئەوانه وا له دڵی میللەتا ئەژین
 
هۆنراوەکەی هەژار موکریانیش کراوە بە سرود و چەندین جار وتراوەتەوە
مزگێنیی دا بە سروە بای بەهاری
وا هاتەوە نەورۆزی کوردەواری
بە تیشک تێک شکا سپای کڕێوە
هاواری ڕۆژ گەیشتە خاکەلێوە
فرمان درا بە سەوزە سەر هەڵێنێ
چیدی لە بەندی خاکی ڕەش نەمێنێ
با دەرکەون کڵۆکە سەر بنێژێ
با ڕۆژی ڕزگاری بکەین بە جێژنێ
شەماڵ گەواڵ گەواڵ هەور بنێرێ
ئاهەنگ و بەزمی جێژنی پێ بسپێرێ
 
لەلایەن هونەرمەندانەوە ئەم هۆنراوانە کراون بە گۆرانی
ژنان بێبەش نەبوون لەم لایەنە و تایبەت بە جەژنی نەورۆز هۆنراوە دەنوسن و گۆرانی دەڵێن وەک هونەرمەند شەهیربانە کوردی لە ساڵی ٢٠٠٥ لە ئەلبوومی ئەوینا سترانان گۆرانی تایبەت بە نەورۆز دەچڕێت.
 
هەروەها مریەم ئیبراهیم پوور لە ساڵی ٢٠١٧ گۆرانی تایبەت بە نەورۆز بە ناوی "ئیمساڵ نەورۆز ناکەم" بڵاودەکاتەوە. جگە لەوەی بە شێوازی کۆرس ژنان چەندین سرودیان وتووە.
 
ت.پ